خەبات: هونەرمەندی میوزیکژەن روان عەدنان جەمال، دەرچووی پەیمانگە و کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، لە ساڵانی ١٩٩٩ دەستی بە کاری هونەری کردووە و تا ئێستا لە کار و چالاکی هونەری بەردەوامە و لەزۆربەی پرۆگرام و کۆنسێرت و فیستیڤاڵ و کارە هونەرییەکان جێگەی خۆی و عودەکەی دیارە. لەدیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.
*شارەزاییت لە ژەنینی چەند ئامێر هەیە؟
جگە لە ئامێری عود کە ئامێری سەرەکی منە، ئامێری جەمبوش و ئۆرگ و ئامێرە رتمییەکان زۆر بە باشی دەژەنم.
*پەیمانگە و کۆلێژی هونەرە جوانەکان تاچەند بوونەتە هۆکاری درووستکرنی بەهرەمەندان؟
پەیمانگە و کۆلیژ شوێنی خولی فێربوونی میوزیک نییە تاکو بەهرمەند درووست بکات، بەڵکو دەتوانم بڵێم دامەزراوەیەکی هونەرییە بەهرەمەندان بە ئەکادیمی فێرە زانستی میوزیک دەبن، واتە دەبن بە کەسانی ئەکادیمی.
*بەڕای تۆ لایف میوزیکی شەوانە کاریگەری هەیە لەسەر کۆنسێرت و کارە هونەرییەکان؟
لایڤ میوزیک و کۆنسێرت دوو کاری لێک جیاوازن، بەڵام یەک دەستەواژەن لە مانا هونەرییەکەی هیچیان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەوی تر نییە، هەر یەکە و بەمیکانزمی خۆی ئەنجامدەدرێ، هەردووکیش بەردەوامی هەیە بە شێوەیەکی جوان و بەرچاو لە شارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
*وەک میوزیکژەنێک تا ئێستا ئاوازت بۆ بەرهەمی چەند هونەرمەند داناوە؟
وەک ئاوازدانان تا ئێستا ئاوازم بۆ کەس دانەناوە، بەڵام میوزیکم بۆ ٪٩٠ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ لە هەمو شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات ژەنیوە و تاکو ئێستاش بەردەوامم لە کارەکهم.