
خهبات ـ محهمهد حوسێن
چاودێرێكی سیاسی له شاری سلێمانی باس له پێگهی پارتی دیموكراتی كوردستان دهكات و دهڵێت: لهم ههڵبژاردنهدا پارتی دیموكراتی كوردستان پێگهی گرنگ و بایهخداری ههیه.
مهرد عهلی ڕهسووڵ خاڵه، چاودێری سیاسی له سلێمانی بۆ ڕۆژنامهی خهبات دهڵێت: هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەک پرۆسەیەکی گرنگی ئەو وڵاتانە دادەنرێت کە پابەندی سیستەمی دیموکراسین و تیایدا دەنگدەران بڕیار دەدەن کێ دەسەڵات وەربگرێت و نوێنەرایەتیان بکات لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا، پێش هەڵبژاردنە گشتییەکان، چەندان ڕاپرسی لەلایەن دەزگه تایبەتەکانی بواری هەڵبژاردنهوه بە وەرگرتنی نموونەیەکی دیاریکراو لە دەنگدەران بە چەندان مێتۆدی جیاواز ئەنجام دەدرێت. وا دیارە کوردستانیش وەک هەرێمێکی دیموکراسی بێبەش نییە لەم جۆرە ڕاپرسییانە و چەندان دەزگای کاریگەر هەن کە پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکەن و ئەنجامی ڕاپرسییەکانیان لە ڕابردوودا زۆر نزیک بوون لە ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن. ئهوهشی خستهروو: هەرچەندە ئەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان دیاریکردووە، بریتییە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، بەڵام ڕاپرسییە سەرەتاییەکان دەریانخستووە بۆ ئەمجارەشیان پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە. دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان زۆر لێزانانە هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵ و پەیامی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو دەکەن و ئەوانن بڕیاری سزا و پاداشت دەدەن. گوتیشی: یەکەمبوونی پارتی لە ڕاپرسییەکانی هەڵبژاردن شتێکە هەروا ئاسان بەدەست نەهاتووە، بەڵکوو بەندە بە چەند بابەتێکی گرنگیی نیشتمانی وابەستە بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانیان. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان حکوومەتی گرتەدەست لە بارودۆخێکدا کە چەندان گرفتی سیاسی، ئابووری و تەندروستی بەرۆکی کوردستانی گرتبوو. بەڵام وەک هەمیشە ئەم حزبە شانیدایە بەر ناڕەحەتییەکان و بۆ چرکەیەکیش سازشی نەکرد لەسەر ماف و ئیستحقاقی گەلەکەی لە چوارچێوەی عێراقدا. ئەمە لەکاتێکدا لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە حکوومەت وەک هەمیشە هاوڕێی نیوەڕێگهبوون و خۆیان ببوون بە ئۆپۆزسیۆنێک کە بە ڕەخنە ڕووخێنەرەکانیان هەوڵی ئیفلیجکردنی کۆی پرۆسەی سیاسیان لە وڵاتدا دەدا. دهشڵێت: لە ڕووی ئابووریشەوە، هەرچەندە جەنابی سەرۆکی حکوومەت هاتە سەر قاسەیەکی بەتاڵ و چەندان ملیارد قەرز کە بەهۆی بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق کەڵەکە بووبوون، بەڵام واش سڵی نەکردەوە لە هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی جوومگە ئابوورییەکان لەپێناو دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەک و برەودان بە پرۆسەی ئاوەدانیش لەلایەکی دیکە. سیاسەتی ئابووری سەرۆکوەزیران مهسرور بارزانی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە داراییەکان بە جۆرێک بوون کە بێ ئەوەی دۆلارێکی دیکە قەرز بهێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، مووچەی دابینکرد و قەرزێکی زۆری وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانیشی دایەوە.
مهرد عهلی ڕاشیگهیاند: پیادەکردنی ستراتیجی هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان هەوڵێکی بێ پێشینە بوو و لێکەوتەی ئەرێنی هەبوو بەسەر سێکتەری بازرگانی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ لە وڵاتدا. بۆ یەکەم جار بەرهەمی جووتیارانی کوردستان گەیەنرایە وڵاتانی ئەورووپی و کەنداو و چەندان سایلۆی ناوخۆیی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بنیاتنران. لە ڕووی پەیوەندییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە، دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. سەرۆکوەزیران بارزانی لە ڕێگهی مامەڵەی واقعیانە و بێ موجامەلە توانی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان کوردستان و عێراق بهێنێتە سەرمێزی گفتوگۆ و ماف و ئیستحقاقی خەڵکی کوردستان بێ سازشکردن لە یاسای بودجەدا بسەپێنێت. لەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان باجی بەرگریکردنی لە بەهاکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و نەچوونە ژێر باری داواکاری نابەجێی وڵاتانی ئیقلیمی دەدات. بۆیە ئەگەر دەتانەوێت ئەم نموونە جوانەی دیموکراسی و پێکەوەژیان بمێنێتەوە و گەشە بکات، دەبێت سەرڕاست بن لە بەڵێنەکانتان و هانی حکوومەتی عێراق بدەن بۆ گوێگرتن لە داوا ڕەواکانمان.
ئهو چاودێره پێشی وایه بابەتی گەندەڵی و چاکسازی یەکێکی دیکەیە لە ڕێکارە گرنگەکانی سەرۆکوەزیران مهسرور بارزانی لە چوار ساڵی ڕابردوودا. هەنگاوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەوەندە کاریگەر و توندبوون کە چەندان جار لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوی بەشدار لە حکوومەت ئاستەنگ و ڕێگری بێ بنەمای بۆ دروست دەکرا. ڕێکخستنەوەی باج، داهاتە ناوخۆییەکان، کۆکردنەوەی پارەی ئاو و کارەبا، نەهێشتنی قاچاخچێتیی سنوورەکان و چەندان بابەتی دیکە کۆمەڵە ڕێکارێک بوون کە باری ئابووریی کوردستانیان بردە قۆناغێکی دیکەی گەشانەوە.
ئهوهشی خستهروو: ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سروشتییەکان و برەودان بە کاروانی ئاوەدانی شانازی زۆر گەورەن کە بەر کابینەی نۆیهمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەون. داتا فەرمییەکان دەرخەری ئەوەن کە زەرەر و زیانەکانی لافاو لە چوار ساڵی ئایندە بە ڕێژەی ٦٠٪ کەمیانکردووە، ئەویش لە ڕێگەی نەهێشتنی زێدەڕۆیەکان و بنیاتنانی چەندان بەنداو و پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو. بنیاتنانی ڕێگاو بانی شایستە و خێرا لە ناوخۆ و دەرەوەی شارەکان بە پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان کە بووەتە هۆکاری ئاسانکردنی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی زیانه گیانی و ماددیەکان لەلایەک، هەروەها نزیککردنەوەی دووری نێوان شار و لادێکان لە لایەکی دیکە کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی پۆزەتیڤی هەبووە لەسەر دەستگەیشتنی دانیشتووانی گوندەکان بە ناوەندی شارەکان لە ماوەیەکی کەمدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دەستکەوت و هەڵوێستە نیشتمانیانە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیان لەوەی کە متمانەدانەوە بە پارتی و سەرۆک وەزیران بارزانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو زامنی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و بەردەوامبوونی پڕۆژە ئاوەدانییەکانە.