
خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- دوای چەندین ساڵ لە گرژی و ململانێ لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان، ڕووسیا دەستی بە گۆڕینی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەو بزوتنەوەیە كردووە، ئەمەش بە هەڵگرتنی بەربەستەكانی یاسایی و سازشكردنی پەیوەندییەكان، ئەم هەنگاوەش پرسیاری زۆر لەسەر هۆكار و پاڵنەرەكانی پشت ئەم نزیكبوونەوەیە نوێیە دەوروژێنن. ڕۆژنامەنووس كیریل كریڤۆشیڤ، لە ڕاپۆرتێكدا كە لەلایەن دەزگای (كارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی)یەوە بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، پێش بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی (سانت بترسبۆرگی ئابووری نێودەوڵەتی) ئەمساڵدا، كە لە ساڵی 2022ـەوە وەفدی بزوتنەوەی تاڵیبان تێیدا بەشدار دەبێت، كرملێن سەركەوتنێكی بانگەشەیی پێشكەشی سەرانی ئەفغانستان كرد، وەزارەتەكانی دەرەوە و داد لە ڕووسیا، پێشنیارێكی فەرمییان پێشكەشی سەرۆك، ڤلادیمێر پۆتین، بۆ لابردنی (تاڵیبان) لە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی پۆلێنكراو لەلایەن ڕووسیاوە كرد. ئەمەو تاڵیبان لە ساڵی 2003ـەوە، شانبەشانی گرۆیەكانی وەك ئەلقاعیدە لەم لیستەدا بووە، بەهۆی پاڵپشتییان بۆ جوداخوازانی باكووری قەفقازیا بوو لەو كاتدا. ڕووسیا لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان بەهێزتر كردووە. پێشوازیشی لە دەیان شاندی نوێنەری بزوتنەوەكە لە چەندین بۆنەدا كردووە.
لەسەر ڕێچكەی مۆسكۆدا
كازاخستانیش لە مانگی كانوونی دووەمی 2023دا بڕیارێكی هاوشێوەی دا، هەرچەندە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی بە لادانی پەردە لەسەری بە ئاشكرا كرد. لە وڵاتێكی دیكەی گەورە لە ئاسیای ناوەڕاستدا، كە ئۆزبەكستانە، تاڵیبان هەرگیز وەك ڕێكخراوێكی توندڕەو پۆلێن نەكراوە. ڕاستییەكەی دیپلۆماتكارانی ئۆزبەكستان ڕۆڵی پێشەنگیان لە پاڵنان بەرەو دانپێنان بە تاڵیبان وەك هێزێكی هەرێمایەتی گێڕا. لە 28ـی ئایاری 2024دا، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی ڕووسیا جەختی لەوە كردەوە، كە تاڵیبان ئێستا دەسەڵاتی ئەفغانستانی بەدەستە، لە ئێستادا نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئەو وڵاتە دەكات، بۆیە پێویستە پەیوەندی لەگەڵدا دروست بكرێت، هەربۆیە ئەم لێدوانە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە مۆسكۆ چیتر وەك گروپێكی توندڕەو مامەڵە لەگەڵ تالیباندا ناكات، گوایە گرۆیەكی توندڕەوە و نوێنەرایەتی ڕەوتێك دەكات، كە بۆ ماوەیەك دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵكو بەو سیفەتەی دەسەڵاتێكی كردەنییە و بە تێپەڕبوونی كات، لە حكوومەتێكی كەتوارەوە و بۆ حكوومەتێكی دانپێنراو دەگۆڕێت. لە لایەكی دیكەوە، ڕەوایەتی ئەم پێشنیازە بە دابەزینی توانای تەناهی و كردەوەكانی سوپای ئەفغانستان، هەروەها باقی هێزەكانی ناوخۆی ئەفغانستان بە بەراورد بە توانا سەربازییەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان پەیوەستە. توانای ئامرازەكانی دەسەڵات بۆ بەرزەفتكردنی دۆخەكە، بە دەروازەیەك بۆ بەگەنكردنی حكوومەتەكان و مامەڵەكردنیان لەگەڵی دادەنرێت، كە بە گوێرەی تواناكانی بۆ پارێزگاریكردن لە پابەندییە دەرەكییەكان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی دەبێت. كاتێك تاڵیبان لە مانگی ئابی 2021دا، لە ناوەندی دەرچوونێكی پشێوی هێزە چەكدارەكانی ڕۆژئاوادا تەڤلی كابول بوو، زۆر كەس پرسیان، ئایا بزووتنەوەكە دەتوانێت وڵاتەكە بەڕێوەببات. هەرچەندە تا ڕادەیەك سەقامگیری بەدیهاتووە، بەڵام ئەمە كەمتر بۆ لێهاتوویی بەڕێوەبردنی تاڵیبان دەگەڕێتەوە و زیاتر بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە، هێشتا بە ملیاران دۆلار لە یارمەتییە مرۆییەكان بەسەر ئەفغانستاندا دەبارێت.
ڕێوشوێنی تەناهی توند
گۆشەگیری تاڵیبان و ئامادەیی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەكانیان بەبێ وەرگرتنی پەنابەران، لە مانەوەی نەهامەتییەكانی وڵات وەك كێشەیەكی ناوخۆ یارمەتیدەر بوو. هیچ كام لەو پێشهاتانەی كە ناوچەكە ترسی لێیان هەبوو نەهاتە دی، وەك ئەوەی گروپە تیرۆریستییە نوێیەكان خۆیان لە ئەفغانستاندا جێگیر بكەن، یان جەماوەریەتی بەرچاوی تاڵیبان سرووش بە ئیسلامییەكانی دیكە ببەخشێت، یان بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان گەشە بكات. لایەنگرانی بیانی تاڵیبان كەمن و تەنانەت بۆ مەترسیدارترین توندڕەوەكانیش، ئەفغانستان بۆ نیشتەجێبوون شوێنێكی سەرنجڕاكێش نییە. لە كاتێكدا بەرهەمهێنانی بەنگەمەنی ئەو كاتە گەشەی كرد، كە تاڵیبان باڵی بەسەر وڵاتەكەدا كێشابوو، بەڵام ئەمە سەری نەگرت، كاتێك ڕێوشوێنی توند گیرایەبەر.
داعشی ویلایەتی خۆراسان بەهێزتر بووە
ڕۆژنامەنووس كریڤۆشیڤ لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت، ڕاستە شانەكانی داعش- ویلایەتی خۆراسان كە بنكەكانیان لە ئەفغانستانە، بەهێزتر بووە، هەرچەندە ناكۆكی لەسەر ئەوە هەیە كە ئایا تاڵیبان بەرپرسیارە لەو كارە یان نا. هێرشە كوشندەكە بۆ سەر هۆڵی كرۆكوس ستی لە مۆسكۆ لە مانگی ئاداردا، ڕادەی بەربڵاوی نێودەوڵەتی ڕێكخراوی داعش- ویلایەتی خۆراسانی دەرخست. لەو كاتەی كرملێن بە فەرمی كیێڤ بە هۆكاری ئەو هێرشە دەزانێت، پەیوەندی بەردەوام و چەند كەڕەتی مۆسكۆ لەگەڵ تاڵیبان و لابردنی لە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لە شەڕی دژی داعشدا، هەوڵ بۆ هاوكاری پتەوتر لەگەڵ كابول دەدات. بەڵام بەدیهێنانی ئەمە ئەستەم دەبێت، نەخاسمە تاڵیبان نكۆڵی لە بوونی هیچ چەكدارێك لەسەر خاكەكەیدا دەكات. هەروەها ڕێگریكردن لەوەی وڵاتەكە ببێتە سەكۆیەك كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆ بكات، بووەتە گۆڕانكارییەكی سەرڕاست لە سیاسەتەكانی ڕووسیادا، ئەمەش لەبەر هەڵكشانی مەترسییەكانە، لە هەمبەر ئەگەرەكانی بەكارخستنی داعش لە جەنگەكانی لە جیاتی لە بەرژەوەندی لایەنە دژەكاندا، ئەوەش لە تۆمەتەكانی هەندێ بەرپرسی ڕووسی بۆ ئۆكراینا دەركەوت، گوایە دەستی لە هێرشێكی تیرۆریستییدا هەبووە.
پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوورییەكان لەگەڵ تاڵیبان
دوور لە كێشە تەناهییەكان، مۆسكۆ هیواخوازە پەیوەندییە ئابوورییەكانیشی لەگەڵ تاڵیبان پەرە پێ بدات. بەرپرسانی ڕووسیا جارێكی دیكە، دەستیان بە قسەكردن لەسەر بەكارهێنانی ئەفغانستان وەك ناوەندێكی تێپەڕبوون بۆ هەناردەكردنی گازی سروشتی ڕووسیا بۆ هیندستان و گواستنەوەی كاڵای دیكە بۆ بەندەرەكانی پاكستاندا كرد. بەڵام ئەمە پێویستی بە ڕاكێشانی بۆری غاز لەناو شاخەكاندا دەبێت، لەگەڵ درێژكردنەوەی هێڵی شەمەندەفەر، كە لە ئێستادا لە مەزار شەریف لە سەر سنووری ئۆزبەكستان كۆتایی دێت. كریڤۆشیڤ پێی وایە، هەرچەندە ڕێڕەوی باكوور-باشوور لە ڕووسیاوە بۆ زەریای هیندی، بەناو خاكی ئازەربایجان و ئێرانەوە بەختی بەدیهێنانی هەیە، بەڵام هێڵی شەمەندەفەر لە ئەفغانستانەوە بۆ پاكستان، خەونێكی دوورە و هەمووان (ئۆزبەكستان، ڕووسیا، كازاخستان و ئەفغانستان) هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن، بەڵام لەو گۆڕەدا كەس ناتوانێت بەدی بهێنێت. كاتێك باس لە پەیوەندییە ئابوورییەكانی ئەفغانستان لەگەڵ دراوسێكانی دەكرێت، زۆر شت هەیە كە هێشتا نادیارە. بەگوێرەی ئامارەكانی بانكی نێودەوڵەتی بێت، هاوردنی ئەفغانستان لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 7.8 ملیار دۆلار، هاوكات هەناردنیشی گەیشتووەتە 1.9 ملیار دۆلار، ئەمەش بۆ وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 40 ملیۆن كەسە بڕێكی كەمە. ناوەندی كارەكانی ڕووسیا لە ئەفغانستان، مەزەندە دەكات قەبارەی بازرگانی نێوان ڕووسیا و ئەفغانستان، بگاتە نزیكەی یەك ملیار دۆلار، كە پێنج قاتی ساڵی 2021. ئەلێكسی ئۆڤەرچوك، جێگری سەرۆكوەزیرانی ڕووسیا، ژمارەیەكی خاكی خستەڕوو كە بڕەكەی 560 ملیۆن دۆلارە. هەڵسەنگاندن بۆ بڕی ڕاستی ئەم ژمارانەش ناشۆیە، تەنها لەبەر ئەوە نا، كە داتاكانی گومرگی ڕووسیا نهێنین، بەڵكو لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری بازرگانی لەگەڵ ئەفغانستان، چەندین جار پەڕینەوە لە سنوور دەگرێتەوە و بە پارە یەكلایی دەكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، داتاكانی ئۆزبەكستان، كە پەنجەرەیەكی سەرەكی جیهانە بۆ ئەفغانستان، هەندێك ڕوونی دەخاتەڕوو. ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئۆزبەكستان لەگەڵ دراوسێكەی تەنها لە ساڵی 2023دا، گەیشتە 784 ملیۆن دۆلار، پێشبینیش دەكرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا لەوە زیاتر بێت. هەروەها ڕادەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان كازاخستان و ئەفغانستانیش هێشتا ڕوون نییە. لە كاتێكدا ئەستانە بانگەشەی ئەوە دەكات، بازرگانییەكەی لەگەڵ ئەفغانستان بەهاكەی یەك ملیار دۆلارە، تاڵیبان دەڵێت، وڵاتەكەی بە بڕی تەنها 340 ملیۆن دۆلار كاڵای لە كازاخستانەوە وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا داهاتووی كازاخستان و ئەفغانستان، بە بەراورد لەگەڵ ڕووسیا و ئەفغانستان گەشاوەتر دەردەكەوێت. كریڤۆشیڤ دەڵێت، سەیر دەبێت ئەگەر ڕووسیا وەبەرهێنانی زیاتر لەوەی چین لە ئەفغانستاندا بكات، چونكە چین سەرچاوەی زیاتری هەیە، هەروەها سنووری وشكانی هاوبەشیشی لەگەڵ ئەفغانستاندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت پەكینیش لەم ساڵانەی دواییدا، لە بەكارخستنی پارە لە ئەفغانستان دوودڵ بوو. تاكە وەبەرهێنانی گەورە و زانراوی چین، ئەو 49 ملیۆن دۆلارەیە كە كۆمپانیای نەوت و گازی ئاسیای ناوەڕاستی چین، بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی نزیك هێرات خەرجی كردووە. گومانی تێدا نییە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەفغانستان گەورەیە، بەڵام بۆ چین پاتێكی كەمە.
دەسەڵاتی ئەفغانستان بە دەستی كێوەیە؟
بە گوتەی ڕۆژنامەنووس كریڤۆشیڤ بێت، وەبەرهێنان هێشتا لە ئەفغانستان بە ئاڵنگاریی دادەنرێت. لەبەر ئەوەی هەرچەندە تاڵیبان سێ ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا دامەزراوەی كارای میری دانەمەزراندووە، هێشتا دیاریش نییە كێ وڵات بەڕێوەدەبات، دەنگۆی ئەوە هەیە، هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆكی باڵای تاڵیبان مردووە. سەرەڕای بەڵێنەكانی گرتنەبەری ڕێبازێكی لیبڕاڵتر، تاڵیبان پارێزگاریی لە كۆت وبەندی توند لەسەر ئافرەتان كردووە و ڕێگەش نادات كچان بخوێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووسیا، كازاخستان و وڵاتانی تری ئاسیای ناوەڕاست، جگە لە هەڵگرتنی كۆت و بەندە سەپێندراوەكانی سەر تاڵیبان، هیچ بژارەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە، ئەویش لەمەیاندا تەنیا نییە. سیراجەددین حەقانی، وەزیری ناوخۆی بزوتنەوەكەش، لەلایەن نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیەوە داواكراوە، كە تاكو 10 ملیۆن دۆلار، بەرامبەر بە زانیاری لە بارەی شوێنی مانەوەی پێشكەش دەكات. بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەربەستەكانی گەشتكردنی لەسەر خۆی و سێ سەركردەی دیكەی تالیبان هەڵگرت و ڕێگەیان پێ دەدات بێ بەربەست گەشت بكەن. دوای گرنگیدانێكی بەرچاوی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2021دا، ئەفغانستان لە سەردێڕە سەرەكییەكاندا نەما. وای لێ هاتووە، هیچ شیاو نییە پۆلێنكردنی توندڕەوی بۆ فەرمانڕەوا ڕاستەقینەكانی وڵات بهێڵدرێتەوە. بەڵام ڕەواییدان بە تاڵیبان لەلایەن وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستانەوە، زیادبوونی پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەكان، یان بووژانەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان مسۆگەر ناكات.
سەرچاوە: www.aawsat.com