وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەردەوام دەرگامان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێری دارایی کراوەبووە بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچەو داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان.”

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

ئاماژە بەوەکراوە، لەدیدارێکدا ا لەسەر کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە وەزارەت و دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا گفتوگۆ کراوە.

جەخت کراواەتەوە، وەزیری دارایی پشتیوانی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانی بۆ کاری تیمە هاوبەشەکان دووپات کردەوەو ڕایگەیاند: “بەردەوام دەرگامان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێری دارایی کراوەبووە بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچەو داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان.”

بەپێ ڕاگەیاندراوەکە لای خۆشیانەوە شاندی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکانی وەزارەتیان کرد لەپای ئەو هاوکاری و هەماهەنگیانەی بۆ سەرخستنی کارەکانیان ئەنجامیانداوە.