ئاهورا کوردستانی
لە مێژووی ڕەخنەی ئەدەبیدا بەزۆری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ تێکستی ئەدەبی دەکرێت، واتە دەقێکی ڕەخنەیی لەبارەی دەقێکی ئەدەبی دەنووسرێت، بەڵام لە حاڵەتێکی جیاوازدا ئێمە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەقێک یان کتێبێکی ڕەخنەیی دەکەین کە کتێبی (ئەدەبی زیندان)ی خاتوو (پەری عومەر خەیلانی)یە، کە بریتییە لە توێژینەوەیەکی پڕ و قووڵی کۆ ڕۆمانی (بووژانەوەی ژیلەمۆ)ی (سەلام عەبدوڵڵا). خاتوو پەری بە نووسینی ئەم کتێبە ئاوڕی لە جۆرە ئەدەبێکی زۆر قووڵ و مانادار دایەوە کە پێشتر لە پەراوێزدا بوو، دەروازەیەکی فراوانی بەڕووی توێژەرانی ئەو بوارەدا کردەوە و گرنگی و بەهای ڕاستەقینەی ئەم جۆرە ئەدەبەی خستەڕوو.
ڕەخنەی ئەدەبی بریتییە لە ناسین و زانینی بەها و نرخی تێکستی ئەدەبی، لەم ڕووەوە ڕەخنەگری ئینگلیز (ماتیۆ ئارنۆڵد) پێی وایە ڕەخنەی ئەدەبی جگە لە دەرخستنی لایەنی چاک و خراپی بەرهەمی ئەدەبی، ئەرکێکی دیکەشی هەیە، ئەویش وردبوونەوە و دۆزینەوەی ئەو یاسا و دەستوورانەیە کە وایانکردووە ئەم بەرهەمە بە پەسەند یان نا پەسەند دابنرێت. واتە ڕەخنەگر جگە لە دۆزینەوەی بنەماکانی ئیستاتیکا و جوانی لە دەقە ئەدەبییەکاندا، بە زیرەکی و جیهانبینی خۆی هەوڵی دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەش دەدات کە وایانکردووە دەقەکە لەو ئاستەدا بێت، هاوکات کەموکوڕییەکانی دەقەکەش بەشێوەیەکی زانستی و دوور لە ڕوانینی تاکەکەسی و تایبەتی دەخاتەڕوو.
ئەگەر بپرسین پێویستە ڕەخنەگری ئەدەبی چ تایبەتمەندییەکی هەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین: ڕەخنەگر پێویستی بە شارەزایی و سەلیقەیەکی هونەری بەرز و مەعریفە و خوێندەوارییەکی فراوان و سەبر و پشوودرێژی هەیە، لەم ڕووەوە بێ سێ و دوو دەتوانین بڵێین نووسەری کتێبی ڕەخنەیی (ئەدەبی زیندان) ڕەخنەگرێکە کە بە تەواوی ئەم شەرت و مەرجانەی تێدایە. ئەم کتێبە لە سێ بەش پێکهاتووە کە بەشی (تیۆری ، پراکتیکی، مەیدانی)ن، لە هەرسێ بەشەکەدا توانای باش و لێهاتووی لە بواری ڕەخنە بە ڕوونی دەرکەوتووە، بە درێژایی خوێندنەوەی کتێبەکە بەر چەندین سەرنج و لێکدانەوە و ڕەخنەی ورد و ئەکادیمی دەکەوین، کە سەرجەمییان لە جێی خۆیاندان، ئێمە پێمان وایە گەر پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە ئەم تێبینییانە بخرانایە بەردەستی نووسەر ئەوا بێگومان کۆ ڕۆمانی (بووژانەوەی ژیلەمۆ) زۆر لەو ئاستە پێشکەوتوو و بەرزەی ئێستا لە پێشتر دەبوو.
خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە لەم کتێبەدا بەدیدەکرێت، ئەوەیە کە نووسەر هەوڵیداوە لە هەموو گۆشەیەکی جیاوازەوە لە دەقە ئەدەبییەکە بڕوانێت، ئەوەی لەبیرنەکردووە کە ناوونیشانی ڕۆمان کلیلی دەروازە پڕ نهێنییەکەی دەقە و لەوێوە خوێنەر گەشتەکەی بە جیهانی دەقدا دەستپێدەکات، بۆیە دەستپێکی سەرنج و ڕەخنەکان لە ناونیشانی کۆڕۆمانەکە و لە پەرەگرافی یەکەمەوە دەستپێدەکەن، پاشان لە چەندین وردەکاری و تەکنیکی بەکارهاتووی جیاواز لەناو کۆڕۆمانەکە دەدوێت کە بوونەتە خاڵی بەهێزی دەقەکە، لەپاڵ ڕەگەزە سەرەکییەکانی (کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن) نووسەر گرنگییەکی تایبەتیشی بە تەکنیکی (وەسف) و گرنگی ئەم ڕەگەزە لە ڕۆمانەکە داوە.
ڕەخنەگری فەڕەنسی (ڕۆلان بارت) بە داهێنەری چەمکی (مەرگی نووسەر) دادەنرێت، دیارە مەبەست لەم چەمکەی بارت بریتییە لەوەی کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ و دابڕاو لە ژیان و تایبەتمەندییە کەسییەکانی نووسەر، لە ڕوانگەی بنەماکانی ڕەخنە و دۆزینەوەی بەهای ئیستاتیکی دەقەکە لە ڕێی بونیادی زمانەوە لەدەق بڕوانین، ئێمە دەڵێین ئەم تێزە گەر بۆ هەموو ژانرەکانی ئەدەب ڕاستبێت بۆ ئەدەبی زیندان و بە تایبەت بۆ ئەو چیرۆک و ڕۆمانانەی کە دەچنە خانەی ئەدەبی زیندانەوە ڕاست نییە، چونکە ئەم جۆرە ئەدەبە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانی و زیندووی نووسەر بە زیندانەوە لەدایکدەبێت، لە زۆربەی دەقی گێڕانەوەدا نووسەر بۆ چنین ڕێکخستنی گێڕانەوەکەی پشت بە یادەوەری و ڕابردووی خۆی دەبەستێت، خۆی فیگەری سەرەکییە و بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانەی لەدەقەکەدا دەیانگێڕێتەوە خۆی لەناویاندا ژیاوە یان بەسەر خۆی هاتوون، کەواتە ناتوانین ئەم جۆرە دەقانە لە نووسەرەکانیان داببڕین، بۆیە نووسەری کتێبی (ئەدەبی زیندان) زیرەکانە باڵانس و هاوسەنگییەکی باش لەنێوان دەق و نووسەر و دەوروبەردا ڕاگرتووە، هەم گرنگی بە دەق دەدات و هەم بەو پەیوەندییە کە لە نێوان دەقەکە و نووسەرەکەی و کارەکتەرانی دەقەکەدا هەیە.
کۆ ڕۆمانی (بووژانەوەی ژیلەمۆ) وەک تێمای سەرەکی کار لەسەر زیندان و هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە زیندان و کاریگەری زیندان لەسەر مرۆڤ دەکات، لەم بارەیەوە نووسەری کتێبی (ئەدەبی زیندان) هەوڵیداوە لە ڕێی چەند بابەتێکەوە تێگەیشتن و زانیارییەکی باش لەبارەی زیندان و پەیوەندی بە ئەدەبەوە و ئەدەبی زیندان بخاتەڕوو، ئەمەش بە پشت بەستن بە ڕوانگەی زانستەکانی (دەروونناسی و کۆمەڵناسی) لە ڕێی چەند ناونیشانێکی وەک (زیندان، ئەدەبی زیندان) پرسەکەی ڕوونکردووەتەوە و پێش زەمینەیەکی تیۆری بۆ خوێنەر درووستدەکات، تاکو باشتر لە کتێبە ڕەخنەییەکە و لە دەقی ڕۆمانەکەش تێبگات، باشتر و قووڵتر لە چەمکی ئەدەبی زیندان و ئەو دەقانەش تێبگات کە بە ئەدەبی زیندان دادەنرێن.
لەم توێژینەوەیەدا ڕێباز و میتۆدێکی دیاریکراو و تەنیا نەگیراوەتەبەر، بەڵکو بە فرە میتۆدی توێژینەوەکە ئەنجامدراوە، ئەمەش هەنگاوێکی نوێ و تایبەتمەندییەکی جوان و خاڵێکی بەهێزی ئەم کتێبەیە، واتە لێکدانەوەی دەق لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە و بە چەند تەکنیکێکی جیاواز، جگە لە میتۆدە ئەدەبییەکان هەست بە جیهانبینی و خەیاڵێکی کوردی پەتی دەکەین لەلای نووسەری ئەم دەقە، وەک ئەوەی نووسەر پەی بەوە بردبێت کە وەک چۆن کۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ تایبەتە بە ئازار و نەهامەتییەکانی کورد، ئاواش دەبێت بە ڕوانینێکی کوردانە لێی بکۆڵینەوە، تاکو کۆد و نهێنی و لایەنە شاراوەکانی دەربخەین، بە ڕای من گەر بێت و میتۆدێکی دیاریکراو بۆ خوێندنەوەی ئەم کۆ ڕۆمانە بەکاربهێنین ئەوا دەتوانی سوود لە میتۆدەکانی (دەروونی و کۆمەڵایەتی) وەربگرین، بەڵام خۆبەستنەوە بە میتۆدێکی دیاریکراو زیاتر تایبەتە بەو توێژینەوانەی کە لە چوارچێوەی ئەکادیمیا و زانکۆکاندا ئەنجام دەدرێن، توێژینەوەکانی دەرەوەی ئەکادیمیاکان سەربەخۆییەکی زیاتریان هەیە دەتوانن ڕێ و ڕێبازی نوێ تاقیبکەنەوە و تێیدا سەرکەوتووش بن، وەک نمونەی سەرکەوتوویی توێژینەوەی (ئەدەبی زیندان).
لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا زۆرجار سەرچاوە تیۆرییەکان تینوێتی توێژەر ناشکێنن، چەندین پرسیار دەمێننەوە کە توێژەری زیرەک ڕێگا و شێوازی نوێ بۆ دەستخستنی وەڵامەکانیان دەدۆزێتەوە، ئەم دۆخە لە کتێبی (ئەدەبی زیندان) ڕوویداوە، نووسەر بۆ وەڵامی پرسیارەکانی ڕێگەیەکی جیاوازی گرتووەتەبەر ئەویش گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ نووسەری دەقە ئەدەبییەکە و شۆڕ بوونەوەیە بۆ ناو ئەو واقیعەی کە نووسەر تێیدا ژیاوە و بووەتە ئیلهام و دەلیلی نووسینی دەقەکەی، پرسیارەکانی توێژەر بە جۆرێکن کە هەر دەڵێی کارەکتەری سەرەکی کۆ ڕۆمانەکەی لە شوێنێکدا بینیووە و دەیەوێت لە زاری خۆیەوە ڕاستییەکان ببیستێت و دیوەشاراوەکانی ڕووداو و پێشهاتەکانی بۆ باس بکات، ئەمەش ڕەهەندی سێیەمی توێژینەوەکەیە لە پاڵ ڕەهەندە تیۆری و پراکتیکییەکەدا، بووەتە خاڵی جیاواز و هۆی دەوڵەمەندی و بە پێزی توێژینەوەکە.