دوای ئەوەی چەند میدیایەكی گوماناوی هەواڵی بایكۆتی دەوامی هاتوچۆیان لە سلێمانی بڵاو كردەوە، بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەڵێت، دەوام بایكۆت نەكراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی ئاب، ئاسۆ بارام بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رای گەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رووی دا بایكۆت نەبوو، بەڵكو بەهۆی ئەوەی یەكەم رۆژی دەوامی ئەم هەفتەیە بوو، لۆدێكی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەبوو، وا بڵاو كرایەوە كە بایكۆت ئەنجام دراوە، بەڵام ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.

زیاتر گوتی، ئێستەیش دەوام لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئاساییە و مامەڵەی هاووڵاتییان بەڕێ دەكرێت.

روونی كردەوە، ئەوەشی رووی داوە بایكۆت نەبووە، بەڵكو لۆد و قەرەباڵغییەكی زۆری هاووڵاتییان بووە لە سەرەتای كردنەوەی دەوامی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان.

ئەو قسانەی بەڕێوەبەری هاتوچۆ دوای ئەوە هات، ژمارەیەك لە میدیای سلێمانی هەواڵی بایكۆتی دەوامیان بەهۆی دواكەوتنی مووچە بڵاو كردەوە.