سوودانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنە عەرەبە سوننەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، رایگەیاندووە، گرنگە كارەكانی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك تەواو بكرێو بەردەوام بێت، بەبێ فەرامۆشكردنی هیچ پێكهاتەیەكی بڕیاردەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/7/2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ فراكسیۆنە عەرەبییە سوننەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كۆبووەوە و لەراگەیاندراوێكدا، ئاماژ بەوە كراوە، گرنگە پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك تەواو بكرێ و بەردەوام بیت.

هەروەها روونكراوەتەوە، رێككەوتن لە نێوان پێكهاتەكانی كەركووك و گەرەنتی بەشداری هەموو لایەنەكان بكرێت، بەبێ فەرامۆشكردنی هیچ پێكهاتەیەكی پێكهێنەری بڕیار، لەبەر ئەوەی كەركووك تایبەتمەندی خۆی هەیە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەی چەند جارێكە هەوڵ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگای كەركووك دەدرێت، بەڵام بەهۆی ناوكۆكیی نێوان لایەنەكان نەتوانراوە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە 16 كورسیی پێكهاتووە، حەوت كورسیی هی كوردە، شەش كورسی عەرەب، دوو كورسی توركمان و كورسییەك كریستیانەكانە.