بەرەی تورکمانیی یەکگرتوو لە عێراق، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکانە و لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە عێراق رایگهیاند : ئەوەی شەوی ڕابردوو لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا کراوە پێشێلکردنی یاساکانە. تێبینی یەکەمان لە سەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکە لە دەرەوەی پێکهاتەی هاوپەیمانیی پارێزگای کەرکووکە کە سەرۆکوەزیران سوودانی پێکی هێناوە. ئێمەش هەر لە سەرەتاوە پشتیوان بووین لە سەرخستنی پرۆژەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەو ئیدارەیەی پێک هێنراوە، ئێمە بە پێشێلکردنێکی سیاسیی دەزانین.
ڕاشیگەیاند، کۆبوونەوەکە پێچەوانەی بڕگەی 13 لە ماددەی چوارەم لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە کە تێیدا هاتووە “دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بێت بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی پێکهاتەکانی پارێزگا بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن”.
گوتیشی: لەگەڵ ئەوەی دانیشتنەکەی هۆتێل ڕەشید بەبێ ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لە بەغدا و بەبێ ئامادەبوونی پێکهاتەی تورکمان بەڕێوە چووە، ئەمەش پێشێلکردنی دەقی ئەو کۆنووسەیە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 11/7/ 2024 ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پاند بن و پێش دانیشتنی دووەمی ئەنجوومەن ڕێککەوتن بکەن.
تۆران ڕاشیگەیاند “بۆیە دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسایە و هەمووان دەزانن دانیشتنەکە بەبێ ئاگاداری و بانگهێشتی سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە. ئەمەش پێشێلکردنی ماددەی حەوتەمە لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008 ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دووپاتدەکاتەوە بۆیە دەرئەنجامەکانی دانیشتنەکە بە پێچەوانەی یاسا دەزانین و پەنا دەبەینە بەر دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێک و دابەشکارییەک لە کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید کراوە”.