سه‌ره‌تا وه‌رزش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە پاداشت كردنی یەكەمەكانی وەرزش

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە پاداشت كردنی یەكەمەكانی وەرزش

131
وەك پشتگیری و هاندانێك بۆ وەرزشی كوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی، بەو تیپ و پاڵەوانانەی كە لە ئاستی خول و پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، بڕیارەكەش لە 28-8-2024 دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
دوابەدوای نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە رێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ خەڵاتكردنی تیپ و یاریزانە پاڵەوانەكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسرور بارزانی رەزامەندی دا خەڵاتی دارایی پێشكەش بە وەرزشوان و تیپە سەركەوتووەكان بكرێت.
بە نووسراوی ژمارە 11582 لە رێكەوتی 28-8-2024 رەزامەندی لەسەر نووسراوەكە درا بە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کە ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كراوە.
لەمەودوا ئەو تیپ و یانە و پاڵەوانانەی لە سەر ئاستی خولەكانی ناوخۆ، خولەکانی عێراق، خولەکانی ئاسیا و جیهان ناسناو یان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست بهێنن، پاداشتی دارایی وەڕدەگرن، ئەمەش دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش بۆ جێگیركردنی ئەو پاداشتە بە شێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ وەرزشوانانی كوردستان و بەپێی ئەو ڕێنمایی و پۆلینەی كە بۆ یەکەم ودووەم وسێیەمەکان داندراوە. هاوكات لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوورییش كراوە و داواكراوە لە بەرواری دەرچوونی نووسراوەکە كاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.