خەبات: هێمن ئاری:- هونەرمەندی دیاری کوردستان بەهجەت یەحیا، دوای چەند ساڵێک دابڕان لەکاری هونەری و نەبوونی هیچ بەرهەمێکی نوێ، بە چەند بەرهەمێکی نوێوە دەگەڕێتەوە بۆ لای هەوادارانی و سێ بەرهەمی نوێ بەیەکەوە بڵاودەکاتەوە.

لەبارەی میهرەبانی جەماوەر و نوێترین كاری هونەری، هونەرمەند بەهجەت یەحیا، ڕاگەیاند: لەڕاستیدا خۆشەویستی و میهرەبانی گوێگران بوو بە هەوێن و لەدایکبوونی سێ بەرهەمی نوێ، راستە ماوەیەکی زۆرە بەرهەمی نوێم نەبووە، بەهیوام لەڕێگەی ئەو بەرهەمە نوێیانە جارێکی دیکە بتوانم تێنوویەتی گوێگرانم بشکێنم و دەخۆشییان بکەم، بەهجەت یەحیا، باس لەو بەرهەمە نوێیانەی دەکات کە یەکێکیان لە هۆنراوەی خۆیەتی، هەروەها دەڵێت: بەرهەمێکی تریان هۆنراوەی بێسارانییە کە پیرەمێرد کردوویەتی بە کرمانجی ناوەڕاست، سێیەمین بەرهەمیش لە هۆنراوەی گۆزەکەی خەیامە. بەو هیوایەم بەدڵی هەمووان بێت.

لەبارەی ئاواز و موزیكی ئەو سێ گۆرانیە و ناوی یەكێك لە بەرهەمەكان، هونەرمەند بەهجەت یەحیا گووتی: هەرسێ بەرهەمەکە لە ئاوازی خۆمە، ئارام سەرداریش میوزیکی بۆ داناوە و لەگەڵ کۆمەڵێک میوزیسیانی بەتوانا بەرهەمەکانم تۆمارکردوون، بەهجەت یەحیا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: یەکێک لە گۆرانییە نوێیەکان ناوی “پرچی سپیت”ە و لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ڕێککەوتی 1 ـی ئاب، کاتژمێر 7 ئێوارە بڵاودەکرێتەوە.

بەهجەت یەحیا، هونەرمەندێکی دیاری باشووری کوردستانە، لە ساڵی 1965 لە گەڕەکی کانی ئاسکانی سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر و گۆرانی بووە و یەکەم گۆرانی لە ساڵی 1985 تۆمارکردووە، ئەم هونەرمەندە بە شێوازە تایبەتەکەی و دەنگە عیرفانییەکەی ناسراوە، هاوکات میوزیسیانە و شارەزای هەردوو ئامێری تار و سازە، بەشداریی لە چەندین کۆنسێرتدا کردووە و داهاتەکەی بەخشیووە بە رێکخراوە خێرخوازییەکان و چارەسەری تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە.