وەزیری نەوتی عێراق، هەفتەی داهاتوو دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریكا، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. وەزارەتەكەش دەڵێت، مەبەستی سەرەكیی گفتوگۆیە لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت، سەرۆكایەتیی شاندی عێراق دەكات بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی– ئەمەریكی، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری وزە و ژمارەیەك بەرپرس و بەڕێوەبەری ئەمەریكی كۆ دەبنەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، حەیان عەبدولغەنی لە میانی سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا، لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكاندا باس لە هاوبەشی و هاوكاری لە نێوان عێراق و ئەمەریكادا بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوت، وزە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و وەبەرهێنان دەكات.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی سەردانەكەی هەفتەی داهاتووی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێت، “سەردانەكە بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمە و شاندەكەش لە چەند شارەزایەك پێكدێن، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی گرێبەست و هەناردەی نەوتی هەرێم دەكەن.
سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، لە رۆژانی رابردوودا هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراق، لە هەولێر كۆبوونەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەش، ئەرێنی بووە و لەبارەی مووچە و چەند كێشەیەكی تر گەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
بەگوتەی چەند میدیایەكی عێراقی، پێشبینی دەكرێت ئەم سەردانە ببێتە هۆكاری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، چونكە هەفتەی پێشوو چەند كۆنگرێسمانێكی ئەمەریكی، لە نامەیەكیاندا بۆ سەرۆكی وڵاتەكەیان، باسیان لە پێویستیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان كردبوو، داوایان كردبوو ئەمەریكا فشار بخاتە سەر عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی نەوتی كوردستان.