خاتوو رۆژین خەسرەوی هەنگەوان
خەبات: عامڕ فەرحان – هەڵەبجە:- كچێكی گەنج لە پارێزگای هەڵەبجە ماوەی چوار ساڵە پڕۆژەیەکی هەنگەوانی دامەزراندووەو لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات و دەرفەتی کاریشی بۆ چەند کەسێکیتر ڕەخساندووە، ڕۆژین خەسرەو خاوەنی پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوینە، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ بەشداریم کرد لەخولێکی ڕاهێنانی هەنگەوانی، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هاوکاری دارایی ئەو گەنجانەی دەکرد، کە دەیانویست ببن بەخاوەن کاری خۆیان، توانیم ببم بەبراوەی ئەو هاوکارییە داراییەو پڕۆژەی بەخێوکردنی هەنگەوانی دابمەزرێنم.
لەبارەی کارەکەیەوە کە زیاتر بەپیشەی پیاوان ناسراوە ڕۆژین دەڵێت: لەسەرەتادا قورسە، بەڵام کاتی دەوێت بۆ ئەوەی وەک ئافرەتێک بتوانیت سەرکەوتووبیت بەتایبەت کاری هەنگەوانی توێژینەوە و خزمەتكردن و بەدواداچوونی وردی دەوێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم تا ئەمڕۆ تەنیا کۆمێنتێک یان کاردانەوەیەکی نەگونجاوم نەبینیووە، بەڵکو لە هەرشوێنێك باس دەکرێت من هەنگەوانی دەکەم، دەستخۆشیم لێ دەکرێت، ڕاستە سەرەتا خەڵک پێیوابوو ئافرەتێک ئەستەمە بتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە ئەوە کارێکی پیاوانەیە بەڵام بە سەرکەوتنەکانم ئەو بیرکردنەوەیەش نەما.
ڕۆژین خەسرەو لەڕێگەی ڕۆژنامەی خەباتەوە هانی ئافرەتان دەدات، کە ببن بە خاوەنکاری خۆیان و دەڵێت: من پێموایە هەر کارێک ئەگەر ویست و خواستی لەسەر بێت دەتوانرێت ئەنجام بدرێت و ئافرەتان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە لەڕووی هێزو توانای کارکردنەوە، بە دڵنیاییەوە هەبوونی ئیرادەو کۆڵنەدان دەیانگەیەنێتە ئامانج، گوتیشی: سرووشتی دەڤەرەکەمان و ئەو کوێستانانەی هەنگی بۆ دەبەم دوورەدەستن و ڕێگەکانی سەختن، بەڵام ناوچەیەکی زۆر گونجاوە و بەرهەمەکەم یەکێکە لە باشترین بەرهەمەکانی ئەمڕۆ لە بازاڕدا.