پ.ی.د. ئەڤین فتاح حاجی مام*
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەمیشە گاپێک بوونی هەیە، کە لە ئەنجامی جیاوازی بەها و هەڵوێستەکانی نێوان نەوەیەک و نەوەیەکی تر، بەتایبەتی لە نێوان گەنجان و باوباپیرانیان ئەم گاپە پەیدا دەبێت، زیادبوونی پێداویستی ژیان لەم جیهانە کەرەستەیەدا، کە بۆتە هۆکارێکی سەرەکی ئەو نائومێدیە و گۆڕانکاری زیهنی و دیدگا و دونیابینینی گەنج بۆ ژیانکردن، سەرەڕای ئەمەش هەڵوێست و ڕۆڵی حکومەت لە پێشهاتەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی هۆکارگەلێکن بوونەتە بەربەستێک لەنێو گەنجان، کە وای کردووە نەتوانن مەزەندەی ژیانێکی گونجاو و شیاو بکەن بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، وایکردووە نائومێدانە ملی ڕێگاکە بگرنەبەر.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە، دەبێت قبووڵی بکەین کە گەنجەکان ناتوانن وەک باوباپیرانیان بن، دەبێت قبووڵ بکرێن وەک خۆیان بۆ ئەوەی تووشی ئەو نائومێدیە نەبن، ئەوەی ئەم بەرپرسیارەتەی لەسەرە جیلی ناوەندە، حکوومەتە، دامەزراوەکانە، سەنتەر و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانە، کە بە ناوی گەشەپێدان، ئەتەکێت سەردەمی نوێ، ئامۆژگارییە نازانستییەکانیان و پەیڤە قەڵەو قەڵەوەکانیان گەنجیان تووشی هەراسان، ڕەشبینی، بێ هیوایی، نا ئومێدی کردیە.
گەنج هەمیشە هێزی کارە لە سێکتەری ئابووری وکەلتووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و شارستانی، بۆیە ڕابەراییەتیکردنیان بە ئاراستەی درووست، کارێکی هەرە گرینگە، پێویستە دەستەیەکی ڕۆشنبیری و فکری و نەتەواییەتی و کەلتووری سەرپەرشتی و بەدواداچوونی بۆ بکات، یەکێک لە خاڵە هەرە گرینگەکانی گەڕانەوەی ئومێد لە نێو گەنجان، بریتیە لە نیشاندانی ئومێد بە ژیانکردن، دەبێت پیشانیان بدەین، کە چۆن کارە بچووکەکان دەتوانن جیاوازییەکی گەورە دروست بکەن. ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بکات پرۆژەیەکی مەزن بنیاد بنێ تا کاری تێدا بکات، دەکرێ تەنها بە زەردەخەنەک، پەیڤێک کەسێک دڵخۆش بکات، کە لە دەرئەنجام ئومێدێکی ساوا و تازە لۆ ناخی بەرجەستە دەکات.
بەشداری پێکردنی گەنجان لە سەرەتای تەمەنیان بە کاری خۆبەخش، چالاکی گرووپ، یان بەرنامە ڕۆشنبیرییە زانستییەکان، کە ئەم چەمکانە هەر لە دێرزەمانەوە کاری پێکراوە، بەڵام بە فۆرمی جیاواز، وەک کاری هەرەوەزی، لە سەردەمی کۆندا، دەبێت گەنجەکان فێری کەلتووری پاداشتی خوودی بکەین، وەک ئاهەنگگێڕان بۆ سەرکەوتنەکانیان.









