هەڵەبجە: عامر فەرحان:- گرووپێکی شانۆیی سەر بە لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان وەک تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشدار دەبن لە فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی سەقز (زیویەی سەقز) کە بڕیارە لەڕۆژانی 5 و 6 و 7 ی مانگی ئەیلوول لەشاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام بدرێت.
هەردی هادی نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی ئەفسونەکەی کاتا و کالی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەبات ی ڕاگەیاند: ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی سەقز لە وڵاتی ئێران ئەنجامدەدرێت، کە تێیدا بەرهەمە ناوخۆییەکانی خۆیان و بەرهەمی وڵاتانی تریش نمایش دەکرێت، بۆ ئەم ساڵ لەکۆی هەشت بەرهەم کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بانگێشت کرابوون تەنها بەرهەمی ئێمە وەک گرووپێکی سەر بەلقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان پەسەند کراوە.
هەروەها گوتیشی: ئەم شانۆییە بەرهەمی لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە کە لە نووسین و دەرهێنانی هەردی هادی و یاریدەدەری دەرهێنەر سەربەست میرزاو بەڕێوبەری بەرهەم محەمەد عەبدوڵایە، لە لایەن هەر یەک لە ئەکتەران هەردی هادی و زریان حەکیم و سۆزە حەمیدەوە نمایش دەکرێت، کاری میوزیک و تۆمارکردنیشی لەلایەن ئەمیر ئەرسەلانەوە بۆ ئەنجامدراوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: جێگای خۆشحاڵییە وەک کۆمەڵێک هونەرمەندی سەر بە لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، شانۆکەمان لە لایەن ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکەوە دوای ئەوەی بە فلتەرەکانی لیژنەکاندا تێپەڕیووە وەرگیراوە، کە ئەمەش گرنگە بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ گرووپە شانۆییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا بتوانین گرووپە شانۆییەکانی ئەوان بانگهێشتی پارێزگای هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەین و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن، تا لەم ڕێگەیەوە زیاتر بەکولتوور و فەرهەنگی یەکتر ئاشنا ببین.