خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- هەر کاتێک ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی ڕاهێنەر، پێویستە لەلای خۆی ئەرکەکەى بەشێوەیەکی باش و بە کارامەیی بەرێوەی ببات و سڵ لە کارەکانی خۆی نەکاتەوە، کارى ڕاهێنەرایەتی هەمیشە کارێکی پڕ بەرپرسیارەتییە، بەتایبەتی ئەگەر ئەرکی تیپێکی لە ئەستۆی خۆی بگرێت و پێویستە بەژیرانە مامەلەیەکی ئیجابیانە لەگەڵ یاریزانانەکان بكات و خۆی وەک هاورێ بەرامبەریان نیشان بدات، بۆ ئەم مەبەستە و تیشک خستە سەر ئەرکی ڕاهێنەرایەتی تیپی فووتساڵی کچانی هەڵەبجەى شەهید، خاتوو ڕازاو محەمەد دەرچووی کۆڵێژی پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکانى زانکۆی هەڵەبجە وەک ڕاهێنەرێکی ئەو تیپە لە بارەى چۆنیەتی وەڕگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی تیپی فووتساڵی کچانی هەڵەبجەى شەهید گوتی: سەرەتا مەشق و ڕاهێنانم بە کۆمەڵێک کچە یاریزانی لاوای شارەکەمان دەدا، پاشان داوایان لێکردم تیپێک بە ناوى کچانى هەڵەبجەى شەهید ئامادە بکەم بەمەبەستى بەشداریکردن لەخولى فووتساڵی کچانی کوردستان کە مانگی ڕابردوو کۆتایی بەڕێوەچوو، خۆشبەختانە تیپێکم ئامادەکرد و بەشداریم لە خولى فووتساڵی کچانی کوردستان کرد، هەرچەندە ئەنجامیشمان وەک پێویست نەبوو، بەڵام توانیمان وەک تیپێکی ڕکابەر بەرامبەر یانەکان بوەستین.

هەر لەبارەى ئاستى یانەکەیان لەخولى فووتساڵى کچانی کوردستان خاتوو رازاو گوتی: خراپترین یاریمان بەرامبەر تیپی کچانی ئاکرێ بوو، ئەو رۆژە بیرم ناچێت کەسەرجەم یاریزانەکان ئاستی راستەقینەى خۆیان لەیارییەکە پێشکەش نەکرد و بووە هۆی دۆراندنمان و دوورکەوتنەوەمان لە خولەکە.

هەر لەبارەى کارى داهاتووی خۆی لەگەڵ تیپەکە رازاو محمەد ئەوەى ئاشکرا کرد و گوتی: بۆ داهاتوو بەنیاز نیم لەگەڵ تیپەکە بەردەوام بم وەک ڕاهێنەر، بەڵام خودا هاوکارمان بێت لەداهاتوودا بەنیازین فێرگەیەکی تۆپی پێ بۆ مناڵان و بەچکەشێران دابمەزرێنین و لەرێگەى ئەو فێرگەیەوە یاریزانی ئاست بەرز و بەتوانا بەرهەم بهێنین.

لەبارەى پێشخستنى ئاستى وەرزشی ئافرەتان لەهەڵەبجەى شەهید و نەبوونی یاریزانی ئاست بەرز، خاتوو رازاو گوتی: نەبوونی یاریگا و هۆڵی وەرزشی تایبەت بەئافرەتان لە هەڵەبجەى شەهید، هۆکارێکە کە وەرزشی ئافرەتان بەرەو سستى و لاوازی هەنگاو بنێت، هەمیشە ئەو ناوچانەى وەک هەڵەبجە و چەمچەماڵ و هەڵەبجەى تازە کەمتەرەخەمن بەرامبەر وەرزشی ئافرەتان، هەروەها پێویستە یانەکان بەگشتى ڕۆلێکی باڵایان لە دروستکردنی یاریزانانی ئافرەت هەبێت، نەوەک بەپێچەوانەوە تەنها بایەخ وگرنگی بەیاری تۆپی پێی کوڕان دەدرێت و ئەوانی دیکەیش هەمووی فەرامۆش کراوە.