
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕای گەیاند بەهۆی هەوڵە نایاساییەکان و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواوە، ئەندامییەتی خۆیان لە ئەنجوومەنەكە هەڵپەسارد.
ئەندازیار ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە كە تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی ئەندامییەتی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.
كیكی لەبارەی هۆكارەكەشەوە، ئاماژەی بەوە دا كە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پابەندی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە و یاساکانی پێشێل کردووە، بە تایبەتی لەبارەی ناوچەکانی ماددەی 140 کە تایبەتمەندی یاسایی و دەستوورییان هەیە.
جێی باسە پێشتر فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەكەوە بڵاوی كردبووەوە كە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بووە کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت. ئەمەش لە كاتێك دایە كە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال و خەلیل هابش بە قایمقامی تەلەعفەر، رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر، عەلی محەمەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە دەستنیشان كرد.