ماڵباتی بارزان هێمای گیانفیدایی و نیشتمانپەروەرین

875

هاکار زراری- ئۆسلۆ

شێخ ئەحمەدی بارزان:
لە شۆڕش و خەبات و وڵاتپارێزیدا دەگمەنن ئەوانەی کە چەند نەوەیەک و لە هەرکام لە نەوە و جیلەکانیشیان هەر هەموو کەس و گەورە بچووکیان لە خزمەت دۆزی ڕەوای کورد و خاکی کوردستان و کوردایەتیی ڕاستەقینەدا بووبن، دەگمەنن ئەوانەی کە ژیانی چەند نەوەیەکیان لە پێناو کوردایەتی و لە خزمەت خاک و نیشتماندا سەرف بکەن و ژیانی ناو کۆشک و تەلاری خۆش و ئاسوودە بە ژیانی ناو ئەشکەفت و چیاکانی کوردستان بگۆڕنەوە، دەگمەنن ئەوانەی سفرە و خوانی ڕازاوە و خواردنی خۆش و بەتام دەگۆڕنەوە بە لەتە نانێکی وشکی ڕەقەوەبوو و قومە ئاوێکی کوێستان و ڕووبارەکانی کوردستان.

دەگمەنن ئەوانەی ژیانی خۆشی ناو تەلاری رازاوە لە ماڵ و منداڵەکانیان دەستێننەوە لە پێناو خزمەت بە گەل و نەتەوەکەیان و فەراهەمکردنی ژیانێکی خۆش بۆ گەلەکەیان، لەوانەیە هەر بە دەگمەن هەڵکەوێت کە نیشتمانپەروەر و سەرکردەیەکی ئازادیخواز و کوردپەروەر زیاد لە ١٢ ساڵ دەستوپێی لە زنجیردا بێت، بەڵام دیسانیش سەر بۆ دوژمن نەوی نەکات و نەچەمێ و لە بیروباوەڕی خۆی پەشیمان نەبێتەوە و تەسلیمی ئیرادەی جەلادەکان نەبێت، زۆر دەگمەنن ئەوانەی کە ژیانی ناو زیندان و کۆت و بەندی داگیرکەران تەحەمول دەکەن بەڵام ئامادە نین واز لە بیروباوەڕی خۆیان و ڕێبازی کوردایەتی بێنن و بەرانبەر دوژمن بێنە سەرچۆک و خۆیان لاواز پێشانی دوژمن بدەن.

ئەگەر ئێستا تاکە نموونەیەک لە ئازایەتی و فیداکاریی بنەماڵەی مەزنی شێخانی بارزان بێنینەوە، لەوانەیە مرۆڤ شۆک بکات و بڵێت ئەم بنەماڵە مەزنە لەوەتەی هەن هەر لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستاندا بوونە و ژیان و تەمەنیان هەر لە پێناو کوردایەتیدا بەڕێکردووە، بەڵام ماندوو نەبوون و هەرگیز نەیانگووت بەسە و هەرگیز ماندوو نەبوون لە خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیان، شێخ ئەحمەدی بارزانی یەکێکە لە نموونەکانی ئەو بنەماڵە تێکۆشەر و خۆڕاگر و نەبەزەی نەتەوەی کورد و گەلانی ئازادیخواز کە ١٢ ساڵ بەند و دەست و پێی لە کۆت و زنجیردا بووە، شێخ ئەحمەدی بارزانی کە بە نموونەی خۆڕاگری و نەبەزیی نەتەوەی کورد دەژمێردرێت لە ژێر سەخت ترین ئەشکەنجە و ئازار و کۆت و بەندی دوژمنان و داگیرکەرانیشدا نەک ناچەمێ و بەچۆکدا نایەت، بەڵکوو بە ئیرادەی بەهێز و بیروباوەڕی قورس و قایم و کوردانەی خۆی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان دەچەمێنێت و دەیانخاتە سەر چۆک.

داگیرکەران دوای ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازار و کۆت و بەندە داوای لێدەکەن کە تەنیا بە یەک وشە بڵێت عەفووم بکەن، ئەوە ئازادی دەکەن و لەو کۆت و بەندە نەجاتی دەبێت، بەڵام شێخ ئەحمەد دەڵێت “من هەرگیز داوای عەفوو لە دوژمنان ناکەم و ئەگەر پێویست بێ داوای عەفوو بکەم ئەوە داوای عەفوو لە خودای مەزن دەکەم نەک ئێوە! ئەگەر پێویست بکات داوای عەفوو بکەم ئەوە داوای عەفوو لە گەلەکەم دەکەم لەوەی نەکا بەوجۆرەی کە پێویستە خزمەتی گەل و خاک و وڵاتەکەم نەکردبێت”!

وەک هەموو کەس دەزانێت و ئاشکرایە کە دوای ١٢ ساڵ حەبس و زیندان و کۆت و بەند و زنجیر لە زینداندا، دوژمنان بەرانبەر بە ئیرادەی پۆڵایینی شێخ ئەحمەدی بارزانی بەچۆکدا دێن و شێخ ئەحمەدی بارزانییش سەربەرزانە دەگەڕێتەوە ناو گەلەکەی خۆی، هەزاران سڵاو لە بیروباوەڕ و گەورەیی شێخ ئەحمەدی بارزانی کە بە خۆڕاگریی خۆی مێژوویەکی سەربەرزانەی بۆ کورد و کوردستان و ڕێبازی کوردایەتی ڕاستەقینە تۆمارکرد.