خەبات: ساسان دەروێش:- ئەوەی تەنیا بۆ جارێک چاوی بەکوردستان بکەوێت و گوێبیستی ناوی پێشمەرگە بووبێت و مێژووی لە خوێن هەڵکێشراوی شۆڕش و سەرکردەکانی خوێندبێتەوە، هاوکات چیرۆکی لاوێکی ئەمەریکی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ دایک و باوکی وخوشک و برایەکی دێنە کوردستان و لەسلێمانی دەبنە مامۆستاو کاردەکەن لەدوای تەواوبوونی و ماوەی کارکردنیان دەگەڕێنەوە ئەمەریکا، بەڵام کوڕەکەیان بەناوی کەیلەب مەکلامب ناسراو بە سوورە، چونکە منداڵ بووە و تێکەڵی منداڵانی کوردستان بووە، هاوڕێیەتی لەگەڵیاندا هەبووە لەیاریکردن لە قوتابخانەو کۆڵانی گەڕەک و تێکەڵبوون بەکولتووری کوردەواری، دەچێتەوە ئەمەریکا هەموو ئەو یادگارییە خۆشانەی بەبیر دێتەوە و لە پاداشتی خۆشەویستی بۆ کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ و پۆستەکانی و پەیامە کورتەکانی دەیەوێت زیاتر پرسی کورد و شوناسی کوردستان لە زمان وخاک وئاڵا بە هەموو دنیا بناسێنێت.

ئێستا بەسەردانێک هاوڕێ لەگەڵ مستر کورد ڕەحیم ڕەشیدی چالاکوان و نووسەرلە ئەمەریکاوە گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان و سوورەی ئەمەریکیش دەیەوێت لەم گەشتیەیدا کۆمەڵێک سەردان و دیدار بکات وناوچەکانی کوردستان بگەڕێت، دواتر بیانکاتە پەیامی کورتی سۆشیالمیدیا و بەگوێی دونیایدا بدات.

سەمیر نزاری بەرپرسی دەزگای سەنگەرو پێشمەرگە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و خزمەتکاری ناوی شەهیدان و پێشمەرگەیە خەڵاتی تۆ پێشمەرگەیان پێشکەش کەیلەب مەکلامب و ڕەحیم ڕەشیدی کرد لەم بارەیەشەوە سەمیر نزاری بۆ خەبات گووتی: بەهیوام بەهەگبەیەکی پڕ لەخۆشەویستی کوردستان بگەڕێتەوە ئەمەریکا، نزاری دەربارەی خەڵاتکردنەکە بۆ خەبات گوتی: لای هیچمان شاراوەنییە کە سوورە ئەو گەنجە ئەمەریکی و کورد دۆستە لە ئەمەریکا بەپۆشینی جلی کوردی و ئاڵای کوردستان و قسەکردن بەزمانی شیرینی کوردی چ ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر دەبینێت لەنێو جیهانی بەرفراوانی سۆشاڵمیدیا، هەموو پۆستەكانی لەسەر کورد و کوردستانن، کاریگەریی لەسەر خێزان و هاوڕیکانیشی داناوە، هەمووانی فێری زمانی کوردی کردووە، هەمیشە ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگرێت، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.