عارف ڕوشدی
لە وڵاتانی دیموکرات و ژیاندۆست، لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر دەنگ بەو لایەنە سیاسییە دەدەن کە زۆرترین خەمخوری دەنوێنێ لە بەرگریکردندا لە ماف و خواستی( نیشتمانی، نەتەوەیی و قووتی) خەڵک، لە کوردستاندا پارتی نموونەی خزمەتکردنی ڕاستەڕێی کۆمەڵانی خەڵکە، لەو پێناوەشدا بە نیشانەی تیری کۆنەپەرستان و ناحەزانی ناوخۆیی و دەرەکی گیراوە بەمەبەستی ماندووکردن و لە توانا کەمکردنەوەی، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان لە سونگەی ئەو ڕاستییەوە دور لە دەمارگیریی حزبی دەنگ ببەخشن (بەو حزبە ڕاستگۆ و خەمخورە)، چونکە باوەڕ ناکەم کەس هەبێت ئاگای لەوە نەبێت لە سنووری دەسەڵاتی بەرپرسیارەتی کادیرانی پارتیدا پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوامن و لەو ڕێگایەشەوە دەرفەتی کار بۆ سەدان کەس کە پێویستیان بەکارکردن هەیە دەرەخسێنرێت.
بەو هۆکارە لۆژیک و ڕەوایی داوا دەکات؛ تەواوی خەڵکی سەربەرزی کوردستان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبچە، بەو بیرکردنەوەیەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە بەشداریی کارایان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لە داهاتودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە دووبارەی دەکەمەوە؛ ئێستا کێ دەتوانێ ڕاست نەبێت لەگەڵ خۆیدا و ئەم ڕاستییانە فەراموش بکات، لە هەموو ئەو شوێنانەی کادیرانی پارتی بەرپرسن، هۆکاری بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان سەربەخۆیی دامودەزگاکانی حکوومەتە. هەروەها کێ دەتوانێ نکۆڵی لەوە بکات سەرۆکی حکوومەت وەک بەرپرسیارەتی خۆی دەرفەت لەدەست نادات، هەر کاتێک توانی بەسەر لەمپەرەکاندا زاڵ بێت، لە هەموو دڤەرەکاندا خزمەتێک پێشکەش دەکات.
هیوادارم پێشکەوتنەکانی هەرێم، پیلان و دژایەتیکردنی پارتی لە بەغدا و نێوخۆی هەرێم، سەنگی مەحەکی بریاردانی هەموو لایەکمان بێت، دڵنیام زۆرینەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی هاوشێوەی هاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان) درک بەو ڕاستییە دەکەن، (بە پشتیوانیکردنیان لە پارتی) دەتوانن لەو مەینەتییانەی یەخەی پێیان گرتووە ڕزگاریان دەبێت، بۆیە، لە کاتی دەنگدانی تەندروستدا، دەنگ نرخی خۆی دەپارێزێ، بەپێچەوانەوە، دەنگدەر کاتێک لەسەر بنەمایەکی دەمارگیر و لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی چەواشەکار دەنگدەدات؛ ئەوکات نرخی دەنگەکە نامێنێ.