عەباس غەزالی
(دووەمین فێستیڤالا خانی ل ناڤەندا خانی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەهاندن ل ژێر جڤاکەکا ڕۆشنبیری بۆ پاشەرۆژەکا گەشتر)
جێی هێڤییە کە فێستیڤاڵی دووەمی ئەحمەدێ خانی لە لایەن ناوەندی خانی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت. ئاسۆی ڕوونی ئەم فێستیڤاڵە لەوەدایە کە دەکرێ ئەم کارە لە ئاستی یادەوەری و ڕێزلێنان بەرفرەتر بکرێت. واتا بە دیدێکی دوورتر و فراونتر جگە لە لایەنی زمان و ئەدەب ڕەهەندە گرینگەکانی دیکەی ئەحمەدێ خانی لە ئاستێکی دیکەدا لە چوارچێوەی ناوەندێکی توێژینەوەیی بۆ ناسین و ناساندنی ئەو کاری بناغەیی و کاریگەرتر بکرێت.
لای شارەزایان و ئاگاداران ڕوونە کە ئەحمەدێ خانی جگە لە ئەدەبیاتە شیرین و بەرزەکەی و ئەو خزمەتە مەزنەی کە بە نەتەوەی کوردی کردووە و ژنی بەهەند داناوە و کاری بۆ منداڵان کردووە و لە لایەنی ڕۆشنبیریدا کاریگەری هەبووە و هەیەتی، لووتکەی هزرییەکەی لەوەدایە کە کەسایەتییەکی سیاسەتزان بووە و بەو هۆیەوە بۆتە شوناس پێدەری تاکی کورد.
لە ڕووی هزری سیاسییەوە، خانی ئەو کات هەبوونی میرنشینی کوردی بە مەبەستی ڕزگاری و پاراستن و بەهێزبوون و ئازادیی گەلی کوردی بۆ گرینگ بووە و کیانی کوردی بە سەربڵندی داناوە. ئەو چوارسەد ساڵ پێش ئێستا هەبوونی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی بۆ نەتەوەکەی بە پێویست دادەنا. بە جۆرێک کە تەنانەت لە باسی ئەڤینیشدا بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز بەرجەستە دەکاتەوە و تێیدا کورد و کوردستان بە ئامانجی سەرەکی دادەنێت. لەو دەلاقەیەوە بە ڕوونی باسی زیانەکانی نەبوونی دەسەڵاتی کوردی و هەبوونی یەکێتی و یەکگری و پێکەوەژیان دەکات. ئەم وانەیەی ئەو بۆ ئێستای ئێمە لە هەمیشە گرینگترە کە ئەویش پاراستن و بەرەپێش بردن و بەهێزکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە لایەن هەموو کوردێک لە هەر جێگەیەکی ئەو جیهانەدا بێت.
ئەو ئاستەی بیرکردنەوەی خانی نەک هەر لە ناو کوردستاندا، بەڵکوو لە ناوچەکەشدا جێی سەرنج و سوود بووە بۆیە دەکرێ بیری ئەو وەک بیرمەندێکی کوردی ئاشتیخواز بە جیهان بناسێنرێت. بە تایبەتی، کەسایەتیی سیاسیی خانی کە بۆتە جێی شانازی تاکی کورد و بەشێک لە شوناسی کۆمەڵگەی کوردی، پێویستە بکرێتە فەرهەنگی کۆمەڵگەیەکی ڕووناکبیر بۆ تێگەیشتن لە گرینگایەتیی سەربەخۆیی و هەبوونی دەوڵەتێکی بەهێز و پڕ لە شانازی.
هەروەها پێویستە بیر و هزری ئەو بکرێتە فەرهەنگێک تاکوو بۆ هەنووکە و ئایندەش ببێتە سەرچاوەی ڕەفتاری بۆ تاکی کورد بۆ ئەوەی هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە پاراستنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پاراستنی کەڕامەت و کەسایەتیی خۆی ببینێت. خانی کە بە هەزار مشەقەت بە تاقی تەنیا بە چەکی نەرمی کەلتوور بناغەی خانەیەکی هزری و فەرهەنگی بۆ ئێمەی کورد بە زمانی کوردی داناوە، ئەرکی ئێمەیە کە بەپەڕی عەقڵانیەتەوە قەڵەم و ئاکار و ڕەفتاری ئەو بکرێنە وانەیەک بۆ ئەوەی بە بیرێکی ڕووناکتر بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین و لەو پێناوەدا بەرژەوەندیی تایبەتی خۆمان وەپێش بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتیمان نەدەین.
لەو ڕوانگەیەوە گرینگ ئەوەیە لە هەموو کۆنفڕانس و نووسینەکاندا ئەحمەدێ خانی تەنیا وەک ئەدیبێک بە نەوەی ئێستا و ئایندە و خەڵکی خۆیی و بیانی نەناسێنین، بەڵکوو بیری سیاسیی ئەو ڕوونتر بکەینەوە و بیکەینە وانەیەک بۆ ئەوەی جگە لە پاراستنی زمان و ڕەوشتی جوانی کوردانە پاراستنی کیان و حکوومەتی کوردستان و ئاشتی بکەینە ئامانج و لە بەرانبەردا ئاژاوە و شەڕ و ژێردەستەیی بە شوورەیی دابنێین.