وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5/8/2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە: “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان، پشتگیری لە ڕێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوگەی نایاساییەکان دەکات، کە بە بێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی ڕێنوێنییەكان دامەزراون، كە جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی كار و لاناز و قەیوان، مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و ڕێنوێنییەكانی وەزارەت كار دەكەن، پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە ڕێنوێنییەكان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی ڕێنوێنییەكانە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە، پێویستە ڕێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی مۆلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتیی باش بەپێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر، بۆ ڕێگری لە ساغكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن.
هەر لە ڕوونكردنەوەكەدا جەخت لەوەش كراوەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان ئامادەی هەماهەنگی و هاوکارییە لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.