
میرزا ئەلخوەیلدی
لە عەرەبییەوە: كەریم سۆفی
گەنگەشەی تۆڕە هەواییەكانی ئەلیكترۆنی هەر هەموویان قسەی حەلەق و بەلەق نین، یان بارگاویكراو بە موزایەدە و یەكتر بوغزاندن و گڕدانی یەكتری، بەڵكوو گەنگەشەی چڕو پڕو دەوڵەمەندیش لە نێو ڕۆشنبیراندا هەیە، بەتایبەتی ئەدیبان و شاعیران و مەعریفەخوازان، ئەمەش بایەخێكی زێدەتر بە هۆكارەكانی گەیاندن دەبەخشن و ئەڵقە و پێوەندی نێوان داهێنەران پتەوتر دەكەن، وێڕای جۆراوجۆری و دووری و نزیكیان وەك شوێن لە یەكتری، لە یەكێك لەم گەنگەشانەدا، شاعیری سعوودی (جاسم الصحیح) لە تویتەر لەبارەی كێشەیەكی ئەدەبیدا سەبارەت بە گرفت و كێشەی ڕاڤەی شیعر، دەرگای گفتوگۆی خستە سەر پشت، بەمەش خەڵكێكی زۆر وەك بەشداریكردن بۆ دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی بابەتەكە ڕژانە ناوەندەكە. لێرەدا وەك ئەزموونێكی جوان و بە سوود بۆ گۆڕینەوەی ڕۆشنبیری و زانیاری، كورتەیەكی دەخەینە بەر چاو: پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەقی شیعری دەچێتە ژێر باری ڕاڤەكردن؟ یان ئەم شرۆڤە و ڕاڤەكردنە، دەبێتە مایەی لە دەستدانی جوانناسی و تایبەتمەندییەكانی؟ ئایا ڕاڤەی شیعر بەرەو نەفرەت وەردەچەرخێ؟ ئایا شیعر بە شیكاری و توێ توێ كردن و ڕاڤە و شرۆڤەی جۆراوجۆر، ناواخنە سەرەكییەكەی لە دەست دەدات؟
ڕاو بۆچوونە زۆر بەربڵاوەكان ئەوەیە كە شاعیر ڕاڤەی دەقە شیعرییەكانی خۆی ناكات، بۆ ئەوەی نەمرێت! یەكێك گوتەیەكی (ئەبوو تەیب ئەلموتەنەبی) هێناوەتەوە كە دەڵێت: ئیبن جەنی(1) لە خۆم زاناترە بە شیعری من.
یەكێكی دی گوتەیەكی شاعیری كۆچكردووی عێراقی (مستەفا جەمالەدین)ی هێناوەتەوە كە دەڵێت: توندترین شت بەسەر دڵدا بسەپێنرێت ئەوەیە كە داوای شرۆڤەی لێدان، یان ترپەكانی خۆی لێ بكرێت.
بەشداربووییەكی دی گوتی: شیعری مرۆڤ – دەكرێ بە قژ-یش بخوێنرێتەوە، وەك سێبەری خۆیەتی، ئەگەر تیشكێك، یان ڕووناكییەكی خرایە سەر بە مەبەستی دەركەوتن، بزر دەبێت.
(بیت الشعر وبیت السكن)(2) بەیتی شیعر و ماڵی نیشتەجێبوون
لە سەرەتای گفتوگۆیەكەدا (جاسم الصحیح) وتی: ((چێكردنی بەیتی شیعر، وەك چیكردنی ماڵی نیشتەجێبوونە كە پەرەگراف و ئاماژەكان دروستی دەكەن، بیرۆكە و هەستەكانیش تێیدا نیشتەجێ دەبێ، كاتێك داوا لە شاعیر دەكەین بۆ شرۆڤەكردنێكی تێر و تەسەلی بەیتەكە، وەك ئەوە وایە دوای بیناكردنەكە داوای ڕووخاندن و هەڵوەشانەوەی بیناکەی لێ بکەین تا بیگەڕێنێتەوە بۆ كەرستە پەرتوبڵاوەكانی بەرایی.))
لەمیانەی وەڵامدانەوە و پشتگیری ئەم بیرۆكەیە، خانمە شاعیری لبنانی (سارة الزین) گوتەیەكی ئەدۆنیس دێنێتەوە كە دەڵێت: ((شیعر پێچەوانەی ئەم ڕۆشناییەیە-الوضوح- كە قەسیدە دەكاتە پانتاییەكی بێ قووڵایی، لە هەمان كاتدا شیعر پێچەوانەی ئەم تەمومژ و شاراوەیەشە-الابهام- كە شیعر دەكاتە ئەشكەوتێكی داخراو.))
لەكاتێكدا (هادی ڕەسووڵ)ی شاعیر گوتەیەكی ڕەخنەگری توونسی (عبدالسلام المسدي) هێناوەتەوە كە دەڵێت: ((شرۆڤەكردن واتایەكی كوشندە پێشكێش دەكات، كەچی لێكدانەوە، گفتوگۆیەكی جەدەلییە لەگەڵ دەقە … ڕەنگە بڕیار و پەیڕەوەكانی قوتابخانە، جۆرە هەڕمێنێكیان بە شرۆڤەی شیعر و لێكدانەوەی واتاكانی دابێت، بەمەش بیرۆكەی گشتی و باو واكەوتووەتەوە كە شیعر شرۆڤە دەكرێت. گرفتەكانی بەردەنگ لەوە دایە كە شرۆڤە و لێكدانەوە تێكەڵ دەكات.))
بەڵام نووسەر و بێژەری فەلەستینی (عارف حجاوي) پێی وایە قسەی دروست ئەوەیە كە ((هەڵسەنگاندنی پێشەكییەكەی-مەرزوقی- بۆ شرۆڤەی شیعری حەماسی، باشترین وەسفە بۆ بینای شیعر.))
شاعیری سعوودی (حسین ئال دهامر)یش بەم جۆرە ڕای خۆی خستەڕوو: ((هەمیشە وەك تابلۆیەكی هونەری تەماشای شیعر، یان قەسیدە بكە، وا خەیاڵ بكە كاتێك داوا لە هونەرمەندێكی شێوەكار دەكرێت بۆ شرۆڤەكردنی هەڵبژاردنی ڕەنگەكان و گۆشەكان، یان داوای لێ دەكرێت كە ڕەمز و دەلالەتەكانی ناو تابلۆكانی بەدرێژی ڕوون بكاتەوە! ئایا ئەمە مەعقوولە؟ هەرگیز نا! بەڵام وەك هۆكارگەلێك بۆ پاراستنی سەلامەتی شیعر، ئەوە با لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و ڕەخنەگران شرۆڤە بكرێت، نەك لای شاعیر خۆی.))
هەروەها خانمە شاعیر (سمیة عادل) نووسیویەتی: ((بەیتە شیعر لەوە گەورەترە كە شرۆڤە بكرێت، چونكە هەستی شاعیر، یان هۆشەكەی بەشێكی دانەبڕاوە لەكاتی نووسینی بەیتە شیعرەكەیدا، بۆیە دەبێت واز لەم هەستە بێنین تا بە هەوای خۆی بگاتە خوێنەر و چۆنی پێ خۆش بوو، ئاوای شرۆڤە دەكات، ڕەنگە بە ڕێكەوت تووشی بەیتە شیعرێك بێت كە خەمبارییەكەی تۆی بە قووڵی تێدا دەخوێنرێتەوە و بەرجەستەی دەكات، بەمەش واتایەكت پێ دەگات جیا لەو واتایەی كە لە حاڵەتێكی تردا پێت گەیشتووە))، بەڵام (ئیبراهیم ئەلوافی) شاعیر گوتی: ((شاعیر پەنجەرەكان دەكاتەوە، بەڵام چاوەكانی خۆی پێ نادات، ئایا شیعر هەیە بۆ ئەوە دەنووسرێت تا بڵێی شاعیر تەنیا خۆی ئەمەی دەوێت؟ من پێم وایە كە هەموو بەردەنگ و خوێنەرێك قەسیدەی خۆی هەیە لەوانەی دەیانخوێنێتەوە … بەڵام بیرۆكەی بیناكردن و ڕووخاندن سانا و سەرسامە، ڕەنگە بەلای كەمییەوە ئەوەندەمان بەس بێت بۆ هیلاكی وەڵامدانەوە كە داوای لێبووردن بكەین بۆ شرۆڤە كردن.))
هەروەها شاعیر (علی بن محمد القرني) بەم گوتەیە بەشدار بوو ((شیعر كۆكراوەی وێنە و ترپە و پەیكەرتاشی و وێنەكردنە، ڕێككاری لە ڕستەکانیدا هەیە، کێشێکی ئەندازەیی بۆ بەیتەکان بەرزەفتی سەرواكان هەیە، هەستەوەرییەكیش بۆ دەرچوون لە واتایەك و هاتنە ناوەوەی بەشێوەی تێخزاندنێكی سەرنجنەدراو، پاشان فووكردنێكی گشتی بە گیانی شاعیر تا جێ پەنجەیەكی جیاوازی لەوانی تری هەبێت، باشە چۆن دەكرێت داوا لە شاعیر بكرێت ئەم هەموو كۆكراوەیە هەڵوەشێنێتەوە؟ شاعیری بە توانا، شیعری خۆی شرۆڤە ناكات.))
شاعیری لاو حەمزە ئیسماعیل لە وەڵامدا گوتی: ((شرۆڤەی شیعر، واتە داماڵینی لە ناواخن و ڕەهەندە بێ كۆتاییەكانی، دروست ئەوەیە كە خوێنەر لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بژیت كە هەستی پێ دەكات و لەسەر پەردەی دڵی دەنیشێت، چونكە شرۆڤەكردن دەیكوژێت، یان وەستان و لاكردنەوە لەسەر یەك وێنە، یان یەك ڕەهەند.))
نووسەری سعوودی محەمەد عەلی ئەلمەحموودی پەسندی ئەم بیرۆكەیە دەكات و دەڵێت ((كاتێك شاعیر شرۆڤەی شیعرەكەی خۆی دەكات، ڕەنگە هەموو شتێك بڵێت، تەنیا ئەوە نەبێت كە گوتەكەی شیعرە، واتە لەكاتی شرۆڤەكرندا وەك زەروورەتێك، شیعرەكە وەك شیعرییەت دەكەوێت، جەوهەرە جیاكەرەوەكەی دەكەوێت، بە واتایەكی تر، هەر جۆرە شرۆڤەیەك لە بنەڕەتدا ڕەتكردنەوەی شیعرەكەیە)).
خانمە نووسەر ماریە ئەلسەبعینی، شتێكی لەم جۆرەی نووسیوە ((هەندێ وشە ناكەوێتە بەر لێكدانەوە، وەكوو دەریایەكی بەرزەفت نەكراو هەر بە كراوەیی دەمینێتەوە، بەرەو ناخی شۆڕدەبیتەوە، نقوومی قوولاییەكانی دەبی بۆ ئەوەی چاو ببڕییە ڕووناكایی و ترووسكاییەكانی.))
ناڕازییەكان: دەروازەیەك بۆ ئەو شاعیرانەی شتی تێنەگەیشتراو دەنووسن
شاعیران گلەییان لەو بیرۆكەیە هەیە كە ڕەگاژۆی ڕاستی كراوە و دەڵێن بەیتی شیعر (بیت الشعر) ماڵی شیعر بە شرۆڤەكردن داناڕمێت، دیارترینی ئەو كەسانەش كە لەگەڵ ئەم بیرۆكەیەدان، جاسم عەساكری شاعیرە كە دەڵێت: ((بەیتی شیعر بۆچی دادەڕمێت تەنیا لەبەر داواكردنی شرۆڤەكردن؟ پاشان ئەگەرچی ماڵی شیعر (بیت الشعر) وەكو ماڵی نیشتەجێ بوونە، ئەوە نەخشەیەكی خاڵ دیاریكراوی هەیە، هیچ زیانێكیشی نییە ئەگەر شرۆڤەی هەندێ شوێن بكرێت كە تێگەیشتینیان لای هەندێ بەردەنگ زەحمەتە، ئەوەتە چەندان شرۆڤەكاریمان بۆ دیوانە شیعرییەكانی عەرەبی هەیە، وەك شرۆڤەی دیوانی موتەنەبی، ئیبن ڕۆمی، زی ئەلڕۆمە …تاد.))
لە درێژەی گوتەكەیدا ئیبن عەساكر دەڵێت: ((بڕوام وایە ئەو بیرۆكەیەی كە دەڵێت بەیتی شیعری شرۆڤە ناكرێت، بەشدارە لە هێنانە كایەوەی نەوەیەك لەو شاعیرانەی كە شتی تێنەگەیشتراو دەنووسن، بەو گوتەیەی كە دەڵێت -لە من نووسین، لە تۆ تیگەیشتن- بەمەش تەموژاوییەك كەڵەكە دەبێت و دەقێكی زۆر دێنە ئاراوە كە نقوومی نێو كوێرایین بە بیانووی -لەسەر من پێویستە سەروا لە بڕگەكان داتاشم- ئیدی هەقم بە تێگەیشتنی مام شەهابەوە نییە..))(3)
لێرەدا نووسەر ئوسامە فوئاد سەڕاجەددین پشتگیری ئەم بیرۆكەیە دەكات و دەڵێت: ((وەك چێژ وەرگرێك لە هونەری بیناسازی، كاتێك لە بیناسازێك دەپرسم لەبارەی پێكهاتەی بیناكەی و ئەو هەست و هۆشەی كە لە ناو هونەرە بیناسازییەكەدا بەرجەستەی كردووە، ئەوە داوای هەڵوەشانەوەی ماڵەكەی، یان بینایەكەی لێ ناكەم، گرفتەكە لێرەدا دەردەكەوێت كە خەڵكانێكی زۆر لەو بڕوایەدان كە زمانی خواوەندەكان، هەمان زمانی ئادەمیزاد نییە.))
وەك وەڵامێك بۆ ئەم بیرۆكەیە، شاعیر (جاسم الصحیح) دەڵێت: ((لە بیرت بێت كە ڕەگەزە سەرەتاییەكانی بیناسازی، ڕەگەزە بەردەستەكانی لە بەرد و لم و چیمەنتۆ و… تاد، بۆیە بیناساز دەتوانێت شرۆڤەیان بكات و بینا بەردییەكەش لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام ڕەگەزە سەرەتاییەكانی پێكهاتەی شیعر، زمان و وتەن، كاتێك شرۆڤەیان دەكەین، ئەوە ڕەگەزە سەرەتاییەكانی پێكهاتەی بینای شیعری هەڵدەوەشێنێتەوە، جیاوازییەكە لێرە دایە.))
وەك بەدواداچوون بۆ ئەم ڕایە، خانمە شاعیری سووریایی (ابتسام الصمادي) گوتی: ((پێویستە شاعیر كلیلی چوونە ژوورەوە بخاتە بەردەست، نەك ماڵەكەی نقوومی تاریكی بكات و چوونە ژوورەوەشی زەحمەت بێت.))
(احمد الصیعري) شاعیریش بەم جۆرە بەشداری كرد: ((پێویستە شیعر لە ڕوونی و ڕوونبێژی شیعری دەرنەچێت، نەك وەك زەروورەتێك بۆ وردەكارییەكانی بیرۆكەكە، مەگەر بۆ كەسێك كە بۆ ناخە تەمومژاوییەكان شۆڕدەبێتەوە، هەروەك ئەلبەردونی گوتەنی-ئەمەش دوو جۆرە: تەمومژاوی-بیرۆكە- ئەگەر لێی ورد بوویەوە، تێراوت دەكات، تەمومژاوی-بەتاڵ- ئەگەر لێی ورد بوویەوە، هیچ نادۆزیتەوە.
پەراوێزەكان
1 – ابن جني (ئیبن جەنی) زانایەكی بەناوبانگی زمانەوانی عەرەبییە، لە (391كۆچی) كۆچی دوایی كردووە بڕوانە: ڕۆژنامەی زاری كرمانجی ژ (590)، 29/4/2019، ل10. زمانی كوردی لە نێوان تیۆرە كۆن و نوێیەكانی زماندا، د. ڕێبوار شوانی.
– لە ئینتەرنێتەوە: ئیبن جەنی، ئەبوو ئەلفەتح عوسمانی ئیبن جەنی موسڵی، زانایەكی گەورەی نەحو بووە، یەكەمین كەسە شیعرەكانی موتەنەببی شرۆڤە كردووە.
2 – (بەیت-بیت- تانها هندەك دبێژن (بەیت) پەیڤەكا بنەڕەت ئەدەبییە ژ پەیڤا (البیت الشعري) ئانكو مالكا شیعری هاتییە.
(بەیت) یا عەرەبی ئانكو (مالكا شعرێ) و (بەیت) یا كوردی چیرۆكەك شیعرییە كو سالۆ خەتێن خۆ هەنە.
(بەیت) بە قەبارە زۆر درێژ نییە، زمانی میللییە و ڕستەی ساكارە، زۆربەی خەڵك تێی دەگات، كێشی خۆماڵییە و قافییە ڕەنگاو ڕەنگە و لەسەر بنجی بەند (كۆپلە) دادەمەزرێ بۆ مەبەستی گۆرانی وتن دانراوە.
بڕوانە: گۆڤاری دیوان، ژمارە (5)، ت1/2021، ل94، بابەت: هەلاتگەرییا فەقێ تەیران، نووسینی محسن عەبدولڕەحمان-دهۆك.
– هەر لەم بەستێنەوە، مامۆستا زەكی ئەحمەد هەناری لە كتێبی گوڵستان-ی سەعدی شیرازی كە باس لە كتێبی شانامەی فیردەوسی دەكات، ئەویش بۆ (بەیت)ی شیعر، وشەی (خانە)ی بەكارهێناوە كە دەڵێت: ((شانامەی فیردەوسی (60000) شێست هەزار خانەیە (بەیت)، بە (35) ساڵ دایناوە.
بڕوانە: كتێبی گوڵستان، وەرگێڕانی زەكی ئەحمەد هەناری، چاپی یەكەم، 2012، چاپخانەی ئاراس-هەولێر- پەراوێزی لاپەڕە (8).
3 – عەرەبییەكە بەم جۆرەیە (علي نحت القوافي من مقاطعها … وما علي إذا لم یفهم البقر)- لەسەر من پێویستە لە بڕگەكانیان سەروا داتاشم … بەڵام بڕگەی: وما علی إذا لم یفهم البقر – ڕەنگە ئەمە دەستەواژە، یان ئیدیۆمێكی تایبەت بە كولتووری زمانەكە بێت، وەك دەڵێن: تێ دەگا، تێ ناگا كەیفی خۆیەتی، یان فلقیڕ، یان جەهەننەم، یان بەمن چی ….. تاد، بەڵام من لێرەدا هەوڵم داوە ئەم دەستەواژەیە بە گوتەیەكی نزیك لە قسەی نەستەقی كوردی بەم جۆرە دەرببڕم.
سەرچاوە:
جریدة الشرق الاوسط، العدد (15527)، 2/6/2021، موضوع (حواریة الشعراء فی الفضاء الألكترونی-الشاعر ولعنة تفسیر الشعر)، الكاتب میرزا الخویلدي.
تێبینی: پەراوێزەكان لە نووسینی وەرگێڕە.