وتەبیژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی ئاو بۆ شاری هەولێر دادەنێت و بەوەش كێشەی ئاو لە هەولێر بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
ئەمشەو 7ی 9ی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، كە “سبەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی ئاو بۆ شاری هەولێر دادەنێت، کە لە ماوەیەکی کەم و بەیەکجاری کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر چارەسەر دەبێت.”
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە: “سەرۆکوەزیران بیرۆکەی وایە حکوومەت پڕۆژەی ستراتیژی پەرە پێبدات نەک ئەو پڕۆژانەی چارەسەری کاتین.”
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی خستووەتە ڕوو و ڕاشیگەیاندووە: “ئەم پڕۆژەیە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەکانی ئیفراز نییە و لە زێی گەورەوە ئاو دەگەیێنرێتە هەولێر و لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی خۆماڵی کارەکە جێبەجێ دەکرێت، وەک پڕۆژەیەکی خێرای فریاگوزاری و دوای تەواوبونی ، بڕی ئەو ئاوەی دەگاتە ناو هەولێر زیاترە لە هێندەو نیوی هەموو ئەو ئاوەی کە ئێستا بۆ خواردنەوەی هاونیشتمانیانی شارەکە دابین دەکرێت.”