
ئەمڕۆ سێشەممە 1/10/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی پشتیوانیکردن و سەرخستنی لیستی 190ی پارتی، لە شاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی لە سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “پارتی ئەوە حزبە بووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبووە کە دان بەوە دابنرێت بستێک خاکی کوردستان جیا بکرێتەوە، هاوکات ئامادەبوو شۆڕشێکی لەسەر ئەو پرسە دابنێت.”
ئاماژەشی بەوە دا: “ئەجێندای پارتی هەمیشە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە، پارتی شانازی بەوە دەکات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەکردووە، پارتی هەمیشە خۆی کردووەتەوە قوربانی نەتەوە و خەڵکی کوردستان.”
گوتیشی: “پارتی ئەو پارتییە بوو کە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی نیشانی هەموو جیهانی دا ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکە کە هەرگیز ناشکێت و بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، ڕێفراندۆمیش بە دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستان سەرکەوت، ئەمەش شانازییەکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە.”
جێگری سەرۆکی پارتی راشی گەیاند: “زۆر کەس و لایەن هەبوون لەگەڵ پارتی بوون و چاوەڕێی دەستکەوتی زیاتر بوون، بۆیە شان بە شانی پارتی بەشدارییان لە ڕیفراندۆم کرد و دەنگیشیان دا، بەڵام دواتر هەڵویستی جیاوازیان وەرگرت، بەڵام ئەو کەس و لایەنانە بەو شکشتە سایکۆلۆجییەی کە تووشی بوون، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ڕیفراندۆم کرد.”
ئەوەشی خستە روو: “ڕیفراندۆم کەمترین مافی هاووڵاتیەک بوو بۆ ئەوەی باس بکات بڵێت من چیم دەوێت، هەوڵێکی زۆر درا ئیرادەی گەلی کورد بشکێندرێت، بەڵام پارتی نەیهێشت ئەو ئیرادەیە بشکێندرێت و ڕیفراندۆمی سەرخست.”
گوتیشی: “کاتێک کە هێرشی دڕندانەی تیرۆستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هات، بوون بە مەترسییەکی جیددی لەسەر ئاشتی و ئاشتەویی هەموو جیهان، پێشمەرگە و سەرکردایەتی پارتی پێش هەموو لایەنێک لە سەنگەری بەرگریدا بوون، پارتی ئەو لایەنەیە کە هەمیشە شەڕ بۆ ئاشتی دەکات.”
مەسرور بارزانی روونیشی کردەوە: “هەموو دروشمەکانی پارتی ئومێد بەخشە، داوای ئارامی دەکەین ئێمە نامانەوێت وڵاتی ئێمە گرژی تێبکەوێت، نامانەوێت بەشێک بین لە گرژی، نامانەوێت کێشەکان بە توندوتیژی و زمانی زبر چارەسەر بکەین، نامانەوێت بە تەهدید خەڵک لە ئێمە بترسێت، نامانەوێت ترساندن و تۆقاندن لە هیچ شوێنێکی کوردستان و لە هیچ شارێکی کوردستان بەردەوام بێت، نامانەوێت کەس بتوانێت بچێت سەرانە لە خەڵک بستێنێت یان چاوی لێ سۆر بکاتەوە، یان ئەگەر هاوڕا نەبوو لەگەڵ بیروبۆچونەکانیدا نەبوو ئیتر تیرۆر بکرێت، پارتی داوای ئارامی دەکات، چونکە پێی وایە هەموو خەڵکی کوردستان مستەحەقی ئەوەیە لە ژیانێکی ئارام و سەقامگیردا بژیت.”
راشی گەیاند: “پارتی بەرنامەی هەبووە بۆ ئەوەی کارەبا بکرێتە 24 کاتژمێری و کێشەی ئاو نەمێنێت بەڵام رێگری هەبووە لە نەناردنی بودجە لە دەستی ناوخۆ لە هەڕەشە دەرەکییەکان، بەهەموو شێوەیەک رێگری کراوە کە ئەجێنداکانی حکوومەت و پارتی بە تایبەتی داینابوو جێبەجێیان بکات نەیانهێشتووە لە کاتی خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام وانیە شت نەکرابێت زۆر شت کراوە و لەماوەیەکی نزیک ئیشاڵا ئەنجامەکانی بەدەر دەکەوێت.”