پ. د. نەسڕەت سابیر خۆشناو
پەروەردە تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە لە مامۆستاوە بۆ قوتابیان، بەڵکو زۆر لەوە گشتگیرترە، بەو پێیەی پەروەردەکردنی قوتابیان و دابینکردنی خوو و زانیاری و چەمک و کارامەیی جۆراو جۆریش دەگرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە لەسەر مامۆستا هیچ کام لە هونەرەکان یان هیچ کام لە زانستەکان بەجێ نەهێڵێت بەبێ پشکنین بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرێت. هەر بۆیە بەرکەوتنی مامۆستا بە زانستەکانی تر یارمەتی دەدات بۆ فراوانکردنی هۆشیاری و ئاسۆی مەعریفی. ڕۆشنبیری مامۆستاش یەکێکە لەو شتە بەسوودانەی کە کاریگەری لەسەر دروستبوون و کامڵبوون و پێگەیشتنی کەسایەتییەکەی دەبێت، بەمەش لە قوتابخانە و کۆمەڵگاکەیدا کاریگەری زیاتری دەبێت، جگە لەوەش دەوڵامەندی کەلتووری مامۆستا یارمەتی دەدات بۆ خۆراکدان و بەرزکردنەوەی ئەو کەرەستە و مەنهەجانەی کە وانەی پێ دەڵێتەوە.
ئاشنابوونی مامۆستا بە کولتوری باوی کۆمەڵگا هۆکارێکە بۆ ئەوەی چێژ لە نەرمی و نیانی وەربگرێت کە یارمەتی دەوڵەمەندکردنی پیشەی پەروەردەییەکەی دەدات، هەروەها زانیارییەکی زۆری و هەمەچەشنی هەیە کە پێشکەشی قوتابیان دەکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕاکێشانی سەرنجیان کە وانەکە دەڵێتەوە چێژێکی زیاتریان پێ دەدات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی قوتابیان بە مامۆستا کاتێک هەست دەکەن پێویستیان بە زانیارییەکانی ئەو هەیە لە هەموو کاتێکدا. هەروەها زۆربوونی ڕۆشنبیری یارمەتی مامۆستا دەدات بۆ دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆی نێوان خۆی و ئەوان و پێدانی زانیاری نوێ پێیان بۆ زیادکردنی دەرئەنجامە ئەکادیمی و کولتوورییەکانیان و زیاتر ئاشنابوونیان بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری و سیاسی سەردەمیانە، وە ئەو پێداویستییە پێویستانەی کە پەیوەندییان بەوانەکەوە هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە کۆمەڵگاکەیان بکەن.
وە بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت پەروەردە بێت، پێویستی بە زانیاری و ئاشنابوونێکی زۆر هەیە لەگەڵ ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ڕێبازانەی ژیان کە بەدەوریدا دەسوڕێنەوە ئەمەش دواجار یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی بابەتی پسپۆڕییەکەی بە شێوەیەکی باشتر بخاتەڕوو، چونکە… ئەو نموونانەی کە مامۆستا پێشکەشی دەکات لە واقیعی ژیانی ڕۆژانە دەبێت. بەس نییە مامۆستا شارەزا بێت لە بابەتی پسپۆڕییەکەی، بەڵکو دەبێت خاوەنی کەلتوورێکی دەوڵەمەند بێت و شارەزای لایەنەکانی زانستەکانی سەردەمی خۆی بێت، بەتایبەت ئەگەر پسپۆڕ نەبێت لە هەندێکیان.