وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە هەموو پێداویستییەكانیانەوە، بەشێكی نوێی فریاكەوتن و سەنتەرێكی نوێی فریاگوزاریان لە دەڤەری ڕاپەڕین كردووەتەوە و ئێستا هەموو پێداویستییەكی تەندروستی بەردەستە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی 7ی 2024، لەدوای تەوابوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەتی باڵای وەزارەتی تەندروستی لە دەڤەری ڕاپەڕین، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند: “هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی تەندروستیی دەڤەری ڕاپەڕین بین.”

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند: “لەگەڵ هاتنیشماندا، دوو پڕۆژەی گرنگمان بە فەرمی كردەوە، كە هەردووكی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە فریاكەوتن و ڕزگاركردنی ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، كە بریتییە لە كردنەوەی بەشێكی نوێی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ناحیەی سەنگەسەر بە تەواوی پێداویستییەكانییەوە لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە نزیكەی 200 ملیۆن دیناری تێچووە، هاوكات كردنەوەی سەنتەرێكی نوێ، كە سەنتەری فریاگوزاریی ژمارە 122، بۆ خێراتركردنی فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی هاووڵاتیانە، دەمانەوێ لە ئایندەیەكی نزیكدا فریاكەوتن لە دەڤەری ڕاپەڕین بكەوێتە كاركردن.”

د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا، كە بەراورد بە هەندێك ناوچەی دیكە، دەڤەری ڕاپەڕین و بیتوێن لە ڕەوشێكی تەندروستیی زۆر باش دایە و ئێستا هەموو پێداویستییەكی تەندروستی بەردەستە و هیچ كێشەیەك نییە.

گوتیشی: “بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی تەندروستیی دەڤەری ڕاپەڕینی لە 2 ملیارەوە بۆ زیاتر لە 6 ملیار دینار زیاد كردووە.”

لەبارەی پزیشكە ئێشكگرەكانەوە، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: “ئێمە سزای ئەو پزیشكانەمان داوە، كە لەكاتی ئێشكگریدا، كەمتەرخەم بوون و ئەركی خۆیان بە تەواوی جێبەجێ نەكردووە، چونكە ئەوە كەمتەرخەمییە بەرامبەر بە ژیانی مرۆڤ و پیرۆزی پیشەی پزیشكی و قبووڵیشی ناكەین.”