دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا: بەپێی پێوەرەکانی کوالێتی هەوا، لە دوای 70 نمرەوە پێویستە ماسک ببەسترێت
لوقمان شێروانی: ڕێژەی سەوزایی بۆ شارێکی ئاسایی پێویستە 30% بێت، بەڵام لە هەولێر ڕێژەی سەوزایی نزیکەی 12%ـەیە
خەبات: هەولێر:- بەهۆی پیسبوونی ژینگەی شار و لەسەر بڕیاری بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگای هەولێر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی خستە بواری جێبەجێكردن و بڕیاریشیدا موەلیدەکانی کارەبا فلتەر بكرێن و لێپرسینەوە لەو ئۆتۆمبێلانەش بكرێت، کە دووکەڵ و پاشماوەی ژەهراوی دەردەدەن. لە هەنگاوی یەكەمیشدا بڕیاری داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی جێبەجێكرا، کە هۆکاربوون بۆ بڵاوکردنەوەی دووکەڵێکی چڕ بەسەر شارەکە و زۆربوونی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و ئۆتیزم و لەبیرچوونەوە و هەناسەتەنگی و نەخۆشیی سییەكان و چەندین نەخۆشی دیکە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ڕوونکردنەوەیەکیدا دەڵێت: پشتگیری لە ڕێکارەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكەین بۆ داخستنی پاڵاوگەی نایاسایی، کە بەبێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی ڕێنماییەکان دامەزراون. هەر لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە ڕێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانەش پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی ڕێنماییەكانە و بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكان ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگین.
پسپۆڕێکی بایۆلۆژی ئاماژە بەوە دەکات کە پیسبوونی هەوا هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی دوو هەزار نەخۆشی، کە بەشێک لەو نەخۆشییانە بەشێوەیەکی بەربڵاو خەڵک بە دەستییەوە دەناڵێنێت. هاوکات شارەزایەکی هۆشیاریی ژینگەیی ئاماژە بەوە دەکات، کە هەندێک ماددە تێکەڵی بەنزین دەکرێت، “ماددەی قەدەغەکراون” و لە دونیادا وەك هۆکارێک بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە ناسێندراون. ئەوەیش دەخاتەڕوو کە ڕێژەی سەوزایی بۆ شارێکی ئاسایی پێویستە 30% بێت، بەڵام لە هەولێر ڕێژەی سەوزایی نزیکەی 12%ـە، سەرباری هەبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە پاڵاوگە و کارگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان.
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا مامۆستا لە بەشی بایۆلۆژی زانکۆی کۆیە، سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: “بابەتی ژینگە هێندە هەستیار و لەسەرخۆیە، تا نەکەویە ناو مەترسییەکە (وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیە) درکی پێ ناکەین، هەتا ساڵی 2010 کێشە ژینگەییەکان زۆر کەم بوون، ڕێگاش لە زۆر هۆکار دەگیرا کە کاریگەرییان لەسەر تێکچوونی ژینگە هەبوو، ئێستا چونکە هۆکارەکان زۆر خێرایە، دەتوانم بڵێم شۆڕشێکی پیشەسازی کە لەناوچەکە سەریهەڵداوە، کاریگەرییەکانی ئێستا بەدیار دەکەوێت لە پیسکردنی خاک و ئاو و هەوا، ئەوەی زۆر دیارە و لەبەرچاوە، پیسکردنی هەوایە و بووەتە گفتوگۆیەکی گەرمی هاووڵاتییان”.
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی: ” ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگە هەیە، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکانی کارەبا هەن و هەموویان هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوا، ئەگەر سەیری تۆپۆگرافیای هەولێر بکەین بەراورد بە شارەکانی دیکە، دەبینین شوێنەکەی تەخت و نزمە، چیا و گردی لێ دوورە، ئەمەش وایکردووە هەواگۆڕکێی کەم بێت، ماددەکانیش قوڕسن و دەمێننەوە، بۆیەش بە بەردەوامی هەست دەکەیت هەواکە پاک نییە”.
لەبارەی ئەو ماددە ترسناکانەی کە لەئەنجامی پاشماوەی پاڵاوگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان دەردەچن، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتی: “هەندێک ماددە هەیە لە لەش دەمێننەوە، هەموو ئەو ماددانەی کە پێویست بێت بۆ لەش بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەچێتە ناو کرداری هەرسکردنەوە، بەڵام هەندێک ماددە هەن وەکو کانزاکان و ترشەکان و زەرنیخ و کاربۆناتەکان، کە ئەمانە لە ئەنجامی تەواو نەسووتانییان، وا دەکات بەشێک لەو گازانە دەربدات و کاتێک دەچێتە ناو لەشمان، لەش ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات و دەچێتە سەر جگەر و کۆدەبێتەوە و ڕێگە لە زیندەچالاکییەکان دەگرێت، ئەمەش وا دەکات نەخۆشییەکان یەک بەدوای یەک بەرۆکی مرۆڤ بگرن، هەروەها کاتێک ئەم پیسییە لە ئەنجامی نیشتن جارێکی دیکە تێکەڵ بەخاک دەبێتەوە، پێکهاتەی خاکەکە دەگۆڕێت”.
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی: “بۆ نموونە لە بەشێک لەو ناوچانەی پاڵاوگەکانی تێدایە، کۆلێژی کشتوکاڵ چووە گەنمی هێناوە بۆ پشکنین، بەڵام نەیانتوانیووە بیهاڕن بۆ ئارد، کاتێک پێکهاتەکانییان تێست کردووە، دەرچووە ئەو پێکهاتە نەبووە کە لە گەنمی ئاساییدا هەیە و هەمووی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی پسیبوونی خاک و ئەو پاشماوەی ئەو پاڵاوگە و کارگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدانەیە، ئەمە لە کاتێکدایە هەولێر پیسترین هەوای هەیە بەراورد بە شارەکانی دیکە، چونکە بارستە هەوا دەمێنێتەوە، هەروەها هەولێر پایتەختە و ئەمەش وایکردووە کە ژمارەی کارگەکان زیاتر بێت، لەسەر ئاستی عێراق هەندێکجار دووەم شار و هەندێکجار سێیەم پیسترین شارە، بەداخەوە پێشتر هەولێر یەکێک لەو شارانە بوو کە پاکترین هەوای هەبوو”.
ئەو پسپۆڕەی بواری بایۆلۆژی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم پیسبوونەی هەوا دوو هەزار نەخۆشی لەخۆ دەگرێت و لەمبارەیەوە گوتی: “ئەو نەخۆشییانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پیسبوونی هەوا هەیە نزیکەی دوو هەزار نەخۆشین، بەڵام ئێمە زیاتر کار لەسەر شێرپەنجە دەکەین لە کاتێکدا نەخۆشی قورستر و مەترسیدارتر هەیە، وەک جگەر، چاو، کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، نەخۆشی زەهایمەر، تووڕەبوون، نەزۆکی و ئۆتیزم، هەروەها کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی تاک هەیە و هۆڕمۆنی تێکدەدات و زۆر حاڵەت هەیە کەسێک ئارەزووی ڕەگەزگۆڕینی خۆی دەکات”. دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی: “ئەو ماددانەی کە هەیە وەک کادمیۆم، زەڕنیخ، مێرکەری، لید، سێ بەقەد ئەوەیە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی قبوڵی دەکات، هەمووشیان هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکانن”.
بەپێی پێوانی پێوەری کوالێتی هەوا، هەوای هەولێر لە سەرووی 100 نمرەیە و بە دۆخێکی ناتەندروست هەژمار دەکرێت و لەبارەی خۆپاراستن لەم دۆخە، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتی: “بەپێی پێوەرەکانی کوالێتی هەوا لە دوای 70 نمرەوە پێویستە ماسک ببەسترێت، بەڵام ئەو ماسکەش کاریگەری خراپی هەیە، چونکە بەشێکی زۆریان ماددەی پلاستیکی تێدایە کە ئەمە بۆخۆی یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونە و کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە”هاوکات شارەزایەکی هۆشیاریی ژینگەیی، ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت چاوەڕوانی تەندروستییەکی پارێزراو بکەیت، ئەگەر ژینگەکەت پاک نەبێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەندێک پاشماوە لە سووتەمەنییەکان دەردەچن کە لە دونیادا قەدەغەکراوە و سەرچاوەی نەخۆشییەکانە، بەڵام لە هەرێم بەکاردێت.
لوقمان شێروانی شارەزای هۆشیاریی ژینگەیی، دەڵێت: “هەوایەکی پاک، 87%ـی ماددەی نایترۆجینە، 21%ـی ئۆکسجینە و 1%ـی گازەکانی دیکەیە، ئەگەر ئەم داتایانە گۆڕانکاریی بەسەردا هات، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم شوێنە هەواکەی پیسە، لە شاری هەولێر کە زیاد لە 140 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، نزیکەی هەزار و 500 شوێنیش مۆلیدەی هەیە، نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ژینگە پیس بکەن، بەڵام ڕێژەکەی دەبێت داتا زانستییەکان دیاری بکەن. ئەو داتایانەی کە لە مانگە دەستکردەکان وەریدەگرن، پسپۆڕانی بواری ژینگە تێبینییان لەسەری هەیە، چونکە کەشوهەوای تۆز و خۆڵ و ئەگەر هەوریش لە ئاسمان هەبێت وەک پیسبوون دەیخوێنێتەوە، ئەمەش کێشەیە، بۆیە باشترین شت دانانی ئامێرەکانە لە چەند گۆشەیەکی شار بۆ ئەوەی ڕادەی پیسیی هەوای شارەکە بزانین”.
لوقمان شێروانی گوتیشی: “پیسبوونی ژینگەی هەولێر تەنیا بەهۆی پاڵاوگەکان نییە، بەڵکو دەبێت مۆلیدەکانیش هەڵبگیرێن کوالێتی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکانیش باشتر بکرێت، هەروەها دەبێت ڕێژەی سەوزایی زیاد بکرێت و تاک هۆشیاریی هەبێت لە ڕووی پاراستنی ژینگەوە، تاکە شت کە بتوانێت هاوسەنگی ژینگە ڕابگرێت، بوونی ڕێژەیەکی باشی سەوزاییە، تاکە شت کە هەوا پاک دەکاتەوە دار و دارستانەکانە، ئەگەرچی لەلایەن پسپۆڕانەوە ڕێژەی سەوزایی بۆ شوێنێکی ئاسایی نیشتەجێبوون لە نێوان 25-30% دیاریکراوە، ئەمە بەبێ هەبوونی ئەو هۆکارە پیسکەرانەی کە زۆر ترسناکن وەکو زۆری پاڵاوگە و کارگە و مۆلیدە و ئۆتۆمبێلەکان، چونکە بوونی ئەوانە حاڵەتێکی نائاساییە”.
د. بەختیار عەبدوڵڵا
لوقمان شێروانی
ئەو شارەزایەی بواری ژینگە دەشڵێت: “ئەو داتایانەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیەتی، ڕێژەی سەوزایی لە چەقی شارەکان ناگاتە 13%، کە ئەمە ڕێژەیەکی کەمە، ئێمە کاتێک تەندروستیمان پارێزراوە کە ژینگەیەکی پاکمان هەبێت”. لەبارەی ڕێنماییە ژینگەییەکانیش سەبارەت بە شوێنی پاڵاوگە و کارگەکان، گوتی: “تێبینی لەسەر شوێن و کوالێتی و پاشماوەی پاڵاوگەکان هەیە کە ئەم پاشماوانەش تێکەڵ بە خاک دەبێت، پاڵاوگەکان نابێت نزیک بن لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە، ئەوەی ئێستا هەیە شوێنەکانییان زۆر نەگونجاوە لە هەموو ڕوویەکەوە، دەرهاوێشتەکانییان کاریگەریی خراپی هەیە، هەروەها پاڵاوگەکان دەبێت لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوە دابمەزرێت، نابێت هەر کەس هەڵسایەوە چەند تانكییەک دابنێت و نەوتی خاو بکوڵێنێت و بیکاتە بەنزین”.
لوقمان شێروانی گوتیشی: “یەکێک لەو شتانەی کە ئەو پاڵاوگانە بەرهەمی دەهێنن بریتییە لە گاز و بەنزین، بەڵام بە کوالێتی نین، بەڵکو بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک ماددەی وەک قورقوشم و ڕەساس بەرهەمی دەهێنن، ئەو ماددانە لە ساڵی 1992ـەوە لە ئەمریکا و ئەورووپا قەدەغەکراون، چونکە ماددەی ترسناکن و گازی ژەهراوین، بەڵام من ئۆتۆمبێلەکەی خۆم بردۆەتە پشکنین دەركەوتووە لە بەنزینەکەدا ماددەی قورقوشم هەیە. بەپێی ڕاپۆڕتە تەندروستییەکان، ماددەی قورقوشم هۆکارێکە بۆ شێرپەنجە، کەواتە نابێت ئەم ماددەیە بەکاربهێنرێت، هەروەها لە ڕووی نیودەوڵەتییەوەش قەدەغەکراوە”.
ئەو شارەزایەی بواری ژینگە ئاماژە بەوە دەکات کە داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە ژینگە كراوە، بەڵام بە پاساوی نەبوونی دادوەری تایبەتمەند، داواکە ڕەتکراوەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: “یاسای ژمارەی 8ـی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە، ئەگەر بکرێت دادگای تایبەت بە پرسی ژینگە دابمەرزێت، ئەوە هەنگاوێکی باش دەچینە پێشەوە، لەمەوپێش دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە داوایەکی لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم کردبوو، کە دادگایەکی تایبەت هەبێت بە پرسی ژینگە، بەڵام بەداخەوە ڕەزامەندی نەدرابوو بە پاساوی ئەوەی کە دادوەری تایبەتمەند بەم پرسە نییە، ئومێد دەکەین ئەوان بگەنە ئەو باوەڕەی، كە پرسی ژینگە وەک هەر پرسێکی دیکە گرنگی پێ بدرێت”.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێم سێ هەزار و 108 مۆلیدەی كارەبایی هەیە، کە حەفت هەزار و 354 مۆلیدە لەخۆدەگرێت و ئەو مۆلیدانەش بەشێوەیەکی بەردەوام کارەبای هاووڵاتییان دابین دەکەن. هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ژمارەیەدا، هەزار و 342 مۆلیدە دەکەوێتە هەولێر، هەزار و 150 مۆلیدە دەکەوێتە سلێمانی و 540 مۆلیدەش دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، ئەمە جگە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پاڵاوگە و کارگە و نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلیش لە شاری هەولێر هەیە.