خەبات: ئەحمەد تاریق:- نینا جەمال تاوەكو ئێستا خاوەن چەند بەرهەمێكی هونەرییە جگە لە بواری گۆرانیگوتن لە بواری ئەكتەرییش كاری كردووە، نینا جەمال لە دیمانەیەكی تایبەت بۆ خەبات گوتی: من لە دوو بورای جیاواز كاردەكەم، خانەوادەكەشم حەز دەكەن زیاتر لە بواری ئەكتەری دەربكەوم نەك گۆرانیگوتن.
*بۆچی خانەوادەكەت حەز دەكەن زیاتر لە بواری ئەكتەری دەركەویت؟
سوپاسی خانەوادەكەم دەکەم، بەردەوام پاڵپشت و هاوكارمن رێز لە داواكارییەكانیان دەگرن، بەڵام ئەوان حەز دەكەن وەكو ئەكتەر دەربكەوم لەفیلمە كوردییەكان خزمەتێك بكەم بە بواری ئەكتەری.
*تۆ دەڵێیت خانەوادەكەم حەز دەكەن زیاتر بە بواری ئەكتەری دەربكەوم تۆش وەكو ئەوان بواری ئەكتەریت خۆشتر دەوێت لە بواری گۆرانیبێژی؟
نەخێر من تەنها یەك حەز و خولیا و خۆشەویستیم بۆ یەك بوار نییە وا هەست دەكەم دوو منداڵم هەیە و پەروەردەیان دەكەم ئەوە تەنها رای خانەوادەكەم نییە، جەماوەریش لێم دەپرسن تۆ لە بواری ئەكتەری باشتری.
*لە كامە بواردا قازانج و ماددی باشترت دەست دەكەوێت؟
لە هیچیان شتێكی وام دەست ناكەوێت، چونكە دەبێت لە كوردستان بژیت و خەڵك بناسێت و پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان هەبێت، بۆیە تاوەكو ئێستا یەك دینارم لە كاری هونەری نەهاتۆتە گیرفان، ئەوەی كردوومە لە گیرفانی خۆم رۆشتووە بۆ هونەرەكەم هیچ كەسێكیش پشگیری نەكردووم تەنها ئاواتم كاری هونەری و بەرەو پێشچوونی هونەری كوردییە.
*ئەگەر ئەمجارە رۆڵێك هاتە پێشەوە بۆ رۆڵ بینین حەز دەكەیت رۆڵەكەت چیبێت؟
ڕۆڵی دایك و هەژاری، هەروەها رۆڵی ناعەدالەتی.
*تۆ لە ئوسترالیا دەژیت بۆ كاری هونەری ئەكتەری و هەر بوارێكی تری هونەری سەخت نییە؟
بەڵێ، هەر لەبەر ئەوەشە تاوەكو ئێستا نەمتوانیووە لە فیلمە كوردییەكان بەشداری بكەم، چونكەر پەیوەندیم نییە لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان، هەروەها لە كوردستانیش ناژیم لەبەر ئەوە كەمێك سەختە بۆمن.
*لە ئوسترالیا یاخود لە كوردستان كاری هونەری ئاسانتر بەرهەم دەهێنرێت؟
لە كوردستان ئاسانترە لەبەر ئەوەی لە ئوسترالیا كوردی كەمتر لێیە و ناشمەوێت بە ئینگلیزی گۆرانی بڵێم، دەمەوێت زیاتر بە زمانی خۆم گۆرانی بڵێم و هونەر و كلتوری خۆم نیشانی خەڵك بدەم.
*تۆ زۆرجار بۆ كاری هونەری سەردانی كوردستان دەكەیت هیچ جار غەدرت لێكراوە؟
بە دڵنیاییەوە ئەمجارە كە بۆ كاری هونەری گەڕامەوە لە ستۆدیۆیەك كارەكانمان ئەنجام دەدا نامەوێت ناوەكەی بڵێم، دوو دەفتەر دۆلاری لێخواردم ئێستاش پارەكەم وەرنەگرتۆتەوە.
*تۆ ئەوەندە كارەكەت خۆش دەوێت ئەوا غەدرت لێدەكرێت ساردت ناكاتەوە لە كارەكەت؟
بێگوومان كە دەبینم ئەو غەدرلێكردنە هەیە زۆر ساردم دەكاتەوە ،چونكە بە ئاسانی پارەناكەوێتە دەستمان بە ماندوو بونێكی زۆر و كاركردن تاوەكو پارەی بەرهەمێك پەیدا دەكەین، دواتر بە ئاسانی لێمان دەخۆن و حەز بە شكستی یەكتر دەكەین.
*یانی ئەو قسەی تۆ لێی دەكەیت لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان ئاسووده نیت بۆ كاركردن؟
بەحوكمی ئەوەی لە وڵاتی ئوستورالیا دەژیم و لەوێ كاری هونەریم كردووە بۆیە دەتوانم بڵێم لەگەڵ هونەرمەندانی ئوسترالیا زۆر ئاسوودهترم، زۆر بە پرۆفیشناڵ پشگیری یەكترن دەكەن.
*ئەی لە عیشق بێوەفایت بەرامبەر كراوە؟
بەڵێ زۆریش.
*لایەنی پەیوەنددار هاوكاری كردوویت؟
نەخێر، تا ئێستا هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووم، هیچ كاتێكیش هەوڵی ئەوەم نەداوە كە هاوكاری بكرێم لەبەر ئەوەی ترساوم داوای هاوكاری بكەم.
*زۆر بە هەست و سۆزەوە گۆرانی دەڵێیت هۆكار چییە؟
دەمەوێت بە هەست و سۆزەوە دەركەوم لە كلیپەكان، چونكە كورد تاوەكو ئێستا هەر بە ناخۆشی ژیاوە و ناخۆشی زۆر بەرامبەر كراوە بۆیە بەسەر خۆشم و خەڵكەكە هاتووە، بۆیە بە هەست و سۆزەوە پەیامەكەم دەگەینهم.
*لەنێوان كارە هونەرییەكانت كام كاری هونەری خۆتت خۆش دەوێت؟
هەموویانم خۆش دەوێت بەڵام گۆرانی دوو باڵندەم زۆرم خۆش دەوێت و شیعر و ئاوازی خۆمە و لەلایەن جەماوەرەوە زۆر دەسخۆشی لێكرا.
*ئەوكەسەی تۆ هاوسەرگیری لەگەڵ دەكەیت دەبێت چۆن بێت؟
دەمەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك بكەم عاشقی بم و هونەرمەند بێت لەمن تێبگات و هاوكارم بێت رێگر نەبێت لەكاری هونەریم پاڵپشت و هاوكارم بێت، بۆیە حەز دەكەم هونەرمەند بێت.
*بەنیازنیت بەیەكجاری بگەڕێیتەوە كوردستان؟
زۆر حەز دەكەم بەیەكجاری بگەڕێمەوە كوردستان.