ڕوونكردنەوەیەك بۆ ئەو 75 هەزار مووچەخۆرە بڵاو كرایەوە، كە ئەم مانگە مووچەكانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە وەردەگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2024، پەیجی فەرمیی (هەژماری من) لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، چەند ڕێنوێنی و ڕوونكردنەوەیەكی بۆ ئەو 75 هەزار مووچەخۆرە بڵاو كردەوە، كە ئەم مانگە مووچەكانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە وەردەگرن، ئاماژە بەوە دراوە: “ئەگەر یەکێکیت لەو 75 هەزار مووچەخۆرەی کە ئەم مانگە لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەکەت وەردەگریت، ئەم خاڵە گرنگانەت بیر نەچێت کە سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەت کرد.”

1 – بریكارەكانی هەژماری من لای ئامێرەكانی پارە چاوەڕێتن، هەر پرسیارێك، یاخود كێشەیەكت هەبوو، ئەوان هاوكارت دەبن.

2 – مەرج نییە تەنیا لە یەك ئامێری ڕاكێشانی پارە دەستت بە مووچەكەت بگات، ئێستا لە 32 شوێنی جیاوازی هەولێر، دەتوانی تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت.

3 – دەتوانیت لە هەر كاتێك بێت، بە ڕۆژ و بە شەو، سەردانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بكەیت و تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت.

4 – بێگومان هەر پرسیارێكت هەبوو، دەتوانی لە سەرجەم هێڵەكانەوە، پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی هەژماری من بكەیت، لە ڕێگەی ژمارە (1991).