خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- ئه‌وانه‌ی یاری گۆڕه‌پان و مه‌یدان ئه‌نجام ده‌ده‌ن بێگومان پێویستە لەش ولارێکی تەواو و بەهێزیان هەبێت، ئینجا ده‌توانن درێژە بەم یارییە بدەن، خاتوو ڕەنا بەرەکات محەمەد دەرچووی پەیمانگای پەروەردەى وەرزشی دهۆکە و یه‌كێكه‌ له ‌یاریزانه‌ بەتوانا و ئاست به‌رزه‌كانی دەڤەرى ئاکرێ، ئەو کچە وەرزشوانە لە بارەى هاتنی بۆ نێو دونیای وەرزش دەڵێت: سەرەتا لە پەیمانگای پەروەردەى وەرزشی دهۆک دەستم بەوەرزش کرد و لە ئێستاشدا لە رێگەى ئەنجامدانی یاری گۆڕەیان و مەیدان خۆشبەختانە ئەنجامی بەرز و بەرچاوم لە سەر ئاستی کوردستان و عێڕاق بەدەستهێناوە.

هەر له‌باره‌ی دەستکەوتە وەرزشییەکانی خۆی، خاتوو ڕەنا بەرەکات گوتى: یەکەم بەشداریکردنم لە ماراسۆنى ماوە درێژى شارۆچکەى ئاکرێ بوو، توانیم پلەى یەکەم بەدەست بهێنم، هەروەها لەسەر ئاستی لاوانی عێڕاقدا و ئاستی کوردستاندا لە ڕاکردنى 1500 م توانیم ژمارەى پێوانەیی بشکێنم و پلەکانی یەکەم و دووەم دەستەبەربکەم.

هەروەها دەڵێت: ئەم وەرزە لە دوایین بەشداریکردنمدا لە پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان لەگەڵ یانەى وەرزشی کەلار بوو، بۆیە لە دواى پاڵەوانێتییەکە پەیوەندیم بەهیچ یانەیەک نەماوە و لە ئێستادا من وەک کچە یاریزانێک بێ یانەم.

هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و ڕاهێنه‌رانه‌ی كه‌سوودێكی زۆری لێیان بینیوه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ پێشخستنی ئاستی وه‌رزشی خاتوو ڕەنا گوتی: به‌سوپاسه‌وه‌ هه‌موو كات ده‌یڵێمه‌وه‌ سوپاسی مامۆستایانی پەیمانگەى پەروەردەى وەرزشی دهۆک دەکەم، کە بوونە هۆکاری لێهاتوویی و ئاست بەرزیم لە یاری گۆڕەپان ومەیداندا، بەڵام به‌داخه‌وه‌ لەو وڵاتە تەنها گرنگی بەیاری تۆپی پێ دەدرێت و یارییەکانی دیکە فەرامۆش کراون، هەروەها كێشه‌ی نەبوونی یاریگایەکی تایبەت بەیارییەكانی گۆرەپان وم ەیدان لەکوردستان بۆتە هۆکارێک کە ئەو یارییە ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو نەمان بچێت، پێش نەكەوێت.