
خەبات- دانا بۆتانی:
مامۆستا عیمادەدین فائز عەبدوڵڵا ناسراو بە مەلا عیمادەدین فائز، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شێخی چۆلی لە هەولێر، لە هەمان کاتدا دەرچووی کۆلیژی شەریعەیە و بە ژمارە 48 بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە لە لیستی ژمارە 190، لیستی خۆڕاگری و ئاوەدانكردنەوە.
مەلا عیمادەدین فائز دەرچووی بەشی دیراساتی ئیسلامیییە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان و هەروەها ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی زانایانی کوردستانە.
مەلا عیمادەدین فائز بەربژێری ژمارە 48 لە لیستی ژمارە 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: خودای گەورە هەمیشە ئیمانداری بەهێزی خۆشدەوێت، منیش پێموایە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزترین لیستەو لە هەمان کاتیشدا ئەمینترینە، بۆیە هەمیشە ئایینپەروەریی و کوردپەروەریی ڕێبازی پارتی بووە و لە بەرنامەی كاری لیستەكەشمان بەڕوونی ئەوە باسكراوە و مەبەستمانە خزمەتی تەواو بە خەڵكی كوردستان و تەواوی ئایین و ئایینزاكانی دیكەش بكەین.
ئەو كاندیدەی لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: هەرێمی كوردستان پێویستی بە حوكمڕانییەكی بەهێز هەیە، پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان هەوڵی سەرخستنی لیستی ژمارە 190ـی پارتی بدەن بۆ ئەوەی هەرێمەكەمان لە هەموو مەترسییەكی دەرەكی پارێزراو بێت و ئارامیی و خۆشگوزەرانی نیشتیمانەكەمان داگیر بكات، ئەوەش تەنیا بە پارتی دەكرێت و پارتی تاكە هێزی سەرتاسەریی هەرێمی كوردستانە كە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا كار بۆ بەهێزكردن و پاراستنی هەرێمەكەمان دەكات.
مەلا عیمادەدین فائز بەربژێری ژمارە 48 لە لیستی ژمارە 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بە ڕۆژنامەی خەباتی گوت: ئەو دروشمانەی من دەمەوێت لە پەرلەمان كاریان بۆ بكەم، یەک دەگرێتەوە لەگەڵ بەرنامەکانی لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستاش من کاندیدم بە ژمارەی 48 لە لیستی190 و ئامانجم ئەوەیە كە دەنگدەرانی كوردستان دەنگم پێ بدەن و كار بۆ درووشمەکانی لیستەكەمان بكەم، زیاتریش دەمەوێت كار بۆ پاراستنی ئایین و نەتەوە، پاراستنی خێزان و بەها كۆمەڵایەتییەکان، زیندووهێشتنەوە شکۆی خێزان و کەمکردنەوە و بنبڕكردنی رێژەی جیابوونەوە بکەم، بۆیە دەنگدان بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمانای دەنگدان دێت بە ئارامیی و خۆڕاگریی و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان.