نیان ئەحمەد: هەموو كات پارتیمان لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدا بووە و بۆ ساتێكیش سڵی لە مەترسی و پیلانەكانی دوژمنان نەكردۆتەوە بە بوێری و بڕوای زۆرەوە بە گژیاندا چووەتەوە.
سنەوبەر سابر: ئەو پارتە هەر لە سەرەتاكانی دامەزراندنییەوە بڕوای بە مافەكانی ئافرەت هەبووە و هەوڵی بەرەوپیش بردن و هوشیاركردنەوەی ئافرەتی كوردی داوە.
جوان ئیمام: پارتی لە شۆڕشەكانی ئەیلول و گوڵاندا لە پێناو ڕزگاری گەلێك بە گیان و دڵ تێكۆشاوە، لە پێناو مافی ڕەوای گەلی كورد چەندین داستانی پڕ لە سەروەری تۆمار كردووە.
خەبات: ژیلا كەریمی:- پارتی دیموكراتی كوردستان بە مێژوویەكی پڕ لە شانازی لە خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیی پێدەنێتە 78 ساڵەی سەروەرییەكانی و سەلماندوویەتی بە درێژایی خەباتی كوردستان ئاڵای بەرخودان و كۆڵنەدانی هەڵكردووە و بۆ خەڵكی كورد ئاشكرایە كە پارتی تاكە حزبی نەتەوەیی و خەمخۆر و جەماوەرییە كە هەموو كوردێك دەتوانێت خۆی تیا ببینێتەوە. ئافرەتان لە یادی 16ی ئاب بە شانازییەوە باس لە دەسكەوتەكانی ئەو حزبە دەكەن.
نیان ئەحمەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەو یادەدا دەڵێت: سەرەتا پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرۆك و ڕابەری كورد سەرۆك بارزانی دەكەم بە بۆنەی ڕۆژی لەدایك بوونی، 16 ئاب ڕێك پێناسەی خەبات و بەرخودانی سەرۆك بارزانی دەكات لەو ڕۆژەی كە لە دایكبووە پارتی بووە بە بەشێك لە ژیانی پێشمەرگە و ڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی. دەمەوێت لە یادی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتیمان و بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە پڕ شكۆیە چەند قسەیەكی لە سەر بكەم، دامەزراندنی پارتیمان لە ساڵی 1946 لە كات و ساتێكی زۆر هەستیار و مەترسیداردا بووە، هەموو وڵاتانی زلهێز و هەرێمایەتییەكان بۆ نەمانی كورد و دژی شۆڕش و خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی میللەتی كورد وەستابوونەوە، بە هۆی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵەكانی و ڕووخانی كۆماری مهاباد توڕەیی و نائومێدی باڵی بە سەر هەموو كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان كێشابوو، لەو كاتەدا سەرۆكی كۆچ كردوو مستەفا بارزانی نەمر وەكو هەڵۆیەكی بەرزە فڕی چیاكانی كوردستان، هێز و بڕوا بەخۆبوون و نوێبوونەوەی شۆڕش و ئومێدی بۆ میللەتی كورد گەڕاندەوە. لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و لەو كات و ساتەدا بە هەموو شێوەیەك لە شۆڕشی كوردیان دەدا تا ئاگری خەباتی كوردایەتی دامركێننەوە، پارتیمان وەك باڵندەی قەقنەس لە ناو بڵێسە و كڵپەی ئاگری كوردایەتی لە دایكبووە، ڕۆحێكی نوێی بە بەر شۆڕش و بەرخودانی كورد كردەوە و ئەو هیوا و ئامانجەی كە سەركردە و خەڵكی شۆڕشگێڕ و قارەمان هەیانبوو پێی بەخشینەوە. باوكی ڕووحی نەتەوەی كورد مستەفا بارانی نەمر و هەڤاڵانی پەڕینەوەیان لە ئاوی ئاراس و بۆ نێو خاكی یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا ڕووسیای ئەمڕۆ، لە دوای گەڕانەوەیان لە ساڵی 1958 پارتیمان بە سەركردایەتی مستەفا بارزانی نەمر هەموو خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و ئایینەكانەوە لە ژێر ڕەشماڵی شۆڕشی ئەیلول كۆیكردنەوە و بوونە یەك دەست و یەك دەنگ بۆ بەكژداچوونەوەی دوژمنان و بەدەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوەكەمان.
لە ماوەی ئەم 78 ساڵەی پارتیمان بە زۆر هەوراز و نشێو، پیلانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نێوخۆیی تێپەڕیوە، ئەزموونی زۆری هەیە لە سەر شكست پێهێنانی پیلانی دوژمنان. پارتیمان حزبێكی نیشتمانییە بۆ بەرگریكردنی خاكی كوردستان و مافە ڕەواكەی لە دایكبووە، حزبی دوێنێ، ئەمڕۆ، سبەی و داهاتووە، پارتیمان مەشخەڵی ڕیفراندۆم و پاراستنی خاكی كوردستان، شكۆ و ئاڵای كوردستانی هەڵگرتووە. پارتیمان گەنجە و بە گەنجی دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەی ڕێبازی پارتی و بارزانی ڕێبازێكی پیرۆزە و ڕاستە و دروستە و بڕوای بە دسپلین و بەرنامەكانی هەیە، بۆ پاراستنی خاكی كوردستان بە پلانی ستراتیژی تۆكمە هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێ، كاتێك پلان دادەنێت لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئەزموونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
هەموو كات پارتیمان لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە، لە بەرامبەر دوژمنانی كورد بۆ ساتێكیش سڵی لە مەترسی و پیلانەكانی دوژمنان نەكردۆتەوە بە بوێری و بڕوای زۆرەوە بە گژیاندا چووەتەوە، سەری ڕم بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان و بەرگریكردنی خاكی كوردستان. بۆ هەر كارێك كە هەنگاوی بۆ دەنێت بیر لە پاراستنی خاكی كوردستان و داهاتووی حزبەكەی دەكاتەوە، هەر بۆیە هەموو خەڵكی كوردستان بڕوا و متمانەیان پێی هەیە و بۆیە دوژمنانی كورد هەردەم حیسابی تایبەت بۆ بڕیار و بۆچوونەكانی پارتی دەكەن. پارتی لە ئەزموونی 78 ساڵەی وەك دەوڵەت حوكم دەكات و پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێم و پێكهاتەكانی كوردستان دەكات و پارێزەری مافی پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكانە بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی هەردەم لە پێشەوەی سەنگەر بووە، پێكهاتەكانیش بە یەقینەوە بڕوایان بە پارتیمان هەیە، پارتیمان حزبێكی نێودەوڵەتییە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیادا لە سەر ئاستی باڵای ئەو وڵاتانە و حكوومەتەكانیان پەیوەندییەكی پتەوی هەیە و وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ پارتیمان دەكەن و پێگەیەكی تایبەتی هەیە لەناو كەسایەتییە نێودەوڵەتییەكان.
پارتی لە هەر شوێن و جێگایەك بێت ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئەمن و ئاسایش لەوێیە خزمەتگوزاری باش پێشكەش بە هاووڵاتیانی دەكات. هەر پارتییە بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان دەكات و لە سەر قوتی خەڵك و بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خەڵكی كوردستان دەجەنگێ و شەڕی لە سەر دەكات وەكو دەبینین هەر پارتییە لەسەر بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان لە ململانێیەكی تووندایە لەگەڵ حكوومەتی عێراق. پارتی باڵانسی هێزە لە ناوچەكە، بەبێ پارتی هیچ بڕیاڕێكی سیاسی نادرێ تاكو ڕەزامەند نەبێت، نموونەشمان زۆرە. دەستكەوتەكانی پارتیمان زۆرن و بە چەند دێڕێك كۆتاییان نایەت، پارتیمان هەر بە نەمری و گەنجی و بڕەودان و نوێبوونەوە هەنگاو دەنێ و گەورەتر دەبێ. هەر شەكاوە بێت ئاڵای پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان.
سنەوبەر سابر، ئەندامی بەشی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرزڕاگرتنی ئەو یادە وتی: پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەن فەلسەفەیەكی تایبەتە لە گرنگیدان بە ئافرەتان و بەهەند وەرگرتنی ڕۆڵی لە كومەڵگە، ئەم پارتە هەر لە سەرەتاكانی دامەزراندنی بڕوای بە مافەكانی ئافرەتان هەیە و هەوڵی بەرەوپیش بردن و هوشیاركردنەوەی ئافرەتی كورد هەمیشە لە پەیڕەو و پروگرام و ئایدیای ئەم حزبە جێی بایەخ بووە. هەر لە سەرەتاوە لەنێو ئەندامانی سەركردایەتی ئافرەت هەبووە و كونگرە لە دوای كونگرە ڕێژەی بەشداری ئافرەتان و گەیشتن بە پێگەی باڵا و سەركردایەتی زیاتر بووە و ڕۆڵی زیاتری پیدراوە و لە كایە جیاوازەكان ئافرەت هەیە و دیارە هەر بۆیە ئافرەتی كورد ئومێدیان هەیە و متمانە بەم حزبە گەورەیە دەكەن و دێنە نێو ڕێكخستنەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو چەتریكی جەماوەری گەورە توانیویەتی تاكی كورد كۆبكاتەوە بە هەموو جیاوازییە بیر و فیكری و كۆمەڵایەتییەكانەوە و هەمیشە مافی تاكەكان جێی بایەخ و گرنگی بووە و هەوڵیداوە ئەو مافانە پێشیل نەكرێ و پاریزراو بێت و لە چوارچێوەیەكی ڕێكخراو بەدەست بهێنرێ. پارتی دیموكراتی كوردستان جێی متمانە و بڕوای گەلەكەمانە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێكخستنەكانی پتەوتر و پێگەی گرنگتر دەبێ لە نێوخۆ و جیهان چونكە داكوكی لە هەموو تاكێكی كورد دەكات و هەوڵی باشتركردنی ژیان و ئارامی كوردستان و بەرنامە و كاری هەمیشەییەتی. پارتی نەتەوەییانە بیردەكاتەوە و نەتەوەیی كاردەكات و هیچ دەستكەوتێكی نەتەوەی ناكاتە قوربانی بەرژەوەندییەكان.
جوان ئیمام، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان مێژوویەكی پڕ سەروەری تۆمار كردووە لە خەباتی سیاسی بەوەیكە (٧٨) ساڵە خەبات دەكات، چەندین قوربانی داوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ و لە ڕابردوودا پارتی لە شۆڕشەكانی ئەیلول و گوڵاندا لە پێناو ڕزگاری گەلێك بە گیان و دڵ تێكۆشاوە، بستێكی خاكی كوردستان نەماوە پارتی شۆڕشی تیدا ئەنجام نەدابێت و لە پێناو مافی ڕەوای گەلی كورد چەندین داستانی پڕ لە سەروەری تۆمار كردووە، تا كوردستانی گەیاندە كەناری ئارامی بارزانی نەمر هەموو تەمەنی خۆی بۆ شۆڕش و كوردایەتی تەرخان كردووە. هەر بارزانی نەمر بوو توانی كوردستان لە چنگی دوژمنان دەربهێنێت و ڕزگاری بكات و بیكاتە هەرێمێكی یاسایی و سیاسی و خاوەن پێگە و ڕۆڵی تایبەت و گرنگ لە ناوچەكە. لە سەر دەست و هێز و ئیرادەی پارتی یەكەم هەڵبژاردنی دوای ڕاپەڕین ئەنجامدرا.
كوردستان لە سایەی پارتی و سەرۆك بارزانی بووە خاوەنی حكوومەت و پەرلەمان و لە ماوەیەكی كەمدا بووە خاوەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پارتی لە پێش ڕاپەڕین و لە دوای ڕاپەڕینیش خاوەنی زۆرترین قوربانی و هەڕەشە بووە لەپاڵ ئەوەشدا خاوەنی زۆرترین جەماوەر و پێگەی سیاسی و دەسكەوتە، لە سایەی پارتی و بارزانی ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە ئاستی دەوڵەتان دایە و زۆر گرنگی بە پرسی پێكەوە ژیان داوە و لە قوربانیداندا پشكی شێری بەركەوتووە و لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی كوردستاندا هەمیشە ڕۆڵی گرنگی هەبووە بڕیارەكانی هەردەم لە بەرژەوەندی كوردا بووە و بڕیاری ڕیفراندۆم نموونەی زیندووە كە گەورەترین شانازی بوو بۆ كورد كە 93% ی كورد دەنگی بە بەڵێ داوە. پاراستنی كوردستان لە شەڕی داعش و زاڵبوون بە سەر ئەو قەیرانانەی بە سەر كوردستاندا هات هەموو لە سەر دەستی پارتی و بارزانی بوو. كاردانەوەی بڕیارەكانی پارتی بۆ ساڵ و دوو ساڵ نەبووە، بەڵكو درێژخایەن و نەتەوەیی بوون، پارتی حزبی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووە، ئومێدی تەواومان بە پارتی هەیە و هەر پارتییە هیوا و ئومێدی كورد و كوردستان. وڵاتان نەك وەك حزب بەڵكو لە وەكو دەوڵەتێك هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەن و ئەو بانگهێشتە فەرمییانەی وڵاتانی ناوچە و ئەورووپی و ئەمریكی ئەوەمان بۆ ڕوون دەكەنەوە كە ئەوانیش دركیان بە پێگە و سەنگی پارتی كردووە. بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرابووە كە هەركات پارتی بەهێز بووە كوردستانیش لەوپەڕی هێزدا بووە، ئاسایش و ئارامی ئێستا لە سێبەری شەونخوونییەكانی پارتی هاتۆتەدی.










