فیلمی “شاردنەوەی سەدام حوسێن” لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە بەشێکی زۆر لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندراوە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لە بەشێکی دیکەی سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت، فیلمەکە لە سینەماکانی ئەوروپا لە سوێد، نەرویج، دانیمارک، فینلەند، بەلجیکا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و رۆمانیا، لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی، لە سعودیە، ئوردن، مەغریب و تونس پێشاندراوە.

هەڵکەوت مستەفا، لەبارەی پێشاندانی فیلمەکەی لە سینەماکانی جیهاندا دەڵێت: گرنگە بۆ ئەزموونی هونەریی دەرهێنەر فیلمەکەی لە سینەماکاندا پێشانبدرێت، نەوەک تەنیا لە فیستیڤاڵەکاندا، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەمای 15 وڵاتی عەرەبی پێشاندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق بڕیاری لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە نەداوە، لەبەرامبەردا دەرهێنەری فیلمەکە چاوەڕوانی ئەوەی لە حکوومەتی عێراق هەیە ڕێگە بە پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا بدات.

ئێدفا، ناوێکی درەوشاوەی جیهانی سینەما و بەڵگەفیلمە و یەکێک لە سێ گرنگترین فیستیڤاڵەکانی تایبەت بە بەڵگەفیلمە لە جیهاندا، یەکەم پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی ئەو فیستیڤاڵەدا بوو.

یەکەم پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بوو لە جەدەی سعودییە و دوو پێشاندانی لە 1 و 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ کرا، هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلم و عەلا نامیق، کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە، لە فیستیڤاڵەدا ئامادەبوون.

یەکەم پێشاندانی “شاردنەوەی سەدام حوسێن” لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و عێراق، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو کە چالاکییەکانی لە 9 بۆ 16ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە دهۆک بەڕێوەچوو، لە فیستیڤاڵەکەدا پێشوازییەکی بەرچاو لە فیلمەکە کرا و بینەرانی فیلم نۆرەیان بۆ کڕینی فیلمەکە گرتبوو “شاردنەوەی سەدام” چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 ڕۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.