خەبات: مامۆستا هیوا عەزیز پیرداود، لە دەرچووی پەیمانگە و کۆلیژی هونەرە جوانەکانی هەولێرە و ماستەری لە هونەری شێوەکاری هەیە لە وڵاتی بەریتانیا. ئێستا مامۆستای کۆلیژی هونەرە جوانەکانە لە زانکۆی سەڵاحەدین، هەر لەهەمان کۆلیژ خەریکی خوێندنی دکتۆرایە. لەدیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باس لە هونەری شێوەکاری و ئەزموونی خۆی لەم بوارەدا دەکات.
*چۆن بهشی شێوهكاریت ههڵبژارد؟
دروستبوونی کەسایەتی یان حەز و خولیای مرۆڤ لەو کەشە دەست پێدەکات کە لە تەمەنی منداڵییەوە تێیدا گەورە دەبێت، جا یان ئەوەتا دەبێتە دژی و وەک بەرچەکردار بەرامبەری دەوەستێت و ڕەتی دەکاتەوە، یان ئەوەتا بە پێچەوانەوە ئەو کەشە دەبێتە پاڵنەر بۆ بنیاتنانی دوارۆژی ئەو منداڵە. سەرەتای دروستبوونی خولیا و حەزی وێنەکێشانم بۆ ئەو کەشە هونەرییەی ماڵەوەمان دەگەڕێتەوە، یەکەم گەشتی هونەری ژیانم لە وێستگەکەی باوکمەوە دەستی پێکرد و لەگەڵ ئەو ئاشنای قەڵەم و فڵچە و ڕەنگ و هێڵ بووم، ئیتر دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی ڕووم کردە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان و هەر لەوێ لەگەڵ چەندین مامۆستای بە توانا پەرەی زیاترم بەو خولیایەم دا تا بتوانم تا ئێرە بەردەوام بم.
*لهسهر دیواری رێستۆرانت یاخود كافتریاكان دهبینن وێنهی جوان كێشراوه بۆمان باس بكه ئهمه چ جۆره كارێكه؟
دەشێ وەڵامی ئەو پرسیارە بکەم بە دوو دیووی هەم جیاواز و هەم هاوتا، یەکەمیان کارکردنم وەک شێوەکارێک بە گشتی لە هونەری هاوچەرخ و چەمکخوازی، دووەمیش کارکردن لەسەر داواکاری بۆ شوێنە بارزگانی و گشتی و تایبەتەکانیش، ئەوەی یەکەم هەوڵمداوە هەمیشە لەو دونیا تایبەتییەی خۆم دا بمێنم و ئەزموونەکەی تێکەڵی دیووی دووەم نەکەم، چونکە تۆ کە لەسەر داواکاری کارێکی هونەری دەکەیت واتا پابەندی بە کۆمەڵێک خاڵ کە خاوەنی داواکارییەکە دیاری دەکات و زیاتر لایەنە تەکنیکیەکەی بۆ شێوەکارەکە دەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم لایەنەش چێژ و جوانییەکی تایبەتی خۆی هەیە و داهێنانی مەزنی تێدا ئەنجام دەدرێت.
من هەڵم بۆ ڕەخسا تا ماستەر لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا بخوێنم، کە لە زۆر ڕووی ستایلی ژیان و هونەر و کولتوور بەر شتی تازە و ناوازە کەوتم ، یەکێک لەوانە وێنەکێشان بوو لە فەزای گشتی و کراوەدا، هەروەها ئەو تەکنیکە جۆراوجۆرانەی کە ڕۆژانە دەردەکەوتن لەو بوارە و چەندین هونەرمەند وەک شێوازی تایبەتی خۆیان لەو نێوەندە ئیش دەکەن.
دوای گەڕانەوەم ئیتر هەوڵمدا ئەو ئەزموونە لێرە پراکتیزە بکەم، لە ٢٠١٥ دەستم کرد بە کارکردن لە زۆربەی رێستۆرانت و ئۆفیسی بارزگانی و کافێ و تا دیواری شوێنە تایبەتییەکانی وەک ناوماڵ. ئیتر بەشێک لەو کەسانەی کاریان بۆ دەکەی ڕاوێژ لەگەڵ خۆم دەکەن لە هەڵبژاردنی جۆری تابلۆکە یان ئەو ڕەنگانەی تێدا بەکار دێت، بە پێجەوانەش هەیە خۆی بڕیار لەسەر هەموو ئەو شتانە دەدات کە دەیەوێت.
بە گشتی تابلۆی رێستورانت و کافێ و شوێنە گشتییەکان ئەو هونەرەیە کە لەسەر داواکاری ئەنجام دەدرێت.
*هونهری شێوهكاری له کوردستان له چ ئاستێك ئهبینیت؟ ههست ناكهیت ساڵ بهساڵ ژمارهی قوتابیانی كوڕ و كچ زیاتر دهبێت ههم له زانكۆ ههم له پهیمانگە ڕوو دەكهنه ئهم بهشه؟
لە باسی ئاستی هونەری شێوەکاری لە کوردستان دەبێت سەیری بارودۆخی گشتیی کۆمەڵگە بکەین، چونکە هونەر ئامرازێکە بۆ دەربڕین و پیشاندان بۆیە پێویستی بە بینەر هەیە، جا سەرەتا دەبێت پرسیاری بارودۆخی بینەری هونەر بکەین لە کوردستان کە لە چ ئاستێکە و تا چەند ئامادەیی بەدواداچوونی هەیە بۆ کار و چالاکی هونەری، دوای ئەوەش ئەو نمایش و پڕۆژە هونەریانە تا چەند لەو ئاستەن بینەر ڕاکێشن بۆ ناو هۆڵەکان و شوێنی نمایشەکان، وا بکەن کە بینەر تامەزرۆی نمایشی دیکە بێت.
هەر وەڵامی ئەو باسەی پێشتر دەتوانێت ببێتە دەروازە بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارەی باست کرد، ئەویش کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو قوتابیانەی ساڵانە دەیانەوێت لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی هونەرە جوانەکان بخوێنن، نەک تەنها لە هونەر بەڵکو لە زۆربەی بوارەکانی دیکەش ژمارەی قوتابیان کەمی کردووە کە دەشێ بەشێکی پەیوەندی بە ویستی بازاڕەوە هەبێت و بەشێکیش پەیوەندی بەو بارودۆخە سەخت و پڕ پاڵەپستۆیەی ژیانی خەڵکەوە بێت.
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە کۆلیژی هونەرە جوانەکانەوە بێت، بە پلەی یەکەم ژینگەی کۆلیژەکەیە، چونکە یەکێک لە کێشە بنەڕەتی و سەرەکییەکان نەبوونی تەلارێکی شایستە و مۆدێرنە بۆ کۆلیژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، کە بە بڕوای من ئەمە دەبێتە یەکێک لەو خاڵە نەرێنیانەی وا دەکات ساڵانە ڕێژەی قوتابی کەم بکاتەوە، من دڵنییام چارەسەرکردنی کێشەی جێگە لە کۆلیژی هونەرە جوانەکانی هەولێر ڕێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەری زۆر کێشەی دیکەی کۆلیژەکە، هەورەها دووبارە هەڵسانەوە و رێکخستنەوە بۆ بنیاتێکی باشتر و جوانتر، کە ئەو کات ئەمە دەبێتە پاڵنەر تا قوتابی حەز و خولیای لا درووست بێت بۆ خوێندن لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان.
*خاوهن چهند پێشهنگەی له ناوخۆ، هونهری شێوهكاریت نهبردۆته دهرهوهش تاكو لهوێشه كارهكانت ببین؟
تا ئێستا سێ نمایشی تایبەتیم کردووە، هەر لە سەردەمی خوێندن بەشداری گشت پێشانگەکان و فیستیڤاڵەکانی ساڵانەی کۆلیژ و پەیمانگە بووم، هەروەها لە دوو نمایشی هاوبەشی قوتابیانی ماستەر لە زانکۆی پۆرتسمۆسی بەریتانیا بەشدار بووم، جگە لەوەش لەگەڵ چەند شێوەکارێکی دیکە لە نمایشێک لە شاری پۆرتسمۆس بەشدار بووم، دوای ساڵی ٢٠١٥ بەشداری چەندین پێشانگە و نمایشی شێوەکاریم لە ناو کوردستان کردووە.
هەروەها لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکاریم بۆ نمایشی پڕۆژەیەکی تایبەتم کە بە ئومێدم بتوانم لە ئایندەیەکی نزیک تەواوی بکەم.
*جگە لە مامەڵە لەگەڵ فڵچە و کانڤاس تۆ له هونهری دیجیتالیش بەرهەمت هەیە، ئایا کارکردن لە دیجیتاڵ ئارت بۆ تۆ چی دەگەیەنێت و جیاوازی چییە لەگەڵ تەکنیکەکەی دیکە؟
گەشەی تەکنەلۆژیا دەرگەی کردەوە بۆ فراوان بوونی گشت کایە و بابەتەکانی مرۆڤایەتی، بێگومان هونەریش بێ بەری نییە لەو گۆڕانکاریانە بەڵکو لە زۆر وێستگە پشکی شێری بەردەکەوێ، وەک لە ناوەکەیەوە دیارە دیجیتاڵ ئاڕت واتا کارکردن و ئەنجامدانی کارێکی هونەری بە شێوەی دیجیتاڵ، کە ئەمەش ڕێرەوی زۆری دیکەی لێ دەبێتەوە و لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا ئەمیش خێرا گەشە دەکات و داهێنانی تازەی لێوە دەردەکەوێت.
ساڵی ٢٠٠٦ ئەو کات لە قۆناغی کۆتایی پەیمانگە بووم، توانیم کۆمپیتەرێکم لە ماڵەوە هەبێ و یەکەم پڕۆگرام کە کارم لەسەر کرد Adobe PhotoShop بوو تایبەت بە دەستکاری کردنی وێنە، دواتر دەستم بە کارکردن کرد لە یەکێک لە تاقیگەکانی فۆتۆگرافی لە هەولێر کە ئەمە بوو بە قۆناغێکی تازەی ژیانم، کە جگە لەوەی بۆ من کارکردن سەرچاوەی داهاتێک بوو لە پاڵ ئەوەش ئەزموونکردنی ماتڕیاڵێکی جیاواز بۆ دروزستکردنی کارێکی هونەری ئەویش پرۆگرامی کۆمپیوتەر بوو، بەردەوام بووم لە کاری فۆتۆشۆپ و فۆتۆگرافی تا ساڵی ٢٠١٢ کە بۆ خوێندن چوومە دەرەوەی وڵات.
دوای ئەوە لەگەڵ کامێرا دابڕام بەڵام فۆتۆشۆپ بوو بە هاوڕێی کاروانی هونەریم و تا ئەمڕۆش بۆتە یەکێک لەو کەرستانەی کە زۆر کاری هونەری پێ ئەنجام دەدەم و بەردەوامیش لە هەوڵی تاقیکردنەوەی تەکنیکی تازەی دیجیتاڵیم تا ئاوێتەی بکەم لەگەڵ کەرەستە نەریتییەکانی دیکەی هونەری و ببن بە سەرچاوە بۆ بەرهەمی تازەی هونەریم.
