لەبارەی وانەبێژانەوە.. سەرۆكی حكوومەت بە بڕیارێك گرمەی دەهۆڵژەنەكانی كپكردەوە

147

ڕۆشنا عەلی
زیاتر لە 10 ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر كێشەی كەميی میلاك بۆ وانەگوتنەوە لە قوتابخانەكان، پشتی بە دامەزراندنی وانەبێژان بەستووە، هەرچەندە ئەمە كاریكی ناچاریی بووە، بەڵام چارەسەرێكی كاتییش بووە، ئەو بۆشاییەی پركردۆتەوە كە لە پۆلەكانی خوێندن هەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا لەسەرەتاوە وانەبێژان هیچ ماف و ئیمتیازێكیان نەبوو، بەڵام دۆخی هەرێمی كوردستانیش لە ئێستا باشتر نەبوو، بەڵكو زۆریش خراپتر بوو، هاوكاتیش توانرا قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی توانای دارایی حكوومەت لە كابینەی نۆیەمدا، ئاوڕ لە وانەبێژان بدرێتەوە.

سەرەتا بە پێدانی بەشێك لەو ماف و ئیمتیازاتانەی كە داواكاری وانەبێژان بوو، بۆیان فەراهەم كرا، بۆ نموونەش كرێی وانەبێژییان بۆ كرا بەبڕێك پارەی دیاریكراوی مانگانە، كە پێشتر بەرامبەر هەر وانەیەك بۆ خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس چوار هەزار دینار و بۆهەڵگری بڕوانامەی دبلۆم سێ هەزاردینار بوو، خۆ ئەگەر وانەبێژەكە ڕۆژێك نەخۆش بكەوتایە، ئەوا تەواوی كرێی وانەكانی ئەو رۆژەی بۆ هەژمار نەدەكرا، یان هەر دۆخێكی تری نەخوازراو ڕووی بدایە، دیسان تووشی كێشەی بڕینی كرێیەكەیان دەبوونەوە، دواتر وەزارەتی پەروەردە وانەبێژانی كرد بە نیمچە گرێبەستێك و بڕەپارەیەكی دیاریكراوی مانگانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ بۆ بڕینەوە، بەمەش مامۆستای وانەبێژ هەژماری وانەی لەسەر لابراو بڕیاری مۆڵەت و چەندین ئاسانكاری تری بۆ كرا.

سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی پەروەردەو خودی وەزیری پەروەردەش هەمیشە بەڵینیان پێدەدان و پشتیوانی وانەبێژانییان دەكرد، وەك دڵنیایی لەوەی ئەوان مافیان نافەوتێت، یەكێك لەوانەش بەداتاكردنیان بوو لەناو سیستەمی ئەلیكترۆنی پەروەردە، كە ئەوەیش یەكێك بوو لە بەڵگە بەهێزەكانی گرنگیدانیان بەوانەبێژان و هەژماركردنییان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەوەزارەتی پەروەردە، ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ماجەرای هەوڵە كردارییەكانی حكوومەت بوو بۆ وانەبێژان.

بابەتەكە لێرەدا ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاوی داخراو نەبووە لەبەردەم وانەبێژانداو هەمیشە وەك بەشێك لە پلانەكانی خۆی دایناوە، بەڵام دۆخی دارایی جگە لەوەی كراوە، بەرگەی زێدەتری نەگرتووە، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەیش پرسی وانەبێژان لەلایەن دەهۆڵژەنانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن و بەداخەوە بەشێك لە هاوبەش و بەشداربووانی ناو حكوومەتیش، وەبەرهێنانی سیاسی پێوە كراوە و لەماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، رەنگە پەرلەمانتارێك و حزبێك نەدۆزیتەوە قسەی لەسەر نەكردبێتن، هەر قسەكردنیش نا، بەڵكو تا ئەوپەڕی موزایەدەی سیاسی و بازرگانی بە مافەكانی ئەم توێژەوە كراوە.

كاتێك حكوومەت بە لێدوانی بەرپرسان و بەیاننامە دەیگوت، هەركات دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش بێت، هەوڵ و ماندووبوونی وانەبێژان لەبەرچاو دەگرین، دەیان كەناڵ و سۆشیاڵ میدیا و مزایەدەچی دەكەوتنە ڕەخنەی ڕوخێنەر و بێ ئومێدكردنی وانەبێژان، هەر ئەوەش وایكرد بەدەیان و سەدان وانەبێژ وازبهێنن و قوتابخانە چۆڵ بكەن، ئێستایش كە بریاری بەگرێبەستكردنیان دەرچووە و ناویان نەماوە و مافیان فەوتاوە، نە ئەو كەناڵانە و نە دەهۆڵژەنێكیش دەتوانن هیچیان بۆ بكەن و هەر ئەوانیش بەرپرسیارن لەو دۆخەی ئێستای ئەوانی تێكەوتوون كە ئومێد دەكەم هیوایەكیش بۆئەمان فەراهەم ببێت.

ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەم بڕیارەی كە 38 هەزار وانەبێژی كردە گرێبەست ودەنگی ئەو دەهۆڵەی بڕی و بەبێ هیچ هاشوهوشێكی میدیایی، بە هەمووانی گوت، كە حكوومەتی هەرێم لە هەمووان دڵسۆزترەو بۆ هەمووانەو پێویستی بە موزایەدە نییە.

بڕیارەكە هێندەی دڵی وانەبێژانی خۆشكرد، هێندەیش گەرموگوڕی خستەوە ناو پرۆسەی خوێندن و بەدڵنیاییەوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر ساڵی نوێی خوێندن دەبێت .ئەگەریش حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی دیكە ئاوڕ لە دۆخی ئەوانەیش بداتەوە كە ڕۆژانێك وانەبێژبوون و بەدوای گرمەی دەهۆڵژەنان كەوتن و دابڕاون، ئەوەیان دەستكەوتێكی دیكەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و هەوڵێكی دیكەی وەزارەتی پەروەردە دەبێت ،ئەوانەی خۆڕاگر بوون وبەرزو نزمی زۆریان بینی و كەمی داهاتی مانگانە ساردی نەكردنەوە لە خزمەت و قوتابییان بەجێنەهێشت و بەردەوام بوون بۆ پڕۆسەی خوێندن گەشتنە ئامانجی خۆیان وژمارەیان 38000 وانەبێژە كە كرانە گرێبەست ودووریش نییە لە ئایندەیەكی نزیكدا بكرێنە میلاكی هەمیشەیی، كە ئەوەیان ئامانجی حكوومەتە و ئەگەر نییە، بۆیە ئەمڕۆ یان سبەی هەربە ئەنجام دەگات.