عەلی حوسێن بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان  لە سلێمانی و هەڵەبجە، بڕێک دەرمانی پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی کرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ی8ی2024، عەلی حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا  لە نەخۆشخانەی هیوا ڕایگه‌یاند، بە پێویستمان زانی سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە بکەین و هاوکارییان بکەین و پشتیوانیی خۆمانیان بۆ دووپات بکەینەوە، دکتۆر و کارمەندەکانی ئەم نەخۆشخانە دەستییان لە خزمەتکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە شارەکە دیارە.
ڕاشیگه‌یاند، بە توانای خۆمان و هاوکاریی دڵسۆزان، بە ئەرکی خۆمان زانی هاوکاریی ئەو نەخۆشخانەیە بکەین کە خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکات،  ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: هەندێک لەو دەرمانانەی هێناومانە بۆ نەخۆشخانەکە بە زەحمەت دەست دەکەوێت.

دواتر هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییه‌كه‌دا دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ستایشی  مه‌كته‌بی ڕێکخستنی پارتی کرد لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ هاوکاریی و پاڵپشتییان، گوتیشی ، نەخۆشخانەی هیوا خزمەتی نەخۆشانی عێراق بەگشتیی دەکات، بۆیە پێویستە هەمووان پشتیوانیی بکەن.