گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید میقداد میری ڕایگەیاند سێ کەس بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانى ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و بەغدا دەستگیرکراون کە سەر بە ڕێکخراوی پەکەکەن.
عەمید میقداد میری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، ھێمن میرانی لە بەغدا گوتی: لە کۆتایی ساڵی 2023 و سەرەتای ساڵی 2024، ژمارەیەک ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە 17 شوێن لە کەرکووک تۆمارکراون، دواتر ئاگر لە بازاڕێکی میللیی دھۆک کەوتەوە، پاشان لە ھەولێر ئاگر لە چەند بازاڕێک کەوتەوە و ئەمەش ئاماژەیەک بوون کە تۆڕێکی مەترسیدار لە سووتاندنی ئەو بازاڕانە تێوەگلاوە.
باسی لەوەش کرد کە دوای بەداواچوون و لێکۆڵینەوەکان، تۆڕێکی مەترسیدار کە لە سێ کەس پێکھاتووە بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانی ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و بەغدا دەستگیرکران.
گوتیشی: دەستگیرکراوەکان کە سەربە پەکەکەن بازاڕەکانی قەیسەریی، لەنگە و بازاڕی نیشتمانی ھەولێر، بازاڕێکی میللی لە دھۆک و بازاڕی قەیسەریان لە کەرکووک سووتاندووە، ھەروەھا پلانییان ھەبووە لە وڵاتانی دیکەش بازاڕ بسووتێنن.
ئاشکراشی کرد: ئەو سێ تۆمەتبارە، پلانیان هەبووە کە ھێرش بکەنە سەر وێستگەکانی سووتەمەنی و کارەبا لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ھەروەھا پلانیان ھەبووە بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە کەرکووکەوە بۆ جیھان، بتەقێننەوە.
ھەروەھا گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەش کرد کە بەھۆی سووتاندنی ژمارەیەک بازاڕ لە ھەولێر، دھۆک، کەرکووک لەلایەن ئەو سێ تۆمەتبارەوە، زیانێکی زۆری ماددی بە کاسبکاران گەیاندووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لەمیانی لێکۆڵینەوەکاندا، سێ تۆمەتبارەکە دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکانیان ناوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەمبارەیەوە بەردەوامن.
لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ چەندین جار ئاگری گەورە لە ژمارەیەک بازاڕ لە ھەولێر، دھۆک و کەرکووک کەوتنەوە کە بەھۆیەوە دوکانێکی زۆر سووتان و زیانی زۆری ئابووریش بەر کاسبکاران کەوت و تا ئێستاش بەشێک لە بازاڕەکان بەهۆی سووتانەوە، لە ژێر نۆژەنکردنەوەدان.