ئەمڕۆ سێشەممە 25/6/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەت بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چاودێریی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد، پاشان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکوومەت لە بواری گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و “خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.”

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: “کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیا بن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن، ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبووڵ کردووە بەس لە ئاستی پێویستی ئێمەدا نەبووە.”

مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات، “بە هاوکاریی کەرتی تایبەتیش، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.”

سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی 21 ملیار و 276 ملیۆن و 835 هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.