سهرهتا وهرزش ڤیکتۆریا سترێندێڤا: هیوادارم شەتڕەنج لە وڵاتەكەمان ببێتە بەشێك لە پرۆگرامی خوێندن

خەبات- هاوار مورتكەیی:
ڤیکتۆریا سترێندێڤای Viktoria Strendeva تەمەن 18 ساڵ یەكێكە لە شەتڕەنجوانە لاوە دیارەكانی وڵاتی بولگاریا كە لەیانەی شەتڕەنجی بلاگۆڤگرادی بولگاری یاری دەكات، ئێستا ئەو خاوەنی ڕەیتینگی 1700ی یەكێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتییە، ڤیكتۆریا خوێندکاری قۆناغی یەکەمە لە زانکۆی ئابوری نیشتمانی و جیهانی لە سۆفیا، لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات لەبارەی ژیان و دەسكەوتی وەرزشی، دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامداوە.
تێكەڵكردنی لۆژیك
*بۆچی لە نێو وەرزشەکانی تردا شەتڕەنجت هەڵبژارد؟
– من لە منداڵییەوە تا ئێستا زۆر وەرزشم کردووە، وەک لەشجوانی، تۆپی باسکە، تۆپی دەست و تەنانەت تۆپی پێش، بەڵام شەترەنج زیاتر لە هەموو وەرزشەكانی دیكە سەرسامتری کردم، تێکەڵکردنی لۆژیک و بیرکردنەوە، شتێک کە وەرزشەکانی تر ناتوانن پێشکەشی بکەن.
*ئایا نهێنییەک هەیە بۆ هەڵبژاردنی شەترەنج، یان خێزانەکەشت یاری شەترەنج دەکەن؟
– خێزانەکەم ناتوانن زۆر یاری شەترەنج بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش باوکم و باپیرم منیان خستە ناو وەرزشی شەترەنجەوە و فێری یەکەم جوڵەکانی شەتڕەنجیان کردم، ئەوان لە گرنگیی ئەو یارییەیان دەزانی بۆیە زیاتر هانی منیان دەدام فێری یاری شەتڕەنج بم.
پلەی یەكەم لە یەكەم بەشداری
*لە چ ساڵێکدا بە فەرمی پەیوەندیت بە شەترەنجەوە کردووە؟
– من بە فەرمی پەیوەندیم بە شەترەنجەوە کردووە کاتێک تەمەنم 6 ساڵ بوو واتە لە ساڵی 2012، كاتێك تەمەنم 7 ساڵان بووبەشداری یەكەمین پاڵەوانێتی ناوخۆییم كرد، ساڵێک دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار سەردانی یانەی شەترەنجم کرد، دوای چەند مانگێک مەشق و ڕاهێنان بڕیارمدا شەترەنج بكەمە نزیكترین هاوڕێم، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک، ڕاهێنەرەکەم بانگهێشتی کردم بۆ ئەوەی لە یەکێك لە پاڵەوانێتییەكاندا بەشداری بکەم، ئەوەبوو بەشداریم كرد و سەرەتا لە گروپی کچانی خوار 8 ساڵان دەستم پێکرد، خۆشبەختانە لە یەكەم بەشداریكردنم توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، یەکەم بەشداریکردنیشم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاتێک بوو کە تەمەنم 8 ساڵان بوو لە باشووری ئەفریقا، كە نوێنەرایەتی بولگاریام كرد لە پاڵەوانێتی جیهانی شەترەنج بۆ کچانی خوار تەمەنی 8 ساڵ.
*باشترین دەستکەوتت لە پاڵەوانێتییەکاندا كامانەن؟
– لە ناوخۆدا باشترین دەستکەوتم پلەی یەکەم بوو لە پاڵەوانێتی شەترەنجی بولگاریا، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا باشترین دەستکەوتم بەشداریکردنم بوو لە پاڵەوانێتی جیهانی شەترەنج لە باشووری ئەفریقا، بۆ کچانی خوار ٨ ساڵ، کە تێیدا لە 20 باشترینەکانی جیهان بووم، ناسناوی پاڵەوانی بولگاریا بووم لە بلیتزی کلاسیک، بە كۆكردنەوەی زۆرترین نمرە بەبێ هیچ دۆڕانێک، دەستکەوتەکانی تر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداریکردنم بوو لە پاڵەوانێتی شەترەنج ئەوروپی كە لە پراگ بەڕێوەچوو، لە ئاستی کچانی خوار 10 ساڵ، کە پلەی 29م بەدەستهێنا، لە کۆی زیاتر لە 100 بەشداربوو.
بەشێكە لە ژیانم
*شەترەنج چیت پێدەبەخشێت؟
– شەترەنج ئەزموونێکی زۆرم پێدەبەخشێت، نەک تەنها لەسەر تەختە، بەڵکو لە ژیانیشمدا، ئەم یارییە ناوازەیە پەرەی بە بیرکردنەوە و لۆژیکم دا، وای لێکردم زیاتر بیر بکەمەوە و سەرنجم لە گەیشتن بە ئامانجەکە بێت، ئەویش سەرکەوتنە، لە کۆتاییدا ئاشنابوون لەگەڵ کەسایەتییەكانی شەتڕەنج لە هەموو جیهان.
*ئایا شەترەنج بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیان یان تەنها خولیایەکە؟
– بۆ ئێستا هێشتا سەرچاوەی بژێوی ژیان نییە، بۆیە سەرنجی زیاترم كردۆتە سەر خوێندنەكەم، بەڵام نكۆڵی ناكەم کە شەترەنج هەمیشە بەشێک دەبێت لە ژیانم و لە بچووکییەوە خەونێکم هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان یانەیەکی شەترەنج دابمەزرێنم.
*ئایا شەترەنج لە بولگاریا بووەتە پرۆگرامی قوتابخانەکان؟
-بەداخەوە هێشتا شەترەنج بەشێک نییە لەو بابەتانەی لە قوتابخانە دەخوێندرێن، بەڵام ئارەزووی زیاتری گەنجان بۆ ئەم یارییە سەرسوڕهێنەرە، هیوادارم کە شەترەنج ببێتە بەشێک لە مەنهەجی قوتابخانە، ئەمەش وادەكات منداڵان فێری بیرکردنەوە بکات نەوەک چاوەڕێی هەموو شتێک بكەن كە لە ئینتەرنێتەوە ئامادە دەبێت.