مەریوان عەبدولڕەحمان: لەم پرۆژەیەدا هەم بەرهەمهێنەری كارەبا قازانج دەکات و هەمیش بەکارهێنەر

محەمەد موسا: چیتر خەمی ئەو دووکەڵە پیسەمان نییە، کە موەلیدەی گەڕەك دەیخستە هەواوە

یونس حەسەن: ئەو ڤۆڵتییەی لە کارەبای نیشتمانیی دەستمان دەکەوێت، هەرگیز لە موەلیدەکانەوە دەستمان ناکەوێت

شێرزاد محەمەد: دوای زیاتر لە 30 ساڵ، بۆ یەکەمجار بە کارەبای 24 کاتژمێری ئاشنا بووینەوە

شوكر قادر: لە ئێستادا هەم هاووڵاتی ناتوانێت زێدەڕۆیی بکات، هەمیش کارەبایەکی بەردەواممان هەیە

خەبات: دانا بۆتانی:- یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە دووکەڵی موەلیدەی گەڕەکەکانە، جگە لەو دوانە ئۆکسیدەی دەیخاتە هەواوە، ژاوەژاوێکی زۆر ناخۆشی لەنێو گەڕەکەکان هەیە، لە ئێستادا هەوڵێكی جدی هەیە بۆ هەڵگرتنی موەلیدەكان و ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری لە چەند گەرەکێکی هەولێر پەیڕەو دەکرێت، كە سەركەوتنی ئەم ئەزموونە دواجار دەبێتە كۆتاییهێنان بە هەبوونی موەلیدەی ناو گەڕەكەكان، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: ئەم پڕۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواكارییەكانی هاووڵاتیان تێبگات، تاوەكوو لە داهاتوودا بتوانێت كارەبای 24 كاتژمێریی بەشێوەیەكی كارامە بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان دابین بكات. رۆژنامەی خەبات بەدواداچونی بۆ ئەم پرۆژەیە کردووە تابزانێت ڕاو سەرنجی هاووڵاتیان لەسەر ئەم پرۆژە گرنگە چییە.

محەمەد موسا دانیشتووی گەڕەكی بەهاری نوێ لە شاری هەولێر گوتی: سەبارەت بە کارەبای 24 کاتژمێری گەڕەکەکەمان ئەگەرچی وەک تێستێکی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تابڵێی ئەزموونێکی باشە، چونکە خەمی کارەبا بڕینمان نییە، لە لایەکی دیکەوە لە کۆڵ ژاوەژاوی موەلیدەی گەڕەکیش بووینەتەوە و چیتر خەمی ئەو دووکەڵە پیسەشمان نییە، کە موەلیدەی گەڕەكەکەمان دەیخستە هەواوە و دووبارە لە رێگای موبەریدەکانی ماڵەوە دەرخواردی دەداینەوە و وەک هەوا هەڵماندەمژی، خۆزگە ئەم پرۆژەیە بەردەوام دەبوو و دەگوازرایەوە بۆ هەموو گەڕەکەکانی دیکەی هەولێر.

یونس حەسەن دانیشتووی گەڕەكی مامزاوایە، بەڵام سەمونخانەیەكی لە گەڕەكی بەهاری نوێ هەیە و گوتی: من وەک کاسبکارێکی نێو گەڕەک زۆر سودمەندی ئەم پرۆژەیەم، لە ئێستادا سەمونخانەکەمان خەمی پچڕانی کارەبای نییە و لە هەمان کاتیشدا بڕی ئەو ڤۆڵتییەی لە کارەبای نیشتمانیی دەستمان دەکەوێت، هەرگیز لە موەلیدەکانەوە دەستمان ناکەوێت، جگە لەوانەش جاران هەر پێماندەکرا یەکێک فیوزمان بۆ هەڵداتەوە، ئەمەش کاتێکی زۆری لە کیس دەداین بۆ کارکردن خۆزەگەش دەخوازم هەتا زووە ئەم پرۆژەیە بەهەمان شێوەی گەڕەکی بەهاری نوێ، هەموو گەڕەکەکانی هەولێر و دەرەوەی هەولێریش بگرێتەوە.

مەریوان عەبدولرەحمان دانیشتوویەكی دیكەی هەمان گەڕەكە و گوتی: من وەک دانیشتووی گەڕەک و کاسبکارێک جیاوازییەکی زۆر دەبینم لە نێوان بەکارهێنانی کارەبای 24 کاتژمێریی نیشتمانی و کارەبای موەلیدەکان، نامەوێت رۆڵی مۆلیدەکان لەبیربکەم لە پێدانی کارەبا لە کاتی خۆیدا، کارەبای 24 کاتژمێریەکە کەمتر لەسەر من دەکەوێت، چونکە ئەو کاتەی بەکاریدەهێنم بۆم ئەژمار دەکرێت و ئەو کاتەی کارم پێی نییە دەیکوژێنمەوە، بەڵام موەلیدە بەکاری بهێنم و نەیهێنم هەر لەسەرم ئەژمار دەکات، لەلایەکی دیکەوە ئەم پرۆژەیە سوودمەندی دوو لایەنەیە، هەم بەرهەمهێن قازانج دەکات هەمیش بەکارهێن، چونکە بەکارهێن دەزانێت دەبێت پێش ئەوەی بەکاری بێنێت پارەکە بدات ئەمەش وادەکات زیاتر ئاگاداری بەکارهێنان بێت و زێدەڕەوی تێدا نەکات، بۆیە هیوادارم تازووە ئەم پرۆژەیە هەموو هەولێر و کوردستانیش بگرێتەوە.

شێرزاد محەمەد هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی بەهاری نوێیە و گوتی: دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، دوای زیاتر لە سی ساڵ بۆ یەکەمجار ئاشنا بووینەوە بە کارەبای 24 کاتژمێری، پێش هەموو شتێک ئەم پرۆژەیە لەخەمێکی گەورە رزگاریکردین ئەویش کێشەی کەمئاویی گەڕەكەکەمان بوو، چونکە جاران بیرەکانمان 24 کاتژمێر کارەبای بۆ نەبەسترابوو، ئێستا بەردەوام پێیە و لە خەمی بێ ئاوی رزگاریکردووین، دوای ئەمەش گەڕەكەکەمان ئارامتر دەردەکەوێت بە هۆی نەمانی ئەو دەنگە ناخۆشەی کە لە موەلیدەکانەوە دەردەچوون، لە هەمووشی گرنگتر ئەم پرۆژەیە فێرمان دەکات دەست بەکارەباوە بگرین و زیادەڕۆیی تێدا نەکەین، هەستی ئەوەیش لەناو خەڵك دروست دەكات، كە ماڵی حکوومەتیش بە هی خۆی بزانێت، چونكە لەبەکارهێنانی زیاد لە پێویست خۆی باجەکەی دەدات. ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: داواکارم لە حکوومەت نرخی گونجاو دابنێت تا خەڵک و حکوومەتیش تێیدا سوودمەند بێت و ئەم پرۆژەیەش هەموو گەڕەکەکان بگرێتەوە بەبێ جیاوازی.

شکور قادر یەكێكی دیكەیە لە دانیشتووانی گەڕەك و گوتی: بەر لەوەی کارەبای 24 کاتژمێرییمان بۆ دابین بکەن خانووی واهەبوو لە گەڕەکەمان لە کاتی هاتنەوەی کارەبای نیشتیمانی پەنجا گڵۆپی تێدا هەڵدەکرد تەنیا بۆ رووناكکردنەوەی دیکۆری خانووەکەی، لە ئێستادا هەم هاووڵاتی ناتوانێت زێدەڕۆیی بکات، هەمیش کارەبایەکی بەردەواممان هەیە، ئەوە جگە لەوەی لە کۆڵ موەلیدەی گەڕەک بووینەتەوە و چیتر خەمی هەڵدانەوەی فیوز و تێکچوونی موەلیدە و ژاوەژاوی گەڕەک و پیسبوونی ژینگەکەمان نییە، هیوادارم ئەم پرۆژەیە هەموو کوردستان بگرێتەوە و پرۆژەیەکی نایاب و زۆرباشە.