سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە دروستكردن و دانانی كۆشكی مۆدێرنە لەسەر شەقامە گشتییەكان و لەڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە، دەیەوێ زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی 8ی 2024، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ئاگادارییەكی فەرمی بڵاو كردووەتەوە، كە ئیمزای ئەندازیار – كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێری لەسەرە، “لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی خزمەتکردن و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ڕەخساندن و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان و هاووڵاتیان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکرا زۆرترین هەلی کار بۆ هاونیشتمانیانی هەولێر دەڕەخسێنێت.”

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەو هەلی كارانە ڕوون دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: “بە دروستکردن و دانانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆشکی مۆدێرن بەمەبەستی سوودمەند بوونی هاووڵاتیان و کارکردن تێیدا، ئەوەش دەبێتە بەشێکی گرنگ لە جوانی سیمای شاری هەولێر و زۆرترین هەلی کار، کە بڕیار وایە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 7ی 8ی 2024، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر زیادکردنەکە بەڕێوەبچێت.”