وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووەوە و رایگەیاند: “کاری جدیمان بۆ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە.”

وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردەوە: ” دووشەممە 15/7/2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەت و لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران کە لە ڕۆژی 8/5/2024، بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەڕووی یاسایی و کارگێڕیی و داراییەوە پێکهێنراوە تا بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “لە ماوەی ڕابردوو لیژنە باڵاکە کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و ئێستا دۆسیەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاژە کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە هونەری و ئیدارییەکان تەواو بکرێت.”

هەروەها وەزیری دارایی ڕوونیشی کردەوە: “وەک وەزارەتی دارایی هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی فەرمانبەرانی گرێبەست بوونە و لەماوەی ڕابردووش هەرچی پەیوەست بووبێت بە وەزارەتەوە کاری خۆیان لەسەر کردووە.”

ئەوەش خراوەتە روو: “هاوکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ تەرخانکردنی دارایی و دیاریکردنی میلاکاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.”

جەختیش کراوەتەوە: “لای خۆشیانەوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوورییان کرد کە هەمیشە خەمخۆرو پشتیوانی دۆسیەکەیان بووە و هیوایان خواست لە نزیکترین کاتدا پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە پێی ئەو میکانیزم و ڕێکارانەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.”