خۆڕاگری

505

(5)

سه‌لام عه‌بدوڵڵا
یەكێك لەو دروشمە گرنگانەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان خۆڕاگیرییە، هەرێمەكەمان، گومانی تێدا نییە، كە ناحەز و دوژمنی دەرەكی و ناوخۆیی زۆری هەیە، بۆیە لە رۆژی دروستبوونی ئەم هەرێمەوە بەردەوام لە بەرگریدا بووە، چونكە ئەو ڕاستییە دەزانێ كە ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێكۆشانی دڵسۆزانی بووه‌ كە هەمیشە بۆ قوربانی دان ئامادە و گیان لەسەر دەست بووە، ئێمە كورد لە دژایەتی دەوروبەر تێدەگەین، بەڵام ئەم دژایەتییەی ناوخۆ جێی پرسیارو ڕامانە چونكە رۆژانە ئەم دیاردە قێزەونە دەبینین كە هیچ پاساوێكی بۆ نییە و تەنیا خزمەت بە ناحەزانی هەرێم لە ناوەوه‌و لە دەرەوە دەكات.

هەمووان لەم چەندین خولەی پەرلەمانی هەرێم ڕۆژانە لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا، كە بڕیار بوو بۆ یاسادانان و چارەسەری كێشەكانی هاووڵاتیان و بۆ چاودێری حكوومەت تەرخان بكرێ، ئەوەمان دەبینی كە لایەنێك یان چەند لایەنێك كاروچالاكییان تەنیا دژایەتی حكومەت بوو، ئەوەشیان بە سەركەوتن دەزانی كە دژی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێم بووەستن و جەماوەری لێ هانبدەن كە بڕژێنە سەر شەقام و فەرمانبەرانیش بایكۆتی دەوام بكەن.

هەموو بایكۆتی مامۆستایانی دەڤەری سلێمانیمان بینی كە چەند زیانی بە قوتابیانی ئەو دەڤەرەدا و خه‌ریكبوو ساڵێك خوێندنی قوتابیان به‌فیڕۆ بدات، ئەو لایەنانە هەمیشە جەماوەریان بۆ دژایەتی حكومەتەكەمان هاندەدا و لە هەموو گرفتێكیشدا لەگەڵ بەغدا هاوڕاو لایەنگری بەغدا و دژایەتی هەرێمیان دەكرد، هەموو ئەو ڕاستیەشمان بە چاوی خۆمان دەبینی كە تەنیا تیمی ئێمەی نێو په‌رله‌مان هەڵوێستی ئەرێنی و نیشتماندۆستی دەنوان و پشتیوانی لە حكوومەت و هه‌وڵه‌كانی دەكرد.

جا وەنەبێت پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌مانه‌ی ئێره‌ باشتربووبن، بە داخەوە زۆربەیان لە بری داكۆكی لە هەرێمەكەمان و پشتیوانی حكومەت كە خۆیان بەشدار بوون تێیدا، هەڵویستی چەوت و نا كوردانەیان ده‌نواندو ئەوانەمان دەبینی كە چۆن دژایەیتی هەرێم دەكەن و ڕێنمایی خراپی حكوومەتی بەغدا دەكەن كە هەڵوێستی توند و نادۆستانە بەرامبەر هەرێم وەربگرێ.

بۆ نموونە رێنماییان بۆ بودجە و مووچە بڕین بۆ حكوومه‌ت ده‌كردو پێشنیاری ئەو زاتانەبوو كە به‌ حساب نێردراون بۆ بەغدا كە داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی هەرێم بكەن و دەستكەوت بۆ گەلەكەیان لەو ئەنجوومەنه‌ بە دەست بێنن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌بوو ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پۆستی باڵاو نیوه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و ته‌نانه‌ت جێگری سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش له‌خۆیان بوو.

بەڵام حكوومەت كە پاریتمان سەرۆكایەتی دەكرد، زۆر خۆڕاگرانە بەرامبەریان وەستا و نەیهێشت له‌و هه‌وڵه‌ سه‌قه‌ته‌یان سەركەوتووبن، پارتیمان شانازی به‌و خۆڕاگرییە مێژووییەوە دەكات و بەردەوامیش به‌رز ده‌ینرخێنێت، بۆیە ئێستا خۆراگری سیمای هه‌ره‌ دیاری پارتیمانه‌، هاووڵاتی ئازیز.. بۆ بەردەوامی خۆڕاگری و داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی هەرێم و پەرلەمانێكی كارا و سەركەوتوو دەنگ بە لیستی (190) پارتیمان بدە.