پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، ناوی هیچ چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە لا نییە و مانگانەش مووچەكانیان كاتێك خەرج دەكرێت، بەبێ داتا و وردەكاریی چەكدارەكان ئەو مووچانەیان پێ دەدرێت.
لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (الرابعة)، سەجاد سالم، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق رەتیكردەوە كە ئەو ئامانجی لە قسەكانی هێرشكردنە سەر حەشدی شەعبی بێت، بەڵام مەبەستیەتی بە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی بڵێت كە ئێوە هیچ گەرەنتییەكتان لە ئەركەكانتاندا نییە، چونكە ناوەكانیان لای وەزارەتی دارایی عێراق نییە و لە هەر كاتێكدا دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەكانیان بیاننێرنەوە ماڵەوە، ئەوان هیچ مافێكی سكاڵاكردنیان نییە.
گوتیشی: ”داتاكانی ئەو چەكدارانە، ژمارە و ناوەكانیان، لە لای وەزارەتی دارایی عێراق نییە. بەڵكوو مانگانە دەستەی حەشدی شەعبی مووچەكانیان وەردەگرێت و خۆی دابەشی دەكات. وردەكارییەكان و ئەوەی كە چەند كارمەندن و ناوەكانیان و ئەگەر یەكێك دەركرا مافی سكاڵای هەیە یان نا؟ ئەوا لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق نییە و وەزارەتی داراییش ئەو داتایانەی نییە. ناوەكان تەنیا لای دەستەی حەشدی شەعبی هەیە.“
لە كۆتایی قسەكانیشدا جەخت دەكاتەوە كە ”دەستەی حەشدی شەعبی وا مامەڵە دەكات كە قەوارەیەكی دابڕاوە لە دەوڵەتی عێراق.“