ئەمڕۆ شەممە 3/8/2024، سوپای پاسداران، لە راگەیاندراوی سێیەمی لەبارەی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، بە هەڵدانی مووشەکێکی کورتمەودا بە کڵاوەیەکی تەقەمەنی بەهێز کە بڕەکەی حەوت کیلۆگرام بووە، لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی میوانەکان کراوە.
سوپای پاسداران روونی كردووەتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمەریکا کراوە و بەبێ تۆڵەسەندنەوەش تێ ناپەڕێت، بەڵام لە کات و شوێنی گونجاودا باجێکی قورسی ئەو تاوانەیان دەدەنەوە.
شەوی رابردوو، ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، وردەكاریی نوێ لەبارەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماسی لە زاری سەرچاوەیەكی سوپای پاسداران بڵاو كردووەتەوە، سەرچاوەكە ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەك بۆمبی چێندراو داوە كە لە چەند ژوورێكی شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە دانرا بوون.
هاوكات سەرچاوەكەی سوپای پاسدار، دووپاتی لەوە كردووەتەوە، كە ژمارەیەك پاسدار، لە یەكەی (ئەنسار مەهدی) لە ئۆپراسیۆنی كوشتنی هەنییە بوون.
ئەنسار مەهدی یەكەییەكی سوپای پاسدارانە، ئەركی پاراستن و سەلامەتیی بەرپرسانی باڵایە.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكە ئەوەی خستۆتە ڕوو، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، زیاتر گرنگی و پێداگرە لەسەر ئەوەی بزانێ، ئەو كەلێنە ئەمنییە چییە رووی داوە، لەوەی تۆڵە بكاتەوە.
هەر بە گوتەی سەرچاوەكە، بۆمبە چێندراوەكان لە سێ ژوور دانراون، یەكێك لەوانە ژووری میوان بووە، كە ئیسماعیل هەنییە لێی دانیشووە. دووپاتی لەوە كردووەتەوە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل(مۆساد) سیخوڕی ئاسایشی ئێرانی بەكرێ گرتووە، بۆ دانانی بۆمبی چێندراو لە ژووری هەنییە.