سه‌ره‌تا وه‌رزش هەنگاریا ئامادەیە بۆ میوانداریكردنی ئۆڵۆمپیادی شەتڕەنجی 2024

هەنگاریا ئامادەیە بۆ میوانداریكردنی ئۆڵۆمپیادی شەتڕەنجی 2024

147
خەبات- هاوار مورتكەیی
بڕیارە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا لەماوەی نێوان 10 تا 23ی ئەیلولی ئەمساڵ میوانداری ئۆڵۆمپیادی شەترەنج بۆ ساڵی 2024 بکات.
45ەمین ئۆڵۆمپیادی شەترەنج تەواوی ئەستێرە دیارەكانی شەتڕەنج لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە، ئەم چالاکییە دەبێتە بڕگەیەکی دیکەی مێژووی دەوڵەمەندی شەترەنجی هەنگاریا، بەو پێیەی هەنگاریا یەکێکە لە سەرکەوتووترین وڵاتەکانی شەترەنج، ماڵی چەندین ئەستێرەی گەورەی شەترەنجە وەك، گێزا مارۆچی تا ئەندۆر لیلیانتال و لاسلۆ سزابۆ تا لاخۆس پۆرتیش، ئەندراس ئادۆرجان، زۆڵتان ڕیبلی و پیتەر لێکۆ، لە نێو ناسراوترین شەترەنجەکانی هەنگاری هەر سێ خوشکانی پۆلگار (جودیت، سوزان و سۆفیا).
مۆدێرنترین ناوەندەکانی بۆنە
ئۆڵۆمپیادەکە لە هۆڵی وەرزشی BOK بەڕێوەدەچێت کە یەکێکە لە مۆدێرنترین ناوەندەکانی بۆنە و ئاهەنگەکانی هەنگاریا کە ساڵانە زیاتر لە 120 بۆنە و چالاکیی لە خۆدەگرێت و دەتوانێت 10 هەزار کەس لەخۆبگرێت.
ئۆڵۆمپیادی شەترەنجی بوداپێست نەوەك هەر دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی هەڵبژاردەكانی جیهان، بەڵکو چەندین بۆنەی دیکەی تێدا دەبێت، لەوانە بەرنامەی کولتووری و بۆنە بۆ منداڵان، لە هەمان کاتدا کۆنگرەی FIDE شان بەشانی ئۆڵۆمپیاد میوانداری دەکرێت، لەگەڵ یادکردنەوەی 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی.
ئۆڵۆمپیاد هەموومان کۆدەکاتەوە
ئارکادی دڤۆرکۆڤیچ سەرۆکی یەكێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی لە لێدوانێكدا كە سایتی فەرمی ئۆڵۆمپیاد chessolympiad2024.fide.com بڵاوی كردۆتەوە دەڵێت: ئۆڵۆمپیاد هەموومان کۆدەکاتەوە و جارێکی دیکە پێمان دەڵێت شەترەنج تەنها ڕەش و سپی نییە، لەلایەكی دیكەوە دکتۆر زۆڵتان پۆلیانسکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی شەترەنج لە هەنگاریا لە مبارەیەوە دەڵێت: ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە میوانداری ئەم بۆنە گەورەیە بكەین، بۆ ئەمەش حكوومەتی هەنگاریا هەموو ئاسانكارییەك بۆ سەرخستنی ئەم ئۆڵۆمپیادە دەخاتەڕوو.