خەبات: عەلی بانیشاری:- لێكۆڵینەوە لەو كۆمپانیایانە دەستیپێكردووە كە ئەمساڵ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانیان بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری و ڤیزای جۆراوجۆر بردووەتە وڵاتی سعوودییە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیش دەڵێت: هێشتا ژمارە و ناوی ئەو كۆمپانیایانە دیار نییە كە لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف خەڵكیان بردووەتە حەج.

فارس جەوهەر ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی لێكۆڵینەوە چاوپۆشی لەو كۆمپانیایانە ناكات و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان. لیژنەی لێكۆڵینەوە پاش ئەوە پێكهێنرا كە ژمارەیەك لەو هاووڵاتییانەی بە ڤیزای جۆراوجۆر سەفەری وڵاتی سعوودییەیان كردبوو لە كاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا گیانیان لەدەستدا.

فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: ئەو لیژنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتیی بۆ لێكۆڵینەوە لەو كۆمپانیایانە پێكهێنراوە كە بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیان بردووە بۆ حەج دەستبەكار بووە. گوتیشی: لیژنە هاوبەشەكە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان و تاوەكو كارەكانیان تەواو نەبێت نازانین چەند كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری خەڵكیان بردووەتە وڵاتی سعوودییە. ئاماژەی بەوەشدا بۆ زانینی ژمارە و ناوی كۆمپانیاكان چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لیكۆڵینەوەن. هەروەها فارس جەوهەر ڕاشیگەیاند: ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی خۆی دەكات و چاوپۆشی لە هیچ كۆمپانیایەك ناكرێت كە بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری خەڵكی بردبێتە حەج.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەشڵێت: دیار نییە كاری لێكۆڵینەوە لەو كۆمپانیایانە چەند كاتی پێویستە، ئەوە دەمێنێتەوە سەر ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان، بەڵام هەر كات كارەكە بە كۆتا هات، بێگومان ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن. دەشڵێت: تاوەكو ئێستا نازانین ژمارەی ئەو هاووڵاتییانە چەندە كە ئەمساڵ بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری چوونەتە حەج، چونكە ئەو كەسانە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییەوە سەفەریان نەكردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵ لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ 4685 كەس فەریزەی حەجیان ئەنجامداوە. فارس جەوهەر دەڵێت: لەو 4685 كەسه‌ی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینەوە چوونەتە وڵاتی سعوودییە، تەنیا دوو كەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام نزیكەی 30 كەس كە لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف و بە ڤیزای جۆراوجۆر چوونەتە حەج گیانیان لەدەستداوە.

پێشتر وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندوو، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی سعوودییە، لە دەرەوەی وەزارەتمان كە بووەتە هۆی مردن و بێسەروشوێنبوونی چەندین هاونیشتمانی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە فەرمانی وەزاری ژمارە (117) لیژنەیەكی بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتیی پێكهێناوە.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەڵێت: ئەو كۆمپانیایانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە و بە ڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەكان خەڵكیان بردووە بۆ وڵاتی سعوودییە، تاوەكو لێكۆڵینەوەكان كۆتایی پێدێت، سڕ دەكرێن و مافی بەشداریكردنیان نییە بۆ گەشتەكانی عومرە.