ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی 7ی 2024، لە پرێس كۆنفرانسێكدا، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی خوێندنی ناحكوومی لە وەزارەتی پەروەردە لەنێوان پەیمانگە ئەهلییەكاندا بۆ ڕزگاربوانی دەستی داعش دابەشكارییەكی دادپەروەرانە دەكات، بە دابینكردنی كورسیی خوێندن بۆ ڕزگاربوانی دەستی داعش، لە دەرەوەی ئەو كورسییانە دەبێت كە بۆخۆیان تەرخان كراوە، واتە ئەگەر هەر پەیمانگەیەك 100 كورسیی خوێندنی بۆ تەرخان كرابێت، جگە لەو 100 كورسییە، ئەو كورسییانەشیان بۆ دەنێرین، كە ڕزگاربووی دەستی داعشن و مافیان هەیە لەو پەیمانگانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە بێبەرامبەر درێژە بە خوێندن بدەن و بەبێ ئەوەی كە لە پشكی ئەو پەیمانگانە كەم بكرێتەوە.”
وەزیری پەروەردە گوتیشی: “ئەو فەرمانە بە بڕیاری جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، كە فەرمانی دا، وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتنی قوتابیانی ڕزگاربووی دەستی داعش، هەموو ئاسانكارییەك لە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەردەدا بكات، ئەو فەرمانەش لەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت و بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.”
ئالان حەمەسەعید باسی لەوەش كرد، كە وەك قەرەبوویەك، بەشێك لە كوردانی ئێزدی بەهۆی ئەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەی كراون، لە خوێندن دابڕاون، هەتا ئێستاش هیچ قوتابییەك بەدەر لە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەدە لە پەیمانگەكان وەرنەگیراوە، بەڵام بۆ كوردانی ئێزدی و ڕزگاربووی دەستی داعش هەموو ئاسانكارییەك كراوە، “بەو هیوایەین، كە توانیبێتمان خزمەتێك بە ئێزدییەكان بكەین.”
لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژیش، وەزیری پەروەردە دەڵێت: “بۆ تەرخانکردنی پارەی وانەبێژان، سەرۆک وەزیرانی عێراق یاداشتی لەسەر ئەو نووسراوە کردوو و داوای تەرخانکردنی شایستەی مانگانەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی ناردووە و داوای بۆچوونی وەزیری کردووە.”
ڕوونیشی كردەوە، ئەو نووسراوە بۆ تەرخانکردنی پارەیە نەک بۆ بەگرێبەستکردن، چونکە پرۆسەی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دەكرێت.