سهرهتا وتار دوای شەڕی ئۆكراینا و غەزە ..جیهان بەرەو چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێ؟
فەرمان محەمەد
لە ڕووی جوگرافییەوە، چەندین ململانێ دەبینین، كە لە یەكەم نیگادا، پێدەچێت ناوچەیی بن، بەڵام هەموویان بەیەكەوە گرێ دراون و لەلایەن هەمان ئەو وڵاتانەوە، كە بە درێژایی مێژوو بەشدارن لەم پرۆسانەدا بەڕێوە دەبردرێن. بۆیە پێمانوایە ئێستا زۆر بەخێرایی لە شەڕێكی جیهانیی نزیك دەبینەوە، جەنگە جیهانییەكانیش بە پانتایی فراوانی خۆیان و بە ژمارەی زۆریی وڵاتانی بەشداربوو پێناسە دەكرێن. بۆیە ئەگەر هەیە شەڕی ئیسڕائیل و حەماس تەشەنە بكات یان لێكەوتەكانی ببێتە ململانێیەكی ناوچەیی و لە شەڕی ئۆكراینا فراوانتر بێت، هاوكاتیش وڵاتگەلی تر ڕابكێشێتە ناو یارییە ئاڵۆزەكەیەوە. ئەم ڕووداوە ترسناكە ئاماژەیە بۆ شەڕێك كە ئەندازە و مەترسییەكەی جیاوازە لە زۆربەی خوولەكانی پێشووتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژیی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپادا.
ململانێی نێودەوڵەتی
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 78 ساڵ بەسەر كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان، ئایا ئێمە لە لێواری جەنگێكی جیهانی تردا خۆمان دەبینینەوە؟ بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستا و چۆنیەتیی بەراوردكردنی لەگەڵ شەڕەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم، ئێستا ئێمە چەند هەنگاوێك لە جەنگی سێیەمی جیهانیی نزیكتر بووینەتەوە. كەواتە ئێستا ئێمە شتێكمان هەیە، كە دەتواندرێت بە ململانێیەكی نێودەوڵەتیی هەژمار بكرێت. هەردووك جەنگە جیهانییەكە لە ڕاستیدا بە ململانێی ناوخۆیی لەنێوان زلهێزە ناوچەیییەكان و زلهێزە بچووكەكاندا هەڵگیرسان. جەنگی یەكەمی جیهانیی بەهۆی شەڕێكی نێوان سربیا و ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستانەوە دەستی پێكرد، كە دواتر وڵاتانی دیكەی بۆ نێو جەنگەكە ڕاكێشا. جەنگی دووەمی جیهانیش كاتێك هەڵگیرسا، كە ئەڵمانیا پۆڵەندای داگیركرد و وڵاتانی دیكە هاتنە ناو بەرەی بەرگریكردن لە پۆڵەندا. ئاخۆ ئەمانە بۆ دۆخی ئێستا چی دەگەیەنن؟
ئایا جیهان لە لێواری جەنگی سێیەمی جیهانی دایە؟
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و پەرەسەندنی ململانێكان لەنێوان چین و تایوان، ڕووسیا و ئۆكراینا، لیبیا، سووریا و ئێران وایكردووە، كە جیهان بیر لە نزیكبوونەوەی جەنگێكی جیهانیی بكاتەوە، چونكە میزاجی شەڕ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا زاڵە، بۆیە جیهان ترسی ئەوەی هەیە، كە ئێمە لە لێواری جەنگی سێیەمی جیهانییدا بگیرسێینەوە. ڕووداوەكانی ڕۆژانی ڕابوردوو لە ئیسڕائیل سەلماندوویانە كە جیهان لە بابەتی ئاساییش و دادپەروەریی نێودەوڵەتیدا یەكگرتوو نییە و درزی گەورەی بردووە.
بەرەو دەستپێكی قۆناغێكی ئاڵۆز
ناسەقامگیریی جیهانیی لە دوای پەتای كۆڤید-19وە، شەڕی ئۆكراینا و ئێستاش شەڕی ئیسرائیل و حەماس، كە مەترسی ڕاكێشانی دەوڵەتانی دیكەی لەسەرە، بەرەو هەڵكشانە، كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵومەرجێك كە دەتوانێت شەڕێكی جیهانیی و گشتگیر بەدوای خۆیدا بهێنێت.بەگشتیی نەزمی نێودەوڵەتیی بەرەو داڕمان دەڕوات و ئاژاوەگێڕیی جێگەی ئاساییشی گرتووەتەوە. لەداهاتوویەكی نزیكدا گۆڕان، پێشهاتی گەورە و زیاتر دەبینین. ئەوەی ئێستا لە ئیسڕائیل و فەلەستین ڕوودەدات، بەشێكە لەمە و ئەگەر سیستەمەكە بە ڕێكوپێكی بنیات نەنێینەوە، ئەوە خراپتر و خراپتر دەبێت و بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، دەكرێت ببێتە هۆی جەنگی سێیەمی جیهانیی. بەو جۆرە چەك و تەكنەلۆژیایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە، دەتوانێت ببێتە هۆی قڕكردنی خودی مرۆڤایەتیی.
رێڕەوی ئاڵۆزی ململانێكان بەرەو كوێن؟
هێرشە بێوێنەیییەكەی حەماس لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، ئۆپەراسیۆنێك بوو بە قەبارە و خێرایییەكی سەرسووڕهێنەر، لە دیمەنەكانی فیلمێك دەچوو كە ئاساییشی سنووری ئیسڕائیلی شكاند و هێرشی كردە سەر شار و شارۆچكەكانی ئیسڕائیل، كاریگەریی و لێكەوتەكانی چەندین دەیە و بۆ هەموو جیهان بەلەبیر نەكراویی دەمێنێتەوە.بۆیە ئێمە گەواهیدەری خاڵی وەرچەرخانێكی قووڵین لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، بەو پێیەی توانای تەقینەوەی بۆ شەڕێكی فراوانتر و وێرانكارتر هەیە، كە نەك تەنیا وڵاتانی دراوسێی وەك سووریا، لوبنان، ئێران و ئووردەن ڕادەكێشێت، بەڵكوو ئەمەریكا، ناتۆ و بلۆكی دژبەریشیان. ئەوەتا ئەمەریكا كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ڕەوانەی ناوچەكە كردووە و تەقەمەنیشی بۆ ئیسڕائیل ناردووە و ڕێگەی بە ملیاران دۆلار هاوكاریی نوێ داوە بۆ ئیسڕائیل. هاوكاتیش «بلینكن» گەشت بۆ ئووردەن، سعوودیە، قەتەر، ئیماڕات، میسر و وڵاتانی سەرەكیی عەرەبیی لە ناوچەكەدا دەكات، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە ئەمەریكا پلانی بۆ ململانێیەكی درێژخایەن هەیە.بەپشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی كە هێشتا شەڕی ئۆكراینا بەردەوامە، ناتۆ كڵێشەی «ئێمە لەگەڵ ئیسڕائیلین»ی وەرگرتووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە فەرەنسا و بەریتانیاش بێدەنگ نین و هاوكار و پاڵپشتی ئیسڕائیلن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئەورووپا خۆی ئامادە دەكات بۆ بەشداریی ململانێیەكە.
فرەڕەهەندیی ململانێكان
ئەگەری ئەوەی كە ململانێكانی ئێستا ببنە هۆی پێكدادانی ڕاستەوخۆی سەربازیی؛ كە دواجار دەرگەی جەنگی سێیەمی جیهانیی بكاتەوە، پێشبینیكراون، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل و عەرەبەكان یان ئێران تاكە ململانێی نێودەوڵەتی نییە، كە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی جیهان لە لێواری جەنگی سێیەمی جیهانییدایە. چونكە ئێستا چەندین ململانێی جددی لە جیهاندا هەن و بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ:
حەماس، فەڵەستین، حزبوڵڵا – ئیسڕائیل
شەڕی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین بەهۆی ململانێیەكی درێژخایەنەوەیە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا، بەڵام ئەمڕۆ وڵاتانی دیكە ئەم ململانێیە پەرەپێدەدەن. لە هەر كاتێكدا ئەگەری بەریەكەوتن و فراوانبونی جەنگ پێشبینی كراوە.
ئۆكراینا و ڕووسیا
هەروەها هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆكراینا ڕەگ و ڕیشەی چەندین ساڵەی هەیە و ئەمڕۆ مەترسیی لەسەر هەموو ئەورووپا درووستكردووە، بۆیە حكوومەتی ئۆكراینا داوا لە وڵاتانی ڕۆژاوا دەكات كە وریا بن، چونكە ئۆكراینا «تاكە بەربەستە» بۆ ڕووسیا كە ئەو وڵاتە دەستدرێژكارە، لە هێرشكردنە سەر دەوڵەتانی باڵتیك ڕادەگرێت.هەروەها گرینگە ئاماژە بەوە بدەین، كە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا هەوڵێكە بۆ گۆڕینی سنوور بە زەبری هێز، ئەمەش بووەتە پێشینەیەكی مەترسیدار بۆ هەموو جیهان، بەو پێیەی ڕەنگە وڵاتانی دیكەش بەدوایدا بگەڕێن.
چین – ئەمەریكا و تایوان
جیهان خوولێكی نوێی ئەم ململانێیەی بەخۆیەوە بینیووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ كاتێك «نانسی پیلۆس»ی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بڕیاریدا سەردانی ئەو دوورگەیە بكات -تایوان-. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی گۆڕان لە ستراتیژیی سەربازیی چین درووست بكات، كە بووە هۆی ئەوەی، بودجەی سەربازیی خۆی بە ڕێژەی 7.5% بەرز بكاتەوە، ئەمەش پێی دەگوترێت ڕاكێشانی وڵاتان بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان بە هێزی سەربازیی، كە جێگەی دیبلۆماسییەت و ڕێكەوتننامەكان دەگرێتەوە.دیارە قەیرانی ئەمنیی جیهانیی، زۆر پێش لەشكركێشیی ڕووسیا سەریهەڵداوە. هۆكاری زۆر لە ڕووداوەكانی سەتەی بیست و یەك بووە، كە لە نێویاندا هۆكارە دارایییەكان ڕۆڵی سەرەكییان هەبووە، بەڵام شەڕی تەواو لە ئۆكراینا و هێرشی چەكداریی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەم دۆخەی خراپتر و خێراتر كردووە. جگە لەوەش شێوازە تاكڕەوەكانی حوكمڕانیی لە جیهاندا جەماوەر پەیدا دەكات و دەستەڵاتیش كەوتووەتە دەستی ئەو كەسانەی كە ئامانجیان چارەسەركردنی كێشەكانە بە هێزی سەربازیی. پێشبینیی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو شەڕانە، كە پێی دەگوترێت شەڕی بەوەكالەت، كاتێك وڵاتە زەبەلاحەكان لەسەر دەستی وڵاتانی بچووك و دواكەوتووەوە لە پێناو بەرژەوەندییەكانیان دەجەنگن، وادەكات كە زۆربەی شارەزایانی نێودەوڵەتیی هاوڕابن لەسەر ئەوەی كە فەزای جیهانیی ڕێگە خۆشكەرە بۆ هەڵگیرسانی جەنگی سێیەم، كە لێكەوتەكانی قەرەبوو ناكرێنەوە.
ئێستا مەحاڵە بڵێین چاوەڕوانی چ پێشهاتێكی دیاریكراوین تا ئامادەكاریی بۆ بكەین. بەڵام ئەوەی كە جیهان لە گۆڕاندایە، ئاشكرا و ڕوونە ڕووەو جەنگێكی وێرانكەر و دەرەنجامێكی نادیارە.