ڕانیار وەسانی
كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژەی ژێرخانی ئابووریی كوردستانی تەواوکرد و بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی دانا.
لێرە و لەوێ هەندێ لایەنی سیاسی، دەیانەوێت كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەم، بەهەر شێوەیەک بێ، بەدیوێكی دیكەدا ببەن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە سەركەوتنی كابینەی نۆیەم لە قازانجی ئەواندا نییە، ئەوەی لەو كابینەیە بەدی دەكرێ، لایەن هەیە شان ناداتە بەر بەرپرسیاریەتی، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئۆباڵی بابەتی مووچە بخەنە ئەستۆی پارتی، ئەو هەوڵە بەردەوامە و ئێستاش دەیانەوێ بکەنە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، پارتی لە بەرپرسیاریەتی ڕاناکات، شانی داوەتەبەر حكومەتداریی كوردستان، رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شۆڕشی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانی گەیاندە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بەبێ جیاوازی.
ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی كابینەی نۆیەم، كە جێگای خۆشحاڵین، هەنگاوێكی ستراتیجیی گرنگن، بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان گرنگن، بۆ نموونە (پردی رانیە – مەرگە، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، شاری یاری میرۆ لە سنووری ئیدارەی سۆران، تونێڵی پیرمام لە هەولێر، بەردی بناغەی دروستكردنی سایلۆی هەڵەبجە، دروستكردنی عەلوەی ئاكرێ، کردنەوەی سایلۆی قوشتەپە و بەنداوی چەمرگە لەقەزای قوشتەپە هتد..).
لەڕووی بەنداو و پۆند، كابینەی نۆیەم کۆمەڵێک پۆند و بەنداوی ستراتیجیی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان دروست كردووە، ئەمانە بەشێكی گرنگن لە ژێرخانی ئابووریی كوردستان، جگە لەوە چەندان هەلی كاریش بۆ هاوڵاتیان دەرەخسێنێت.
هەناردەكردنی برنج و سماقی ئاكرێ و هەناری هەڵەبجە و سێوی بەرواری باڵا بۆ دەرەوە، هەنگاوێكی دیكەی حكوومەتی هەرێمە لەرووی زیادکردنی سەرچاوەی داهات و گرنگیدانی بە بەرهەمی نیشتمانی، ئەمەش ڕوڵی گرنگی لە پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.
رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی جووتیارانی بەردەڕەشی کرد و گوێی لە ڕا و بۆ چوونەكانیان گرت، ئەم بەسەرکردنەوەیە، هێندەی دیكە جووتیارەكانی خۆشحاڵكرد، ئەمەش پشتگیری و گرنگیپێدانی كابینەی نۆیەمە بە كەرتی كشتوكاڵ.
لەبواری رێگاوبان و بەدووسایدكردنی نێوان شار و شارۆچكەكان، كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، لە چوارچێوەی كار و پرۆژەكاندا، بەشێكی زۆری رێگاكانی ناوەوە و دەرەوەی، نێوان شارەكانی بەدووساید كرد، بۆ باشتر رایی كردنی كار و مامەڵەی هاوڵاتیان، زۆربەی فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكوومەت بوون بە ئەلیكتڕۆنی، ئەمەش بۆ كارئاسانی نێوان حكومەت و هاوڵاتیانە لە كاری رۆژانە، بێگومان كەم و كوڕی هەر دەبێت، بەڵام بەمانای ئەوە نییە، هەموو پرۆژەكان سفر بكرێنەوە، كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتن بەردەوامە.